ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
- بیروڕا
- 21 کاتژمێر لەمەوپێش

د. سانع شەریف
پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە فاكەڵتی یاسا و زانستە سیاسییەکان و بەڕێوەبردن/ زانکۆی سۆران

ئاڤا نیوز
ڕوونە دوای شۆڕشەکانی کورد و قوربانیدانی خەڵکی کوردستان، ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان توانییان چوارچێوەیەکی دەستووری و نێودەوڵەتی لە سیستەمی فیدراڵی عێراقدا دوای 2003 بەدەستبێنن، ئەمەش بۆ یەکەمجار بوو زاراوەی "disputed Territories " تایبەت بەم ناوچانە کەوتە ناو دەستووری بەرکاری عێراقەوە.
ئەوەی جێگەی تێڕامان و سەرنجە، 22 ساڵ دەبێت ئەم ناوچانە وێڕای چارەسەرە دەستوورییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بە چارەسەرنەکراوەی ماونەتەوە، حکومەتەکانی عێراق بە ئێستاشەوە پابەندییە دەستوورییەکانی خۆیان بە چارەسەرکردنی ئەم ناوچە جێناکۆکانە جێبەجێ نەکردوون. ئەمەش وادەخوازێت لەو چوارچێوە دەستوورییەی کە هەیە، بیر لە ڕێگەیەکی تر بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو ناوچانە بکرێتەوە، بۆیە ئەم وتارە هەوڵ دەدات شیکارییەکی یاسایی و سیاسی و پراکتیکی بۆ پڕۆسهی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لەبارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردسان پێشکەش بکات. هەروەها بەدواداچوون بۆ چارەسەرە ئەگەرییەکانی دیکە، وەک دانوستانی ڕاستەوخۆی دوولایەنە و نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، دەکات. جگە لەوەش، هەڵسەنگاندن بۆ ئەم ڕێبازانە دەکات کە تا چەند لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیاوازەکانی ئەم ناوچە جێناکۆکانەدا کاریگەر دەبن.
ناوبژیوانی شێوازێکی ترە بۆ چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان کە لەسەر بنەمای هەردوو ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و یاسا ناوخۆییەکان دەکرێت پەنای بۆ ببردرێت. ڕێگە بە لایەنەکان دەدات ناکۆکییەکانیان لەڕێگەی لایەنی سێیەمی نێودەوڵەتی بێلایەندا بەبێ ئەوەی ناچار بکرێن بخەنەڕوو و ڕێکبکەون لەسەر ئەوەی بەشێوەیەکی ئاشتییانە بڕیارنامەکەی لایەنە نێودەوڵەتیەکە جێبەجێی بکەن. هەرچەندە ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بەڕوونی لەلایەن میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێکنەخراوە، بەڵام بنەماکانی لەگەڵ ئامانجەکانی میساقەکەدا یەکدەگرنەوە کە جەخت لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەنەوە. جگە لەوەش، دادگای هەمیشەیی ناوبژیوانی کە بەپێی ڕێککەوتننامەی لاهای ساڵی 1899 دامەزراوە، چوارچێوەیەک بۆ ڕێکارەکانی ناوبژیوانی دەخاتەڕوو، بەمشێوەیە سەروەری یاسا لە چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان بەهێزتر دەکات.
دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان چارەسەر دەکات، لەوانە دەوڵەتەکان، دامەزراوە حکومییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە تایبەتەکان. پشتگیری ئیداری بۆ ناوبژیوانی، نێوەندگیری، سازان، دۆزینەوەی ڕاستییەکان و پڕۆسهکانی تری چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان پێشکەش دەکات، بهڵام بۆ ئەوەی ئەم جۆرە دادگایە ڕۆڵی لە چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان لە ناو یەک دەوڵەتدا هەبێت، پێویستە چەند مەرجێک هەبن:
یەکەم: ناکۆکییەکە دەبێت لانیکەم یەک دەوڵەت لەخۆبگرێت کە لایەنێک بێت لە ڕێککەوتننامەکانی دامەزرێنەری دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی. هەرچەندە عێراق واژۆی ڕیکەوتننامەکەی کردووە، بەڵام پەسەندی نەکردووە، واتە لەڕووی یاساییەوە بە بڕگەکانییەوە پابەند نییە. جێگای باسە، ڕیکەوتننامەکە خۆی یەکەم پەیماننامەی فرەلایەنە بوو کە باسی لە هەڵسوکەوت لە کاتی جەنگ و پاراستنی موڵک و ماڵی کولتووریدا کرد. ئەم ڕێكهوتنامهیە دەروازەیەک بوو بۆ داڕشتنی بنەمای پەیماننامەکانی دواتر، وەک "پەیماننامەی لاهای ساڵی 1954 بۆ پاراستنی موڵک و ماڵی کولتووری لە ئەگەری شەڕی چەکداریدا" کە عێراق پەسەندی کردووە.
دووەم: هەموو لایەنەکانی ناکۆکی دەبێت بە بەشداریکردنی دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی ڕازی بن و بڕیار لەسەر میکانیزمێکی دیاریکراوی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان وەک ناوبژیوانی، سازان، یان نێوەندگیری، بدەن.
سێیەم: دەبێت بنەمایەکی یاسایی بۆ بەشداریکردنی دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی هەبێت، ئەمەش واتە پێویستە ڕێککەوتنێکی فەرمی هەبێت، یان لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی دامەزرێنەری دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی یان لە ڕێگەی پەیماننامەیەکی دوولایەنە یان فرەلایەنەی جیاوازەوە کە ڕێگە بە دادگاکە بدات مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکان بکات. بە واتایەکی تر، چوارچێوەیەکی یاسایی ڕوون دەبێت ڕێگە بە ڕۆڵی دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی لە چارەسەرکردنی کێشەکەدا، بدات.
چوارەم: ناوچە جێناکۆکەکان بەگشتی دەبێت توخمێکی نێودەوڵەتییان هەبێت. بۆ ئەوەی دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی بەشدار بێت، ناکۆکییەکە دەبێت تهنیا لە چوارچێوەی یاسایی ناوخۆیی وڵاتدا جەخت لە چارەسەرکردنی نەکرابێتەوە، بهڵكو کێشەکە دەبێت تایبەتمەندی نێودەوڵەتیشی هەبێت.
یەکلاکردنەوەی ناوچەی جێناکۆکی ئابیی لە نێوان باکوور و باشووری سوودان لە ڕێگەی دادگایەکی نێودەوڵەتییەوە کاریگەری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان نیشان دەدات. بەپێی ڕێککەوتنی ئاشتی گشتگیر، هەردوو لا بڕیاریان دا پرسی سەروەری ناوچەی جێناکۆکی ئابی لە ڕێگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە یەکلایی بکرێتەوە. بە هەمانشێوە، ناوبژیوانی دەریای چینی باشوور لە نێوان کۆماری گەلی چین و کۆماری فلیپین هاوپێچی حەوتەمی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریا وەک میکانیزمێکی ناوبژیوانی بۆ چارەسەرکردنی ململانێکان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بەکارهێنا، بۆیە ڕۆڵی ناوبژیوانی لە چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکاندا کە جەخت لەسەر ڕەزامەندی، بێلایەنی، شارەزایی، جێبەجێکردن و بەرزکردنەوەی هاوکاری دەکەنەوە، لەسەر بنەمای یاسایی دامەزراوە. ئەم بنەمایانە بەپێی یاسا نێودەوڵەتی و داواکاری لایەنەکان، دڵنیایی دەدەن لەوەی ناوبژیوانی شێوازێکی کاریگەر و کارامەیە بۆ چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکان.
بەمشێوەیە دەتوانین بڵێین بەشی دووەمی ماددەی 58ی یاسای بهڕێوبردنی دەوڵەتی عێراق بۆ قۆناغی گواستنهوە، ڕێککەوتنێکی دەستووری لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردسان لە ڕێگەی یاسایی نێودەوڵەتییەوە ڵێ دەکەوێتەوە. لەم مادەیە دا هاتووە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوور نەیتوانی پرسەکە چارەسەر بکات، دەبێت بە کۆی دەنگ ناوبژیوانێکی بێلایەن بۆ پێداچوونەوە بە بابەتەکە و پێشکەشکردنی ڕاسپاردەکان دیاری بکات. ئەگەر لایەنەکان نەتوانن لەسەر ناوبژیوان ڕێکبکەون، پێویستە داوا لە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن کە کەسایەتییەکی نێودەوڵەتی وەک ناوبژیوان دیاری بکات. هەروەها لە ماددەی 140دا ماددەی 58 جەختی لەسەر کراوەتەوە. ئەم ماددانە دەرچەیەکی یاسایی و نێودەوڵەتی بەهێز بۆ دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناوچە جێناکۆکانە کە توخمێکی نێودەوڵەتییان هەیە، دروست دەکەن. لە ئەنجامدا ئەمە دەتوانێت چارەسەری نێودەوڵەتی بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردسان ئاسان بکات، کە ڕێگە بە هەر لایەنێکی ناکۆک بدات داوای دەستوەردانی لایەنی سێیەم بەتایبەتی لە دادگای ناوبژیوانی هەمیشەیی بکات.
ئەم ئاماژە نێودەوڵەتییە لە ماددەی 58دا دەتوانێت هاندەرێکی یاسایی بەهێز بێت بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی پێشنیازی دادگایەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم ناکۆکییانە بکات. بهڵام پرسیارێکی گرنگ دێتەپێش، ئایا نەتەوە یەکگرتووەکان دەتوانێت هەنگاوێکی لەو شێوەیە بگرێتەبەر؟ ئایا خواستی ئەوەی هەیە؟ لەڕاستیدا بەدەر لە ڕێگە یاساییەکان، یەکلاکردنەوەی ئەم خاکانە هەردوو ڕەهەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەخۆدەگرێت.
لەکاتێکدا ئێمە لە سەرەوە شیکارییەکانی بابەتیی و یاساییمان پێشکەش کردووە، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە هەر دەمێنێتەوە: چ بژاردەیەکی بەدیل بۆ چارەسەرکردنی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم هەیە ئەگەر حکومەتی فیدراڵی پابەندی چارەسەری یاسایی ناوخۆیی نەبێت؟ یەکێک لە بەدیلەکان دانوستان و یەکلاییکردنەوەی سیاسییە. پێویستە هەردوو لایەن دانوستانی ڕاستەوخۆ بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی سیاسی لەبارەی ناکۆکییەکانیان لەسەر سنوورە ناوخۆییەکان و هاوبەشکردنی سەرچاوەکان بکەن. ئەم پڕۆسهیە پێویستی بە سازشی هەردوولا دەبێت بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە سەرەکییەکانی هەر لایەنێک و گەیشتن بە بڕیارێکی پەسەندکراو لەلایەن هەر دوو لاوە.
وەک لە ماددەی 140دا هاتووە، نێوەندگیری لایەنی سێیەمی بێلایەنەوە، بژاردەیەکی دیکەیە ئەگەر دانوستانە ڕاستەوخۆکان شکست بهێنن. لەم حاڵەتەدا لایەنەکان دەتوانن پەنا بۆ ناوبژیوانێکی بێلایەن ببەن، وەک نەتەوە یەکگرتووەکان. لەکاتێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2005 ەوە لە ڕێگەی ئەرکی یونامییەوە ڕۆڵی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردسان گێڕاوە، بەڵام هەوڵە نێوەندگیرییەکانی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێم سنوورداربوونە. هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایش چەند بڕیارنامەیەکی دەرکردووە کە داوا لە هەردوولا کردووە ناکۆکییەکان بە پێی دەستووری عێراق چارەسەر بکەن، بەڵام بڕیارناماکان ڕاوێژکاری و ناپابەندکەر بوون، میکانیزمی بەهێزی جێبەجێکردنیان نییە. ئەمەش وای کردووە هەردوولا لە ناکۆکییەکانیان بەبێ ئەوەی بگەنە دەرەنجامێک بەردەوام بن. گرنگە بگوترێت لەم دواییانەدا حکومەتی فیدڕاڵی داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کۆتایی بە ئەرکەکەی لە عێراق بهێنێت، لەکاتێکدا تا ئێستا پرسی ئەو ناوچانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم چارەسەرنەکراون. بۆیە ئەم پێشهاتە نیگەرانییەکان لەبارەی کاریگەری سنوورداری یونامی لە نێوەندگیری ناکۆکییەکاندا زیاتر دەکات، کە دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر سەقامگیری داهاتووی عێراقدا هەبێت.
لەکاتێکدا کە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕووی تیۆریەوە بەردەوامە، بەڵام کاریگەرییە کردارییەکەی بەهۆی نەبوونی ئامرازێکی جێبەجێکردن، بەربەستە سیاسییە بەردەوامەکان، مەودای بەرفراوانی ئەرکی یونامی سنووردار بووە. بۆیە پێویستە فشاری بەردەوامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرخستنی دانوستانەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگە. زیاتر لەوەش، نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستە ڕۆڵێکی نێوەندگیری چالاکتر وەک لایەنی سێیەمی بێلایەن بۆ پەرەپێدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ لە نێوان لایەنە ناکۆکەکاندا بگرێتەبەر، نەک ڕۆڵی ڕاوێژکارییانەی ئێستای کە دەرئەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە.
لەژێر ڕۆشنایی سەرەوەدا، ڕوونە کە بەربەستی بەرچاو لەبەردەم چارەسەرکردنی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردساندا هەن. بژاردەی یاسایی وەک ناوبژیوانی نێودەوڵەتی دەکرێت ڕێگەیەکی تر بێت کە پەنای بۆ ببردرێت. هەروەها میکانیزمێکی هاوبەش، لەوانە دانوستانی نێوان لایەنە ناکۆکەکان بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕێگەی بەشداری ڕاستەوخۆی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دەکرێت چارەسەرێکی درێژخایەن بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگە سیاسی و لۆجستی و مێژووییەکانی پەیوەست بەو ناوچە جێناکۆکانە بهینێتە ئاراوە.
سەرچاوەکان:
1. Curtis, Court of Arbitration, n.d. https://www.curtis.com/glossary/commercial-arbitration/court-of-arbitration.
2. Judith Gardam, Necessity, Proportionality and the Use of Force by States. Vol. 35(Cambridge: Cambridge University Press, 2004).
3. UNESCO, Convention for the Protection of Cultural Property in the Event of Armed Conflict with Regulations for the Execution of the Convention. The Hague, Netherlands, 1954. Registered at the UN, September 4, 1956, No. 3511. https://www.unesco.org/en/legal-affairs/convention-protection-cultural-property-event-armed-conflict-regulations-execution-convention.
4. Permanent Court of Arbitration, Introduction to the PCA, (n.d). https://pca-cpa.org/en/about/introduction/ .
5. Permanent Court of Arbitration (PCA), Abyei Arbitration (Sudan vs. South Sudan), PCA Case Number 2008-07. https://pca-cpa.org/en/cases/92/.
6. And Permanent Court of Arbitration (PCA), South China Sea Arbitration (Philippines vs. China), PCA Case Number 2013–19. https://rsilpak.org/2017/case-brief-on-the-south-china-sea-arbitration /.
7. Fawzi al-Zubaidi, Obstacles and Options in Baghdad-Erbil Negotiations, Fikra Forum, 2024. https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/obstacles-and-options-baghdad-erbil-negotiations .
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
هۆکارەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
7 کاتژمێر لەمەوپێش
کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار
11 ئازار
چۆن مامهڵه لهگهڵ پرۆژهكانی حكومهت بكرێت؟
10 ئازار
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟
9 ئازار
ڕاپەڕین وەک پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
5 ئازار
داستانی قارەمانێتیی مرۆڤی کورد
4 ئازار
"بزاڤێن عێراقێ بو ئازادیا سیاسی: ڕۆلێ کوردان و باندوورێن ئیرانێ"
2 ئازار
سیاسەتی دەرەکیی سنووردار
2 ئازار
ئاڤا میدیا.. میدیای هاونیشتمانیانە
26 شوبات
- بیروڕا
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆکارەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
- بیروڕا
- 9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟