هەمواری یاسای بودجە و ئەگەرەکانی بەردەمی

شەیری بکە لە:
هەمواری یاسای بودجە و ئەگەرەکانی بەردەمی

پەرلەمانی عێراق، گرافیک : ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

بەگوێرەی هەمواری بڕگەی (ج) ماددەی 12 لە یاسای بودجە، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی کوردستان لە 6 دۆلارەوە بۆ 16 دۆلار زیاد دەکرێت، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی ڕاوێژکاری، نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، دەبێت هەرێمى کوردستان ڕۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

 

له 25-3-2024ـەوە هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا راگیراوە. لەوکاتەشەوە تاوەکو ئێستا بەگوێرەی داتاکانی کۆمەڵەی پێشەسازیی نەوتی کوردستان ( ئەپیکۆر) ئەو ڕاگرتنە مانگانە زیانی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بە ئابووریی عێراق گەیاندووە. 

 

مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: زیانی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 23 ملیار دۆلارە.

 

دوای چەندین جار لە دروستکردنی بەربەست لەبەردم تێپەڕاندنی هەمواری یاسای بودجە. ڕۆژی یەکشەممە 2-2-2025، دانیشتنی پەرلەمان دەکرێت و بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە چوار بڕگە لەخۆ دەگرێت.

 

یەکەم: دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025.
دووەم: دەنگدان لەسەر پێشنیازە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بنەماکانی هاوتاکردنی بڕوانامە و پلە زانستییەکان.


سێیەم: دەنگدان لەسەر بڕیار بەشێوەی ڕاسپاردە بۆ وەزارەتی پەروەردە.


دەنگدان: خوێندنەوەی دووەم بۆ پێشنیازە یاسای خوێندنی باڵا-ناحکومی.

 

ئەو لایەنانەی دەنگ بە هەموارەکە دەدەن

 

- فراکسیۆنی تەقەدوم "سوننەکان"


هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی فراکسیۆنی تەقەدوم کە لەهەمانکاتدا سەرۆکی لیژنەی نەوت و وزەیە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند: لەدانیشتنی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنەکەیان دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەدەن.

 

- فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نەسڕ "شیعە"


سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانیی نەسڕ لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: فراكسیۆنەكەمان لە دانیشتنی ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدات

 

- فراکسیۆنی حیکمە "شیعە"


محەممەد حوسەینی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ڕوەتی حیکمە کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی فراكسیۆنەكەمان لە دانیشتنی ڕۆژی یەكشەممەی داهاتوو دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدات. 

 

فراکسیۆنی ڕەوتی فوراتەینی پارتەکەی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی

 

بەڵام دەوڵەتی یاسا و بەشێکی دیکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکو ئێستا لە هەڵوێستەکانیان ساردن و هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردووەتەوە کە ئاخۆ دەنگ بە هەموارەکە دەدەن یان نا

 

عەلی نیعمە، ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: بەربەست هەیە سەبارەت بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە لە دانیشتنی پەرلەمان لە ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی سیاسی لەسەر هەموارکردنەوەکەی حکومەتی عێراق ناردوویەتیە پەرلەمان، لیژنەی دارایی پێویستی بە کاتی زیاترە لەو کاتەی تەرخانکراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە دەقی نوسراوەکەی حکومەت.

 

جەمال كۆچەر، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: فراكسیۆنە كوردستانییەكان سەرجەمیان بەشداریی لە دانیشتنەكەی ڕۆژی یەكشەممە دەكەن و سوننەكانیش هیچ كێشەیەكیان نییە و بەشدار دەبن، بەڵام شیعەكان بوونەتە چەند بەرەیەک و ئەگەری ئەوە هەیە سەرجەمیان بەشدار نەبن.

 

چوارشەممەی ڕابردوو 29-1-2025 لە ماڵی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە شاری بەغدا سەبارەت بە هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەیەک لەنێوان سوودانی و سەرۆک و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنەكان بەڕێوەچوو.

 

لەسەر بنەمای کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکوەزیران و سەرۆکی فراکسیۆنەکان، بەرەی بەناو نوێنەرانی ناوەڕاست و باشوور لە ڕاگەیێنراوێکدا، نیگەران لەوەی حکومەت پێداگربووە لەسەر ئەوەی جگە لە بڕگەی 12 کە پەیوەندی بە هەناردکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە، هەمواری دیکە لە یاسای بودجەدا بکات. کە دواکاری ئەوان بووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیێنراوەکەی بەناو نوێنەرانی ناوەڕاست و باشوور: ئێمە سیاسەتی ستەمی سیاسی و حکومی لە بارەی هەمواری یاسای بودجە ڕەتدەکەینەوە، تاوتوێی ئەو ڕێکار و هەنگاوانە دەکەین کە لەم ڕووەوە دەیگیرنە بەر، لە ژێر ڕۆشنایی ئەو کۆبوونەوەی کە بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 2ی شوبات بەڕێوەدەچێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ