شرۆڤەکارێک: چانسی سەرکەوتنی دانوستانی ئەمریکا و ئێران پەنجا بە پەنجایە

شەیری بکە لە:
شرۆڤەکارێک: چانسی سەرکەوتنی دانوستانی ئەمریکا و ئێران پەنجا بە پەنجایە

ئاڵای ئێران - ئاڵای ئەمریکا

ئاڤا نیوز

براین کاتۆلیس، شرۆڤەکاری پەیمانگی ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست لە ئەمریکا بە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی وتووە، چانسی سەرکەوتنی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پەنجا بە پەنجایە.

پێدراوە ڕاستەکان: بەپێی شرۆڤەکانی کاتۆلیس، یان ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئێران، یان ترەمپ وەکو چۆن سەردانی کۆریای باشووری کرد و لەسەر سنوور لەگەڵ کیم جۆن ئونگ، سەرۆکی کۆریای باکوور کۆبووەوە، بەهەمان شێوە سەردانی ئێران دەکات بۆ ئیمزاکردنی ڕێککەوتننامە لەگەڵ ئێران.

- کاتۆلیس پێی وایە، ترەمپ لەو دانوستاندنانە شتێکی هەر دەست دەکەوێت، بەڵام پێشبینی ناکات بتوانێت ڕێگری لە ئێران بکات کە ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی لە ناوچەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە: ترەمپ پێشووتر وتوویەتی، "ئامانجی سەرەکی من ئەوەیە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ناوکی، ئەگەریش ناچار بین، ئەوا هێزی سەربازی بەکار دەهێنین".

- "بێگومان ئیسرائیلیش لەو هێرشەدا بەشدار دەبێ لەگەڵمان، ڕەنگە هەر ئەو سەرپەرشتیشی بکات، بەڵام ئەمریکا بڕیارەکە دەدات و کەسیش بۆی نیە ڕێگریمان لێبکات. ئیسرائیلیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە".

زانیاریی بەدەستهاتوو: ماڵپەڕێکی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، کۆشکی سپی بە کردەیی پێداچوونەوەی بەو شوێنانە کردووە کە ئەگەر هەیە هێرشیان بکاتە سەر لە ئێران، وەکو وێستگە ئەتۆمییە سەرەکییەکان، ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالیستی و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان.

- ڕەنگە هێرش بکرێتە سەر ژێرخانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران لەگەڵ وێستگەی هەناردەکردنی نەوت لە دوورگەی خارکی سەر ئاوەکانی کەنداو.

لەهەمان کاتدا: ئەو ماڵپەڕە لە زاری بەرپرسانی پێشوو و ئێستای ئەمریکاوە ئەم زانیارییانەی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، ئەگەر ئامانجی ئەو هێرشانە ناسەقامگیرکردنی ڕژێمی ئێران بێت، دەکرێ یەکێک لە ئامانجەکانی دیکەش هێرشکردنە سەر نووسینگە و بارەگاکانی فەرماندەییەکانی سوپای پاسداران بێت.

بە تەنیشت ئەم بابەتە: ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە وردەکاری دانوستاندنەکانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێ، ئێران پێشنیازێک پێشکەش دەکات بۆ هاوکاریکردن بۆئەوەی بگەن بە ڕێککەوتنێکی کاتی لەبارەی چەکی ناوکی، ئەمەش ڕێگا خۆش دەکات بۆ دانوستاندنی فراوانتر و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.

- وەکو ئەو بەرپرسەی ئەمریکا ئەڵێ، ئێران پێی وایە، گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی باش لەماوەی دوو مانگدا شتێکی واقعی نییە، لەئاماژەیەکدا بۆ ئەو ماوەیەی کە سەرۆک ترەمپ دیاریکردبوو.

- ڕێککەوتنە کاتیەکەش کە ئێران داوای دەکات، ڕەنگە بەشێک لە چالاکییەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵپەسێردرێن، بۆئەوەی پشکنەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان  زیاتر دەستیان بگات بە وێستگە ناوکییەکانی ئێران.

شەیری بکە لە: