ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

شەیری بکە لە:
ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە

دیمەنێک لە ئاهەنگە جەماوەرییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - وێنە؛ ئومید باقری

ئاڤا نیوز

سەرچۆپیکێشەکانی ئاهەنگەکانی نەورۆز ڕەنگە نەیاندەزانی ئەو قاچەی بە ئەرزیدا دەدەن، زۆر کەس ڕادەچەڵەکێنێت کە ڕیزی ئەم هەڵپەڕکێیە، ڕیزی ئاڵقەکانی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران دەخاتە مەترسییەوە و کاردانەوەی گەورە دروست دەکات.

دوای ئاهەنگەکانی نەورۆز نزیکەی 800 کەس لە کەسایەتییە جیاوازە ئێرانییەکان ڕاگەیێنراوێکیان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەڕێوەچوونی ئەو ئاهەنگانە دەربڕی کە لە ڕوانگەی ئەوانەوە جێی "نیگەرانی"ن و هۆکاری "دابەشکاریی نەتەوەیی"ن.

ئەو ڕاگەیێنراوە لەنێو چالاکوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بە کەمپەینی جیاواز سەرکۆنەیان کرد و گوتیان، ئەو ڕاگەیێنراوە "برینێکی قووڵی خستە سەر جەستەی هیوا بە پێکەوەژیانی خەڵک و داهاتوویەکی یەکسان" لە ئێراندا.

ئارام فەتحی، ڕێکخەری یەکێک لە ڕاگەیێنراوەکان لە پەیوەندیی لەگەڵ هۆکاری هەڵوێستەکەیان بەرامبەر بەو 800 کەسە بە ئاڤامیدیای گوت، "چونکە ئێمە فاشیزم وەک مەترسییەک دەبینین کە دەیان ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەتەوە بێدەسەڵاتەکانی سەرکوت کردووە، بەتایبەت کورد. ڕاگەیێنراوەکەی ئەوان ڕەنگ و بۆنی فاشیزمی پێوە دیارە".

ئیحسان هوشمەند، یەکێک لە واژۆکەرانی ڕاگەیێنراوە 800 کەسییەکە، بە ڕاگەیاندنەکانی ناوخۆی ئێرانی گوتووە، مۆڵەتدان بە ئاهەنگەکانی نەورۆز یارییەکی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانە کە پەیوەندیی بە دۆخی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە و دەیانەوێت بە دەوڵەتی تورکیا بڵێن لە کاتێکدا ئێوە پەکەکە چەک دەکەن، ئێمە لە ئێراندا دەتوانین هەزاران کورد بهێنینە سەر شەقامەکان بۆ ئاهەنگگێڕان.

بەڵام موحسین ڕەزەوی، چالاکڤانی سیاسی لە شاری بۆکان، بە ئاڤامیدیای گوت، دیارە بارودۆخی ناوچە و بابەتە دەرەکییەکان کاریگەری خۆیان هەیە، بەڵام بە ڕای من نەورۆزی پار و ئەمساڵ زیاتر پاشەکشێی دەسەڵات و دەسکەوتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادییە.

ئاهەنگەکانی نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ئاهەنگەکانی نەورۆزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی 28-02-2025، لە شاری کامێرانەوە دەستیان پێکرد و تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی سێ بەردەوام بوون.

ئاهەنگەکانی نەورۆز بە شێوەیەکی پلان بۆ دانراو لە ڕۆژانە لە ژمارەیەک گوند و شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەڕێوەدەچوون. 

لە ئاهەنگەکاندا خەڵک بە سیمبولە کوردییەکانەوە بەشدار دەبوون، جامانەیان لەمل دەکرد و کەواپانتۆڵینان لەبەر دەکرد، کە نیشانەی چالاکڤانانی مافخوازی کوردە، هەروەها سروودە نەتەوەییە کوردییەکانیان دەگوتەوە.

بەگوتەی فەرهاد ئەمین پوور، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی، ئاهەنگەکانی نەورۆز لایەنێکی شوناسخوازانەیان هەیە و بەشێکیشی سیاسی و دەربڕینی ناڕەزایەتییە، بەتایبەت دوای شۆڕشی ژینا و ڕووداوەکانی دوای ئەوە.

لایەنە ناوەندخوازەکان وایان لێکدایەوە، ئەم ئاهەنگانە پرسی نەتەوە جیاوازەکان لە ئێراندا قوڵتر دەکاتەوە و دەتوانێت لە داهاتوودا "ئاسایشی نیشتمانی" و "یەکپارچەیی خاکی" ئێران بخاتە مەترسییەوە.

راگەیێنراوی 800 کەسایەتی ئێرانی ناوەندخواز

ڕۆژی06-04-2025، زیاتر لە 800 کەس لەوانە مامۆستای زانکۆ، نووسەر، توێژەر، هونەرمەند، سینەماکار و چالاکوانی خوێندکار ڕاگەیێنراوێکیان لە ژێر ناوی "هۆشداری ڕۆشنبیراندا" بڵاو کردەوە و ژمارەیەکی بەرچاویشیان کوردن.

واژۆکەرانی ئەو ڕاگەیێنراوە پێیان وایە، دامەزراوە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکانی وڵاتی سووریا و ڕەوتی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مۆڵەتیان داوە ئاهەنگەکانی نەورۆز بەڕێوەبچن بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکانی وڵاتدا ڕێکاری قوڵکردنەوەی پرسە نەتەوەییەکانی ئێرانیان گرتووەتەبەر.

بەشێکی زۆری ئاهەنگەکانی نەورۆز بەبێ مۆڵەتی دامەزراوە ئەمنیی و حکومییەکان و تەنیا بە هەوڵی خەڵک بەڕێوەچوون و ئەوانەشی کە مۆڵەتیان وەردەگرت، بە مەرجی زۆر قورسەوە مۆڵەتیان پێدرا. لە هەندێ شوێن دامەزاروە ئەمنییەکان بە گشتی ڕێگەیان نەدا ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت.

ئەو کەسایەتییە ئێرانییانە پێیان وایە، نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بووەتە جێگایەک بۆ "ململانێ ساختە قەومی و عەشیرەییەکان" و "کارکردی دامودەزگا حکومییەکان لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئێراندا هەوڵێکی جێی نیگەرانی و دنەدەرانەیە و شیاوی سەرکۆنەیە."

ئەوان ڕەخنەیان لە حکومەتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانیش گرتووە و دەڵێن: حکومەت ڕوانگەی "نەتەوەخوازانەی" بۆ گەلانی ئێران هەیە و باس لە خوێندن بە زمانی گەلانی ئێران دەکات کە ئەمەش دەبێتە هۆی "لاوازبوونی زمانی نیشتمانی و فەرمی وڵات، لە ئاکامیشدا لەبەریەک هەڵوەشانی وڵات."

ئەم ڕوانگەیە کە کۆمەڵێک کەسایەتی ناوداری ئێرانیش پشتگیرییان کردووە، هەروەها هەڵوێستەکەیان لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنە بەناوبانگەکانی ئێرانەوە بەشێوەی بەربڵاو بڵاوبۆوە، لەلای چالاکوانانی کورد نیگەرانی دروست کردووە.

هەڵوێستی چالاکوانانی کورد

 دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیێنراوی کەسایەتییە ئێرانییەکان، چالاکوانانی کورد، سیاسی، کولتووری، نووسەر، هونەرمەند و... لانیکەم لە سێ کەمپەینی جیاوازدا وەڵامیان دایەوە و دەڵێن؛ کۆمەڵێک "بەناو ڕۆشنبیر و بژاردە ... لەگەڵ دەسەڵات کەوتوون و خوازیاری سەرکوتی زیاتری خەڵک" بوون.

لە یەکێک لە ڕاگەیێنراوەکانی چالاکانی کورددا گوتراوە، ئاهەنگەکانی نەورۆز "بەگشتی مەدەنی و جەماوەری و بەتەواوەتی خۆڕسک بوون" و "سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەر" ڕێکیخستوون.

 بەگوتەی واژۆکەرانی ئەو ڕاگەیێنراوە، ئەم سیستەمە خۆبەڕێوەبەرە لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر چالاکیی دیکەی هەبووە، لەوانە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە و لافاو و... 

لەو ڕاگەیێنراوەدا لە پەیوەندیی لەگەڵ ڕاگەیێنراوی 800 کەسەکەدا گوتراوە، هەم شێوازی دەربڕین و هەم ناوەڕۆکی ڕاگەیێنراوەکەش پەنای بردووەتە بەر هەمان چەکە کۆن و بێزارکەرەکەی (تۆمەتبارکردن بە) جیاوازیخوازی و (بیانووی) پاراستنی یەکپارچەیی خاک، لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕوانییەکی دیکەمان لەو کەسانە هەبوو کە نازناوی مامۆستای زانکۆ و چالاکی کولتووری و ڕۆشنبیری و نووسەریان هەڵگرتووە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ