سوودەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت؛ پێگەی کوردستان چەند بەهێز دەکاتەوە؟

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز


دوای گفتوگۆیەکی زۆر و چەندینجار دواخستن، پەرلەمانی عێراق ڕۆژی 2-2-2024 هەمواری یاسای بودجەی پەسەند کرد، کە بڕگەیەکی پەیوەست بوو  بە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان و تێچووی گواستنەوە و دەرهێنانی نەوت.


شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: " ئیتر هیچ بیانوویەک لەبەردەم هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و ڕێگری یاسایی نەما".

چارەسەرکردنی گرفتی کۆمپانیاکان


زیاتر لە 22 مانگە هەناردەی نەوتی کوردستان ڕاگیراوە، بەمەش زیاتر لە 25 ملیار دۆلار زیان بەر هەرێمی کوردستان کەوتووە. گرفتێکی سەرەکی هەبوو، ئەویش تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوت بوو، حکومەتی عێراق دەیوت بۆ هەر بەرمیلێک 6 دۆلار بە کۆمپانیاکان دەدات، بەڵام ئێستا بۆ 16 دۆلار زیاد کراوە.

ئەگەر لە هەر کێڵگەیەکیش تێچووی دەرهێنان یان گواستنەوەی نەوت زیاتر بوو، حکومەتی عێراق لە کۆتایی ساڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبوو دەکاتەوە. بەمەش ئیتر ماف و شایستەی دارایی کۆمپانیاکانی نەوت  بەغدا دەیدات و ئەم سەرئێشیەیە لەکۆڵ حکومەتی کوردستان دەبێتەوە، بەم هەنگاوەش کۆمپانیاکان دەبووژێنەوە.

کەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە؟

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق بۆ ئاڤا نیوز دەڵێت:

-  10 بۆ 15 ڕۆژی پێویستە بۆ ئەوەی هەمواری یاساکە بکەوێتە جێبەجێکردنەوە.

- هەندێک ڕێکاری تەکنیکی پێویستە لە نێوان وەزارەتەکانی نەوت و سامانە سرووشتییەکان و تورکیا.

بەکۆی گشتیش نزیکەی 60 ڕۆژی دەوێت تا هەموو ڕێکارەکان تەواو دەکرێن و دەستپێدەکاتەوە. 

هەناردەکردنەوەی نەوت سوودی چییە؟

٠ سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ گەلی کوردستان و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دەبێت لە گفتوگۆکانی نێوان هەولێر  و بەغدا، ئیتر لەمەودوا سۆمۆ نەوتی کوردستان دەفرۆشێت و پاساوی حکومەتی فیدڕاڵیش بۆ ڕادەست نەکردنی نەوت نامێنێت.

٠ کاریگەری باشی دەبێت لەسەر مووچەی فەرمانبەران و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، ئیتر حکومەتی عێراق بیانووی بۆ نەناردن یان دواخستنی نامێنێت. پێشتر دەنگێک هەبوو لە بەغدا دەیانگوت مادام هەرێمی کوردستان لە داهات بەشدار نییە، ئیتر بۆ پارەیان بۆ بنێرین، بەڵام لەمەودوا هەرێمی کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی دەفرۆشێت.  

٠ ئەگەر یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت، دەبێت حکومەتی عێراق ئەمساڵ بودجەی پارێزگاکان و پەرەپێدان و سەرجەم شایستەکان بۆ کوردستان بنێرێت.

٠ پشکی کوردستان لە بودجەدەخرێتە سەر هەژمارێک لە بانکی ناوەندیی عێراق، دەسەڵاتی خەرجکردنیشی لەدەست سەرۆکوەزیرانی کوردستان دەبێت یان کەسێک کە ئەو ڕایبسپێرێت.

٠ هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بازاڕی نەوتی جیهانیش گرنگە، هەرێمی کوردستان دەخاتەوە سەر نەخشەی ئۆپیک.

٠ لەمەودوا نرخی نەوت لە بازاڕەکان چەند بێت بەوەندە دەفرۆشرێت، پێشتر وڵاتان و کۆمپانیاکان بە 10 دۆلار هەرزانتر نەوتی کوردستانیان دەکڕی. 

٠ بۆری نەوتی کوردستان دەکەوێتەوە کار و دەرگایەکی گەورە بەسەر کوردستان دەکرێتەوە.

٠ نەوتی کەرکووک هەر بەم بۆرییە هەناردە دەکرێت، کە کۆمپانیای بی پی بەریتانی لەمەودوا لە کێڵگەکانی کەرکووک و دەوروبەری کار دەکات.

٠ بۆ تورکیاش گرنگە کە پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، چونکە کرێی گواستنەوەی نەوت وەردەگرێت هی بۆری نەوتی کوردستان - جەیهان.

٠ پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکاتەوە، کوردستان کارتێکی بەهێزی دەبێت، ئەگەر بەغدا مووچە نەنێرێت ئەویش کارتێکی بەدەستەوە دەبێت بەکاری بهێنێت، کارتەکەش گرتنەوەی بۆری و ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک دەبێت، چونکە بۆرییەکە لەدەست خۆیەتی.

٠ کۆمپانیا گەورەکانی جیهان چاویان دەکەوێتەوە سەر کوردستان، چەندین کۆمپانیا ئەوانەی لە بواری خزمەتگوزاری نەوت و سکیوریتی کار دەکەن دەکەونەوە کار، بەمەش سەدان و هەزاران هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان دەڕەخسێت.

٠ سەلمێنرا دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت یاسایی و دەستوورین، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام بەغدا ئەمەی پێ قبوڵ نەبوو، دەیانگوت نادەستووری و نایاسایین. خۆیان یاسایان بۆ دەرکرد، جگە لەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئێستا دادگای تێهەڵچوونەوەی عێراق بڕیارێکی دەرکرد و سەلماندی کە گرێبەستەکانی حکومەتی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت کێشەیان نییە و یاسایین.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ