هۆکارەکانی پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
- بیروڕا
- 7 کاتژمێر لەمەوپێش

ساتی واژۆکردنی ڕێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع. گرافیک - ئاڤا میدیا
ڕێککەوتنی10ـی ئازاری 2025 لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕووداوێکی گرنگی سیاسییە لەسەر گۆڕەپانی ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، کە لە بارودۆخێکی ئاڵۆز و لێڵی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی گۆڕا و خێرای داینامیکی هاتووەتە ئاراوە. ئەم ڕێکەوتنە لە کاتێکدا واژۆ کراوە کە دەسەڵاتی ناوەندی سووریا پاش کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و گرژی نێوان پێکهاتەکانی سووریا لە لاوازترین باردۆخی خۆیدایە. سەرەڕای ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا لایەنی کوردی بەهۆی دەستکەوتەکانی ساڵانی ڕابردوو لەسەرکەوتنی شەڕی داعش و بەدەست ھێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی توانیویەتی پێگەیەکی جێگیر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا پێکبهێنێت، هەروەها توانی ئیدارەدانێکی خۆبەڕێوبەری هاوسەنگ و گونجاو دروست بکات لە پاراستنی بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی، پاراستنی مافی کەمینەکانی دیکە، پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانی دژی تیرۆر لە جیهاندا .
لاوازبوونی پێگەی ئەحمەد شەرع پاش کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان و کەمبوونەوەی شەرعیەتی ناوخۆیی هۆکارێکی سەرەکییە .لەگەڵ ئەوەشدا بارودۆخی خراپی ئابووری و سەربازی دەوڵەتی سووریا کە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی تەواوی وڵات بکاتەوە، لەگەڵ مەترسی پارچەبوونی سووریا بەهۆی خواستی عەلەوییەکان و کورد بۆ جیابوونەوە، فاکتەرەکانی دیکەن، لەگەڵ ئەوەشدا شەرع پێویستی بە کەمکردنەوەی بەرەی دژایەتی و دروستکردنی هاوپەیمانی نوێ هەیە بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی.
ئامانجێکی دیکەش بۆ ڕازیکردن، ڕەواندنەوەی نیگەرانی و ناڕەزاییەکانی هێزە دەرەکییەکانە لە پشتگریکردنی سووریایەکی دیموکراسی و ئازاد، پاراستنی نەتەوە و پێکھاتە جیاوازەکانی وەکو کورد و عەلەویەکان و دروزەکان، بە تایبەت ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕازیکردن و دڵنیاییدان بە پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان. لەلایەکی دیکەوە لایەنی دووەم لە ڕێکەوتنەکە لە دیدگای بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوا مەزڵووم عەبدی، مەترسی هێرشی تورکیا و پێویستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تورکیا و پرۆکسییەکانی بۆ سەر ناوچە کوردنشینەکان گرنگترین هۆکارن.
هەروەها، مەترسی ناڕوونی سیاسەتی ئەمریکا و پۆپۆلستی ترەمپ و خوێندنەوەی پرسە دەرەکییەکان لە ڕوانگەی سوودی ئابووری و بازرگانی هۆکارێکی ترە، کە کەمبوونەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی لێ دەخوێنرێتەوە، چونکە ئەمریکا سەنتەرە لەو پرسەشدا، ھەروەھا گرنگی پێویستی نەتەوەی کورد بە دانپیانانی یاسایی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە هۆكارێكی ترە بۆ واژۆ كردنی ئەم ڕێکكەوتنە، كە ڕەنگە ببێتە هۆی چەسپاندنی مافەکانی كورد لە دەستووری نوێدا، ئەمە سەرەتایەکی باش و گونجاوە، سەرەڕای قەیران و ململانێی سەرچاوەکانی ئابووری لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری ڕۆژئاوا، مەترسی دوورخستنەوە و لادانی هەڕەشەکان هۆکارێكیترن بۆ بەشداریکردن لە ڕێکەوتن و بیرکردنەوە ستراتیژی و سیاسیانەی كورد لە داهاتووی سووریا.
سەبارەت بە هەڵوێستی هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، تورکیا وەک یەکێک لە نەیارانی دەسەڵاتی کوردی لە سووریا، هەڵوێستێکی دژبەرانەی بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە هەیە. لە دیدی تورکیا، ڕێککەوتنەکە دانپیانانە بە بوونی نەتەوەی کورد هەروەها تورکیا ڕێککەوتنەکە بە بەهێزکردنی پێگەی پەکەکە دەبینێت و وەک مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی لێی دەڕوانێت، دواتر نیگەرانی تورکیا زیاتر لەوە سەرچاوەی گرتووە مەترسی و کاریگەریی ڕێککەوتنەکەیە لەسەر کوردستانی باکور، دروستکردنی نموونەیەک بۆ کوردی ئەو وڵاتە. پێشبینی دەکرێت تورکیا فشار لەسەر حکومەتی سووریا زیاد بکات و ئەگەری دەستوەردانی سەربازی بۆ لاوازکردنی پێگەی هێزەکانی هەسەدە بوونی هەیە ئەگەر هەڵوێستی هێزە هاوپەیمان و نزیکەکانی کورد بگۆڕدریت.
سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بەرامبەر بە ڕێککەوتنەکە دوالیزمی بەئاشکرا دەبینرێت. لە لایەکەوە ئێران پشتیوانی لە حکومەتی ناوەندی سووریا دەکات و ڕێککەوتنەکە بە گەڕانەوەی ناوچە کوردنشینەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی دیمەشق دەبینێت بەتایبەتی ئەو خاڵەی ڕێکەوتنەکە كە باسی یەکگرتووی خاک و سەروەری و ڕەمزی ئاڵای سووریا دەکات، لە لایەکی ترەوە ئێران نیگەرانە لە کاریگەری ڕێککەوتنەکە لەسەر گرووپە شیعەکانی سووریا و کەمبوونەوەی نفوزی خۆی. پێشبینی دەکرێت ئێران هەوڵی کەمکردنەوەی نفوزی دەوڵەتی تورکیا و ئیسرائیل و هێزە کوردییەکان لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانیان بدات و کار لەسەر بەهێزکردنی گرووپە شیعە عەرەبییەکان بکات.
دەربارەی کارەکتەرێکی بەهێز و گرنگی داڕێژەری سیناریۆکانی داهاتووی سووریا کە ئیسرائیلە، دوو جۆر مامەڵە لەگەڵ ڕێککەوتنەکە دەکات. لە لایەکەوە، ئیسرائیل ڕێککەوتنەکە بە بەهێزبوونی حکومەتی سووریا دەبینێت کە ئەمەش بۆ ئیسرائیل مەترسیدارە. لە لایەکی ترەوە، ئیسرائیل پشتیوانی لە کورد دەکات وەک هێزێک کە دەتوانێت هاوسەنگی هێز لە سووریا ڕابگرێت. ستراتیژی ئیسرائیل ئێستا پشتیوانیکردنە لە ئۆپۆزسیۆنی ناوچەی درۆزەکان و هێزەکانی تری ناو سووریا بۆ لاوازکردنی پێگەی حکومەتی ناوەندی و هەوڵدان بۆ پاراستنی پەیوەندی لەگەڵ کورد بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە دژی نفوزی ئێران، پاراستنی بەرژەوەندیەکانی لە بەرزاییەکانی جۆلان و ناوچە سنورییە ستراتیژیەکان دژی نەیارەکانی حەماس و فەتح لە سەر سنورەکان.
هەڵوێستی ئەمریکا وەکو تاکە زلهێزی جیهانی و هەژموون گەر، تا ڕادەیەک ئەرێنییە و ناڕوونە. ئەمریکا دەتوانێت بە هۆی ڕێککەوتنەکە بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە سووریا بکشێنێتەوە بەبێ ئەوەی ناوچەکە تەواو چۆڵ بکات. هەروەها ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری گرژی و ناکۆکییەکان، فشار زیادکردن و کەمکردنەوەی نفوزی ئێران بە هۆکاری هەبوونی ئیسرائیل و تورکیا کە دژی ئێرانن بەتەواوی لەم پرسەدا بەتایبەتی تورکیا لە ئێستادا لەگەڵ ئێران زۆر ناکۆکە لەزۆر بواردا لە سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەرچەندە ئەمریکا بە فەرمی پشتیوانی لە ڕێککەوتنەکە ناکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە پشت پەردەوە پشتیوانی بکات.
ڕێککەوتنەکە چەندین لایەنی ئەرێنی بۆ کورد هەیە:
یەکەم: دانپیانانی فەرمی بە کورد وەک کۆمەڵگەیەکی ڕەسەن لە دەوڵەتی سووریا، هەرچەندە دانپیانانەکە وەک کۆمەڵگەیە نەک نەتەوە.
دووەم: زامنکردنی مافی هاووڵاتیبوون و مافە مەدەنی و کلتورییەکان لە دەستووری داهاتوو بۆ کورد کە دەتوانێت بنچینەیەک بێت بۆ داهاتوو سودی سیاسی و یاسایی هەبێت.
سێیەم: ڕاگرتنی شەڕ لە تەواوی سووریا کە دەتوانێت سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچە کوردنشینەکان بهێنێت.
چوارەم: کەمکردنەوەی مەترسیی هێرشی سەربازیی تورکیا. لە کۆتاییشدا کردنەوەی دەرگای بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەی سیاسیی داهاتووی سووریا.
بە پێجەوانەشەوە ڕێککەوتنەکە چەندین لایەنی نەرێنیشی هەیە:
یەکەم: ڕێککەوتنەکە بەڵگەنامەیەکی فەرمی و یاسایی بەهێز نییە و لایەنێکی نێودەوڵەتی چاودێر و ئاگادار نیە وەکو ناوبژیوانێک.
دووەم: یەکخستنی دامودەزگاکان لە ژێر دەسەڵاتی ناوەندی کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری کەمبوونەوەی سەربەخۆیی سیاسی و ئیداری.
سێیەم: گەڕاندنەوەی دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانەکان، کێڵگەکانی نەوت و گاز بۆ حکومەتی ناوەندی، کە دەبێتە هۆی لاوازبوونی ئابووری کورد.
چوارەم: نەبوونی زەمانەتی نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە.
دەرئەنجام
ڕێککەوتنی 10ی ئازار دەستپێکێکی گرنگە لە پەیوەندییەکانی نێوان کورد و حکومەتی ناوەندی سووریا، بەڵام بەرهەمی بارودۆخی تایبەتی سووریایە کە تێیدا هەردوولا پێویستیان بە یەکتر هەیە. لایەنی کوردی ئەم ڕێککەوتنەی وەک دەسپێکێکی ئەرێنی دەبینێت، هەرچەندە مێژوو نیشانی داوە ڕێککەوتنی لەم جۆرە لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکان دواتر پێشێل کراون زیاتر بۆ دووبارە خۆبەهێزکردنەوە و تێپەراندنی مەترسیەکانە نەک خواستی ڕاستەقینە بۆ ڕێککەوتن و پێکەوە ژیانی نەتەوە جیاوازەکان، کورد هەمیشە فریو دراوە لەم ڕێگایەوە دەبێت چاوکراوەتر و وردبینتر بێت.
کورد لە ڕۆژئاوا دەبێت لە ئەزموونی کوردی باشوور لە عێراق وانە وەربگرێت و بەردەوام بێت لە بەهێزکردنی خۆی، ستراتیژی بە دەستێک ئاشتی و ڕێککەوتن، بەدەستێکیش خۆڕێکخستن و خۆبەهێزکردن، گرنگترین فاکتەر بۆ بەهێزی کورد لەم قۆناغەدا بریتییە لەیەکگرتوویی لەناوخۆی خۆیدا. هەروەها پەیوەندی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان وەک ئەمریکا و ئیسرائیل دەبێت بپارێزێت و بەهێزی بکات.
ڕێککەوتنەکە دەتوانێت هەنگاوێکی باش بێت بەرەو یەکلابوونەوەی پرسی کورد لە سووریا بە شێوەیەکی کاتی، بەڵام پێویستە کورد هەوڵ بدات مافەکانی خۆی لە دەستووری نوێی سووریا بچەسپێنێت هەروەها خەیاڵ و بەرنامەی نەتەوەی گەورەتری هەبێت بۆ داهاتوو نەک لە کوردستانی سووریا بەڵکو لەتەواوی بەشەکانی تریش هاوکار و هەماهەنگی هەبێت، چونکە یەک چارەنووس، یەک مێژوو، یەک خاک، یەک زمان، یەک ناسنامەی یەکگرتومان هەیە سەرکەوتنی کورد پەیوەستە بە ڕادەی هۆشیاری و یەکگرتووی نەتەوەکەمان لەهەر چوار پارچەی کوردستان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
21 کاتژمێر لەمەوپێش
کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار
11 ئازار
چۆن مامهڵه لهگهڵ پرۆژهكانی حكومهت بكرێت؟
10 ئازار
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟
9 ئازار
ڕاپەڕین وەک پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
5 ئازار
داستانی قارەمانێتیی مرۆڤی کورد
4 ئازار
"بزاڤێن عێراقێ بو ئازادیا سیاسی: ڕۆلێ کوردان و باندوورێن ئیرانێ"
2 ئازار
سیاسەتی دەرەکیی سنووردار
2 ئازار
ئاڤا میدیا.. میدیای هاونیشتمانیانە
26 شوبات
- بیروڕا
- 21 کاتژمێر لەمەوپێش
ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
- بیروڕا
- 9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟