هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادی کردووە و گرووپە چەکدارەکانیش مەرجیان هەیە
- ڕاپۆرت
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
دیمەنی چەکدارانی حیزبوڵلای عێراق. وێنە - AFP
ئاڤا نیوز
سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لە عێراق، چ بە تێکەڵکردن یان هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵام سەرکردەی ئەو گرووپە چەکدارانە ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن.
وێنە گەورەکە: ترس لە سەپاندنی سزا بەسەر عێراق لەلایەن ئیدارەی نوێی ئەمریکاوە حکومەت و گرووپە چەکدارەکانی ناچار بە دانوستان کردووە، بەڵام هیچ لایەکیش ئامادەی سازشکردن نین بۆ یەکتر.
زانیاریی بەدەستهاتوو: بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ "ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست" کردووە، ناکۆکیی قووڵی نێوان سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان و حکومەتی عێراق بەردەوامەو تاوەکو ئێستا نەگەیشتوون بە ڕێککەوتن.
"مەرجمان هەیە بۆ دانانی چەک"
سەرکردەیەکی بزووتنەوەی نوجەبا کە قسەی بۆ "ڕۆژنامەی عەرەبی پۆست" کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن مەگەر بە فەرمانی ڕاستەوخۆ و ئاشکرای مەرجەعی ئایینی (عەلی سیستانی) نەبێت".
فەرماندەیەکی دیکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقیش ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی چەکەکانیان دانەنێن تاوەکو مەرجەکانیان قبووڵ نەکرێت. بێ ئەوەی هیچ وردەکاریەک لەبارەی ئەو مەرجانە بخاتەڕوو، بەڵام سەرچاوەیەکی دیکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو مەرجانە پەیوەندی بە پۆستە باڵاکانی حەشدی شەعبی لە نێویشیاندا سەرۆکایەتی حەشدی شەعبییەوە هەیە.
بەگوێرەی سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی، سەرکردەکانی سێ باڵەکەی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە بریتین لە (کەتیبەکانی سەید شوهەدا، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا) ڕازی بوون بە دانوستان لەگەڵ حکومەتی عێراق، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ئابووری و سەپاندنی سزا بەسەر بەغدا.
"هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادیکردووە"
لای خۆیەوە سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند: "لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا هەڕەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ سەر عێراق زیادیکردووە، لەیەکەم خولی سەرۆکایەتییدا پەیوەندییەکانی بەغدا لەگەڵ واشنتن زۆر خراپ بوو، بە تیرۆرکردنی ئەبو مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی لە بەغدا کۆتایی هات و لەخولی دووەمیدا هەمووان لەعێراق ترسیان لەوە هەیە ترەمپ بەهەمان شێوە ڕێوشوێنی تووند بەرامبەر حکومەتی عێراق بگرێتەبەر.
سەرچاوه سیاسییەکانی عێراق له چوارچێوەی هەماهەنگی و حکومەتی عێراق ئەوەیان بە ڕۆژنامەکە ڕاگەیاندووه لە دانوستانەکانی نێوان حکومەت و چوارچێوەی هەماهەنگی و سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک له ئێران له عێراق، تا ئێستا گەیشتوونەتە دوو بژارده بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گرووپە چەکدارەکان.
"گرووپە چەکدارەکان داوای پۆستی گرنگ دەکەن"
بەرپرسێکی حکومەتی عێراقی ئاگادار لەو بابەتە بە عەرەبی پۆستی ڕاگەیاندووە "ئێستا دانوستانەکان زۆر قورسن، چونکە لایەنەکان پێداگرن لەسەر دانەنانی چەکەکانیان و لە بەرامبەردا داوای چەندین پۆستی گرنگ دەکەن کە زۆربەی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی پێی ڕازی نین."
گوتیشی "سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان داوایان کردووە ببنە گرووپی سیاسی و پۆستی گرنگ و هەستیار لەناو حکومەتدا بەدەست بهێنن کە زۆربەیان پەیوەندییان بە دەزگا ئەمنییەکان و دژە تیرۆرەوە هەیە و بەدیهێنانی ئەو داواکارییانە زۆر زەحمەتە، چونکە ئەو پۆستانە بەسەر پارتە سیاسییەکانی ئێستادا دابەش کراون.
سەرچاوەیەکی سیاسی نزیک لە نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق و سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە عەرەبی پۆستی ڕاگەیاند: "هەندێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژایەتی داواکاری سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان دەکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی گرنگ لەناو حکومەتدا.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، بژاردەی دووەم کە لە دانوستانەکانی نێوان حکومەت و سەرکردەی گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق خراوەتە ڕوو، بریتییە لە "ڕێککەوتنی ئەو گرووپانە لەسەر تێکەڵبوون بە حەشدی شەعبی و پەیڕەوکردنی ڕێبازی حەشدی شەعبی لە دەستوەرنەدان لە کاروباری هەرێمی".
"سوودانی تێکەڵکردنەوەی گرووپە چەکدارەکان بە سەرەتایەک بۆ تێکەڵکردنەوەی حەشد بە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ دەزانێت"
لای خۆیەوە سەرچاوەکەی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند "ئەم پێشنیازە لەلایەن سوودانی و سەرکردەکانی چوارچێوەکەوە پشتگیری و پشتیوانی زۆری لێدەکرێت، بەڵام سوودانی ئەم بژاردەیە بە هەنگاوێکی سەرەتایی دەزانێت بۆ تێکەڵکردنی هەموو لایەنەکانی ناوەوە و دەرەوەی حەشدی شەعبی لە دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەت وەک وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ."
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، "سەرکردەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەم پێشنیازەیان ڕەتکردووەتەوە کە پۆستی گرنگی نێو دەستەی حەشدی شەعبی لەخۆ ناگرێت، هاوکات شێوەی ئێستای حەشدی شەعبی هێشتووەتەوە بەبێ ئەوەی تێکەڵ بە هێزە چەکدارەکانی عێراق بکرێت."
بە گوتەی ئەو بەرپرسە حکومییە "سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکان داوایان کردووە کە ئەم بژاردەیە دوا چارەسەر بێت، بەڵام چەندین مەرجیان داناوە بۆ قبووڵکردنی ئەم ڕێبازە وەک کێشەی تەکنیکی لە دابەشکردنی چەکدارەکانیان لەناو لیوا و یەکەکانی حەشدی شەعبی و بودجەی حەشدی شەعبی و دووبارە داڕشتنەوەی و بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکی حەشدی شەعبی".
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان تا ئێستا نەگەیشتوونەتە چارەسەرێکی کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە پرسی گرووپە چەکدارەکان له دانوستانەکانی نێوان ئەوان و حکومەتی عێراقدا.
"عێراق دەیەوێت خۆی لە هەر سزایەک لە لایەن ترەمپەوە بپارێزێت"
بە گوتەی سەرکردەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی "قەیرانی گرووپە چەکدارەکان بە شەو و ڕۆژێک چارەسەر ناکرێت، چونکە کێشەکە زۆر ئاڵۆزە و حکومەتی عێراق نایەوێت لەگەڵ ئەو لایەنانە ململانێ بکات، بەڵام بەلایەنی کەمەوە دەیەوێت بارودۆخەکە هێور بکاتەوە بۆ ئەوەی خۆی لە هەر سزایەک لە لایەن ترەمپەوە بپارێزێت."
جگە لەقەیرانی گرووپە چەکدارەکان کە تا ئێستا نەگەیشتوون بە چارەسەرێک، قەیرانی سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی سەریهەڵدا.
سەرچاوە عێراقییە ئاگادارەکان بە عەرەبی پۆستیان ڕاگەیاندووە کە لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکاندا هەوڵ هەیە سەرۆکی حەشدی شەعبی فالح فەیاز بگۆڕدرێت کە ماوەی 10 ساڵە سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییە.
سەرچاوەیەکی سیاسی لە چوارچێوەی هەماهەنگی، نوری مالیکی بەوە تۆمەتبار دەکات کە بە تووندی لە پشت ئەم هەوڵانەوە بووە. چونکە تووڕەیە لە هەوڵەکانی فەیاز بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی بۆ پشتیوانی لە سەرۆکوەزیرانی ئێستا محەممەد شیاع سوودانی.
"چوارچێوەی هەماهەنگی لە هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دژی بەغدا نیگەرانە"
محەمەد زولفیقار، شیکەرەوەی سیاسی بە عەرەبی پۆستی ڕاگەیاند "بە ئاشکرا تیمی پشتیوانی لە ڕووخانی فالح فەیاز دەڵێت ئەم گۆڕانکارییە وەڵامی فشارەکانی ئەمریکایە کە داوای دووبارە پێکهێنانەوەی حەشدی شەعبی دەکات، سەرەڕای تێپەڕاندنی تەمەنی یاسایی فەیاز بەڵام لە ڕاستیدا ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی یەکلاکردنەوەی حسابی سیاسیدایە."
توێژەری سیاسی عێراقی، حەیدەر موسەوی باسی لە هەنگاوەکانی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد بۆ گۆڕینی ژمارەیەک لە سەرۆکی دامەزراوەکانی حکومەت لەوانە حەشدی شەعبی و بە عەرەبی پۆستی ڕاگەیاند "چوارچێوەی هەماهەنگی زۆر نیگەرانە لە هەنگاوەکانی ئیدارەی ترەمپ لە دژی بەغدا، چونکە ئەمە بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە و ئەوان بەرەو هەڵبژاردنی گرنگی پەرلەمان دەچن لە کۆتایی ئەمساڵدا."
"چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵی دوورکەوتنەوە لە ئێران دەدات"
موسەوی وتیشی: "چوارچێوەی هەماهەنگی هەوڵ دەدات هەنگاو بنێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ئێران، لە هەوڵێکدا بۆ سوود وەرگرتن لە وانەی سووریا و ئەوەی بەسەر حیزبوڵڵا هات لە لوبنان، بە سوودوەرگرتن لەو ساتە لاوازەی کە تاران پێیدا تێدەپەڕێت."
گوتیشی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی قەیرانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بە کاتێکی گونجاو دەزانن بۆ ڕزگاربوون لە کاریگەری ئەم لایەنانە لەسەر ژیانی سیاسی بە هێزی چەک"
"مالیکی و خەزعەلی شەڕ لەسەر سەرۆکایەتیی دەستی حەشدی شەعبی دەکەن"
سەبارەت بە چارەنووسی فالح فەیاز، موسەوی پێشبینی کرد ئەگەر دەست لەکارکێشانەوەی پێشکەش نەکات لەسەر کارلابردنی فەیاز تەواو دەبێت و گوتی "سەرکردەکانی چوارچێوەکە بڕیارەکەیان داوە و سوورن لەسەر جێبەجێکردنی، بەڵام ئەمە دەرگا دەکاتەوە بۆ ململانێ لەسەر پێگەی فەیاز لە نێوان لایەنە چەکدارەکاندا، بۆیە هێشتا ئەم بڕیارە جێبەجێ نەکراوە".
گوتیشی "خەزعەلی ماوەیەکە داوای پۆستی سەرۆکی حەشدی شەعبی دەکات، لەکاتێکدا مالیکی هەوڵ دەدات عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵڵا وەک کاندیدێک بۆ ئەو پۆستە بسەپێنێت، لای خۆشییەوە ئەبو فەدەک شەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەکات."
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- عێراق
- 22 خولەک لەمەوپێش
عێراق بۆ وەرگرتنی سكۆلەرشیپ ڕێنمایی نوێ بە هەرێمی كوردستان دەدات
- ژینگە
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
دوو گوندی بەردەڕەش موەلیدە هەڵدەگرن و كارەبا لە وزەی خۆر وەردەگرن
- هەواڵ
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بەفربارین هاتووچۆی لە مەرزی کێلێ پەکخستووە
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە فەرمی بانگهێشتی ڕووسیا دەکرێت
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
شەڕێکی سەخت لە نێوان هەسەدە و گرووپە چەکدارەکان لە حەسەکە ڕوودەدات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
ئاڤا بەهدینان باشترین میدیای دەڤەرەکەیە
3 شوبات
كارمەندانی تەندروستیی شەقڵاوە ڕێژەی 50%ـی دەرماڵەی مەترسییان لێ بڕاوە
3 شوبات
خانوویەک بەهەموو کەلوپەلەکانیەوە بۆ بەخشراوێکی سۆران دابین دەکرێت
3 شوبات
لە ماوەی کابینەی نۆیەمدا ڕێژەی سەوزایی هەرێمی کوردستان لە 15% گەیێندراوەتە 18%
3 شوبات
ههمواری یاسای بودجه، كوا ڕۆڵی كورده دۆستهكانی بهغدا له پهرلهمانی عێراق؟
2 شوبات
- ڕاپۆرت
- 20 کاتژمێر لەمەوپێش
ئاڤا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی پارتی و یەکێتی ئاشکرا دەکات