بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟

بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟

کرێی کارەبا لە پرۆژەی ڕووناکی بەراورد بە کرێی کارەبا لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون، کارەبای مۆلیدە و کارەبای ئەو پێنج وڵاتە ئەوروپییەی لە ڕاپۆرتی ناشیوناڵ کۆنتێکست ئاماژەی پێکراوە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا پرۆژەی ڕووناکی کرێی کارەبای بەشێوەیەکی جێگیر بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبا دیاری نەکردووە، بەشێک لە میدیا و ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە کرێی (kWh)ـێک کارەبا لە پرۆژەکەدا بریتیە لە 156 دینار. ئێمەش لەسەر هەمان ئەم نرخە بەراوردکارییە ئەنجامی دەدەین.


کارەبای 24 کاتژمێری لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون و پرۆژەی ڕووناکی


کارەبای 24 کاتژمێری بەر لە پرۆژەی ڕووناکی لە شاری هەولێر لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون خرایە خزمەت دانیشتووانی ئەو پرۆژانە. کاتێک بەراوردی کرێی کارەبای پرۆژەی ڕووناکی دەکەیت بەراورد بە کارەبای یەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کە کارەبای 24 کاتژمێری هەیە و کارەبا لە حکومەت وەرناگرێت، دەردەکەوێت پرۆژەی ڕووناکی هەرزانترە بەراورد بە پرۆژەکانی دیکە. بۆ نموونە، نرخی کیلۆواتێک کارەبا لەو پرۆژەیە نزیکەی 295 دینارە، بەڵام لە پرۆژەی ڕووناکی کرێی کارەبا وەک لە ڕاپۆرتی  (The National Context)دا هاتووە بریتییە لە 156 دینار، واتە 47٪ هەرزانترە بەراورد بە کرێی کارەبا لە پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون کە کارەبای حکومەت بەکارناهێنێت.

 

 


ئەمە لە کاتێکدایە لە بەشێكی دیکەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوون کرێی هەر کیلۆواتێک کارەبا دەگاتە 335 دینار و ئەمەش بەراورد بە کارەبای ڕووناکی لە ئاستێکی کەمدایە. واتە جیاوازی کرێی کارەبا لەنێوان پرۆژەی ڕووناکی و ئەو پرۆژەیەی نیشتەجێبوون کە بە نموونە وەرگیراوە بریتیە لە 53٪ بۆ هەر کیلۆواتێک کارەبا.

 


کارەبای مۆلیدە و پرۆژەی ڕووناکی

 

بەراوردکاری نرخی نێوان کارەبای تایبەت (مۆلیدە ئەهلییەکان) لەسەر بنەمای نرخی دوایین مانگ بۆ هەر ئەمپێرێک و نرخی کارەبای 24 کاتژمێری (پرۆژەی ڕووناکی) لەسەر بنەمای ئەو نرخەی لە ڕاپۆرتی (The National Context) بۆ هەر یەکەیەک کارەبا (کیلۆوات) هاتووە.

 

 

 

کاتێک بەراوردی نرخەکان دەکەیت بۆت دەردەکەوێت کارەبای پرۆژەی ڕووناکی لە گرانترین حاڵەتیدا نرخەکەی هەرزانترە لە نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان. ئەگەر بەشێوەی تێکڕا وەریبگرین، کرێی کارەبا بۆ خێزانێکی ئاسایی کە چوار ئەمپێر کارەبا لە مانگێدا بەشێوەی تێكرا وەردەگرن، بریتیە لە 100 هەزار دینار بۆ کارەبای مۆلیدە. بەڵام لە کارەبای 24 کاتژمێریدا  تێچوونەکەی 11٪ کەمترە لە کارەبای مۆلیدە، کرێی هەمان ئەم چوار ئەمپێرە بریتیە لە 89 هەزار دینار.


تێبینی: نرخی کارەبای مۆلیدە بۆ هەر ئەمپێرێک لەسەر بنەمای کاتژمێری کارکردنی مۆلیدە لە ڕۆژێکدا دیاریکراوە. لەگەڵ زیادبوونی کاتژمێری کارکردنی مۆلیدەکە لە ڕۆژەکەدا نرخی کارەبا بۆ هەر ئەمپێرێک زیاتر بەرز دەبێتەوە. بەپێچەوانەوە کارەبای 24 کاتژمێری نرخەکەی جێگیر و نەگۆرە، کارەباکەشی بەشێوەی بەردەوامە.


کارەبا لە کوردستان و پێنج وڵاتی ئەوروپا


لە ڕاپۆرتێکی (The National Context) ئاماژە بەوەکراوە کرێی کارەبا لە کوردستان لە کرێی کارەبای پێنج وڵاتی  ئەوروپی گرانترە. ئەم وڵاتانە بریتین لە کۆماری چیک، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و دانیمارک.  بەڵام بەگوێرەی دوایین داتای ئەم وڵاتانە، کرێی هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کوردستان ئەگەر بە هەمان ئەو پارە دیاری بکرێت کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە (156 دینار) ئەوا هەر کیلۆواتێک کارەبا لە کوردستان بە 67٪ هەرزانترە بەراورد بە هەرزانترین کرێی کارەبا لەو پێنج وڵاتەی ئاماژەی پێکراوە، کە 474.56 دینارە لە دانیمارک.

سەرچاوە: statista


خاڵە بەهێزەکانی کارەبای 24 کاتژمێری و پرۆژەی ڕووناکی


1.      کارەبای 24 کاتژمێری بەشێوەی بەردەوام و بەبێ پچران.


2.      کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کارەبا و وزە.


3.      کەمکردنەوەی کاریگەری خراپ لەسەر ژینگە.


4.      خێرایی و کارامەیی لە کارکردن.


5.      زیادکردنی بەرهەمدارێتی.


6.      کەمکردنەوەی زیانەکانی بێکارەبایی.


چاڵێنجەکانی بەردەم کارەبای 24 کاتژمیری و پرۆژەی ڕووناکی


1.      نەبوونی بەرچاوڕوونی هاووڵاتییان لەسەر شێوازی بەکارهێنان و شێوازی کەمکردنەوەی بەکارکردن.


2.      لاوازی ئاستی ڕۆشنبیری هاووڵاتییان لە بەکارهێنان و زیادەرەویی کردن لە بەکارهێنانی کارەبا.


3.      جیاوازینەکردن لە نرخی کارەبا لەنێوان خێزانەکان لەسەر بنەمای داهاتی بەدەستهاتوو.


چۆن بتوانین پرۆژەی ڕووناکی بەرهەمدارتر بکەین؟


زیادکردنی ئۆفەری جیاوازی بەشداریکردن بۆ بەشداربووان بەپێی پێویستی. بۆ نموونە، لەگەڵ ئەو ئۆفەرەی ئێستا هەیە، ئۆفەرێکی دیکە زیاد بکرێت و بڕی پارە دابەشبکرێتە سەر کاتی بەکارهێنانی کارەبا لە ڕۆژەکەدا. بۆ نموونە:


نمونەی یەکەم: جیاکردنەوەی پاکەیجی پێدانی کارەبا لەسەر بنەمای کات لە ڕۆژێکدا بە نرخی جیاواز. ئەو کاتانەی خەڵکی کەمتر چالاکن، تێییدا کرێی کارەبا کەمتر بکرێتەوە و ئەو کاتانەی پاڵەپستۆی زۆری لەسەرە لە ڕۆژدا نرخەکەی وەک خۆی بێت.


نمونەی دووەم: جیاکردنەوەی پاکەیجی پێدانی کارەبا لەسەر بنەمای ڕووبەری خانوو یان شووقە. بۆ نموونە کرێی کارەبا لە شووقەیەکی 45 مەتری هەرزانتر بێت بەراورد بە کرێی کارەبا لە شوقەیەکی 300 مەتری. بەڵام کرێی بنەڕەتی بۆ هەر کیلۆواتێک  دیاریبکرێت و لەو نرخە دەستپێبکات.


نمونەی سێیەم: جیاکردنەوەی کرێی پێدانی کارەبا لەسەر بنەمای داهاتی خێزانەکە. داهاتی خێزانەکە پۆلێن بکرێت و ئەو خێزانانەی داهاتیان کەمە حکومەت پاڵپشتی داراییان بکات و لێخۆشبوون لە بەشێک لە پارەکە بکات. وەک ئەوەی لە فۆرمی بەشە  خۆراکی هاووڵاتییان کرا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: