ئاڤا میدیا.. میدیای هاونیشتمانیانە

ئاڤا میدیا.. میدیای هاونیشتمانیانە

 

لە هەرێمی كوردستان میدیایەكی زۆرمان هەن كە بەشێكیان بوونەتە هۆی سەرلێشێواندنی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان، چونكە لەسەر بنەما دروستەكانی میدیایەكی پیشەیی كار ناكەن و تەنیا هەوڵیان ئەوەیە ئەجێندایەک جێبەجێ بكەن كە بیر لە بەرژەوەندیی تایبەت دەكاتەوە نەوەک گشتی و میدیایەكی ئاراستەكراوەن.

 

بەڵام ئەوەی "ئاڤا میدیا" بەو تەمەنە كەمەی خۆی كردوویەتی، ئەزموونێكی دەوڵەمەند و پیشەیی و ڕاستگۆیانەیە كە هەوڵی داوە ببێتە دەنگی هەموو چین و توێژێک لە هەرێمی كوردستان و بەردەوام بێ گوێدانە بەرژەوەندییە تایبەتییەكان، ڕێگەی بۆ چارەسەری كێشەی گشتی و وەڵامگۆبوونی بەرپرسان لە ئاست ئەو كێشانە خۆش كردووە و بەردەوامیش بێت لە بەدەواداچوونی چارەسەری كێشەكان.

 

ئەوەی كە لە ڕابردوو و لە (فایلی خەڵک) و ئەوەی ئەمشەویش تایبەت بە كەیسی (خانەنشینان) لە ئاڤامیدیا و هەواڵی (07:00)ی پێشكەشكاری بەتوانا هەوراز گوڵپی و تیمی هەواڵی حەوت بینیتان، یەكێكە لەو ئامانج و هەوڵانەی كە ئاڤامیدیا لە خزمەت هاونیشتمانییانی كوردستان دەیدات و بەردەوامیش دەبێت.

 

ئەوەی ئاڤامیدیای كردووەتە میدیای گشتی و میدیای هاونیشتمانییان، ئەم تایبەتمەندییانەی خوارەوەیە:

 

یەكەم: ڕاستگۆیانە، بووەتە دەنگ و بەردەنگی هەموو چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان بێ جیاوازی.

 

دووەم: مینبەرێكی ڕاستەوخۆ بووە بۆ هاونیشتمانییان و ستۆدیۆ و پلاتفۆڕمەكانی كردووەتە ناوەندێک بۆ گەیاندنی دەنگیان. دەیان نمونەش هەن كە هاونیشتمانییان هاتوونەتە ستۆدیۆی هەواڵ و یا ڕاستەوخۆ لە شوێنی ژیانیانەوە دەنگیان گەیێنراوە.

 

سێیەم: چاودێرێكی ڕاستەوخۆی دەسەڵات (حكومەت، حزب، ڕێكخرا و خودی هاونیشتمانیانیش) بووە و هاونیشتمانییانی خاوەن پرسی ڕووبەڕووی لایەنی بەرپرسیار كردووەتەوە.

 

چوارەم: شەفافانە، مامەڵەی لەگەڵ هەڵە و کەموکوڕییەکانی حكومەت كردووە و پرسیاری ڕەخنەگرانەشی ئاڕاستە كردووە.

 

پێنجەم: میدیایەكی چارەسەرخواز بووە، تەنیا بە خستنەڕووی کێشەکان ڕازی نەبووە، بەڵکو بەدواداچوونی بۆ ڕێگەچارەكانیش كردووە.

 

شەشەم: زمانێكی دروست و سادە و بێ گرێ و گۆڵی هەبووە لە گەیاندنی هەواڵی دروست و ڕاست.

 

حەوتەم: نە خۆی دزیوەتەوە لە خستنەڕووی كێشەی هاونیشتمانییان و نە كێشەكانیشی بەلاڕێدا بردوون.

 

هەشتەم: پشتی بە سەرچاوەی ڕاستەوخۆ بەستووە لە وەرگرتنی هەواڵی خۆجێیی و خۆی بەدوور گرتووە لە هەواڵی هەڵبەستراو و بێ سەرچاوە.


نۆیەم: بەرپرسیار بووە لە ئاست بابەتە هەستیارەکان و ڕەچاوی ئاکاری پیشەیی و مۆراڵی كۆمەڵایەتی و ئایینی كردووە.

 

دەیەم: خۆی بەدوور گرتووە لە بەرنامە و هەواڵی نەپەیوەست بە هەرێمی كوردستان كە دوورن لە فەرهەنگ و كولتووری دەوڵەمەندی كوردستان.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: