کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار

کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار

ڕێککەوتنی 11ـی ئاداری 1970 جومگەیەکی مێژوویی زۆر گرنگی کاروانی خەباتی سیاسی و چەکداریی کورد بوو. یەکەمین دانپێدانانی ڕاستەوخۆی بێ چەندوچوونی حکومەتی عێراق بوو بە ڕەوایەتیی پرسی کورد و مافە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی گەلی کوردستان. ئەگەرچی ئەو ڕێککەوتنە وەک ئەوەی لەسەر کاغەز واژۆکرابوو، جێبەجێنەکرا، بەڵام وێڕای نکووڵیی ڕژێمی بەعس و غەدر و ناپاکییەکانی، چوارچێوەیەکی یاسایی بۆ خۆبەڕێوەبەری لە هەرێمی کوردستان دامەزراند و بووە بنەمایەکی مێژوویی بۆ داخوازییەکانی ساڵانی داهاتووی کورد بۆ مافە سیاسی و ئیدارییەکانی. ئەمڕۆ کە ساڵڕۆژی ئەم ڕێککەوتنەیە، هاوکاتە لەگەڵ هەواڵی ڕێککەوتنی نێوان سەرۆککۆماری نوێی سووریا و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). بۆیە جێی خۆیەتی سەرنجێکی خێرا بخەینە سەر دیوی لەیەکترچوون و جیاوازییە بنەڕەتییەکانی نێوان ئەو دوو ڕێککەوتنە مێژووییە. 


1. ڕێککەوتنی 11ـی ئادار هەوڵێک بوو بۆ بەدەستهێنانی ئاشتەوایی و تەبایی لەنێوان بەغدا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی، ڕێککەوتنی 10 ئازاری 2025ـی دیمەشقیش هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی دۆخێکی هاوشێوە، بەو پێیەی حکومەتی سووریا هەوڵدەدات میتۆدێکی لێکتێگەیشتن بدۆزێتەوە لەگەڵ هێزەکانی (هەسەدە) کە جگە لە کوردستانی ڕۆژاڤا، ناوچەیەکی بەرفراوانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای بەدەستەوەیە.


2. ڕێککەوتنی 11ـی ئاداری 1970 لە دۆخێکی ناوخۆیی گرژدا واژۆ کرا.  ڕژێمی بەعسی عێراق  کە هێشتا دوو ساڵی تەمەنی تەواو نەکردبوو، نائارامی ناوخۆیی و فشاری دەرەکی و باری ئابووری و سەربازیی نزیک بە داتەپین تەنگیان پێ هەڵچنی بوو، هەموو ئەوانەش ناچاریانکرد هەوڵێکی خێرا بدات بۆ گەیشتن بە سەقامگیریی ناوخۆیی و بەهێزکردنی جێپێی خۆی، بۆیە بێ یەک و دوو سازشی بۆ ڕابەرایەتیی کورد کرد کە لە دۆخێکی بەهێزدا بوو.

 
ئێستایش لە دوای 55 ساڵ هەمان ئەو دیمەن و بارودۆخانە و زۆر خراپتریش لە  سووریای پاش هەڵاتنی ئەسەدی ڕێوی، دووبارە بوونەتەوە؛ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ڕژێمی حوکمڕانیدا لە ئەنجامی دەستێوەردانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ژێرخانێکی ئابووری و سەربازی و ئەمنیی داتەپیو، ئاژاوە و ململانێی خوێناویی سوننە و عەلەوی، پێکدادانی نێوان لایەنگر و دژەکانی ڕژێمی ئەسەد و حکومەتی شەرع، بڵاوبوونەوەی چەندین گرووپی چەکداری توندڕەوی بەکرێگیراو، لەدەستدانی سەروەریی دەوڵەت و جێگیربوونی سووپای وڵاتانی دوور و نزیک لەسەر خاکی سووریا، هەموو ئەوانە و بەتایبەتییش لەگەڵ پەرەسەندنی ڕۆڵی ئەمریکا و تورکیا لە هاوکێشەی سووریا و خۆرهەڵاتی ناویندا، وایانکرد دیمەشق بە سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆیدا بچێتەوە بەرامبەر بەو ناوچانەی کە ساڵانێکە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنترۆڵکراون، سەرەنجامیش ئەو ڕێککەوتنە بوو کە دوێنێ لەنێوان شەرع و مەزڵومدا واژۆکرا.


کوردانی ڕۆژاڤا دەبێ چ وانەیەک لە چارەنووسی ڕێککەوتنی 11ـی ئادارەوە فێرببن ؟


1. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی و مێژوویی، کە میکانیزمێکی ڕوونی جێبەجێکردنی گەرەنتی نەکردبێت، پشتیوانیی زلهێزێکی کارای نێودەوڵەتی مسۆگەر نەکردبێت، کۆدەنگییەکی نیشتمانی و ناوچەیی بۆ فەراهەم نەکرابێ و ئیرادەیەکی دڵسۆزانە بۆ جێبەجێکردنی لەئارادا نەبێت، بەدڵنیاییەوە درەنگ یان زوو بەرەوڕووی چەندین کێشەی جیاجیا دەبێتەوە و سەرەنجام دادەڕمێت. 


ڕێککەوتنی 11ـی ئاداری نێوان بەغدا و کورد بەهۆی نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسیی ڕاستەقینە بۆ جێبەجێکردنی لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، سەرەنجام بە پێکدادانی سەربازی کۆتاییهات. ئەم وانەیە بۆ ڕێککەوتنەکەی دیمەشق زۆر گرنگە، چونکە نەبوونی میکانیزم و گەرەنتیی ڕوون و نەبوونی پشتیووانیی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، دەبنە هۆی شکستهێنانێکی چاوەڕوانکراو.


2. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسی لەنێوان حکومەتێکی ناوەندی و بزووتنەوەیەکی سیاسی یان چەکداریدا کە سروشتێکی ناوچەیی هەبێت، دەبێت لەسەر بنەمای دانپێدانان و گەرەنتیی دەستووری و یاسایی بێت. لەو سۆنگەیەوە ڕێککەوتنەکەی 10ـی ئاداری  نێوان دیمەشق و کوردی ڕۆژاڤا، ئەگەر لەچوارچێوەی پرۆسەیەکی سیاسیی دیموکراسیی گشتگیردا نەبێت کە حوکمێکی مەدەنی و مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا گەرەنتی بکات، ڕووبەڕووی هەمان چارەنووسی ڕێککەوتنی 11 ئاداری نێوان بەغدا و کورد دەبێتەوە.


ئەنجام:


ساڵڕۆژی ڕێککەوتنی 11ـی ئادار و یادکردنەوەی تەنها پشوویەکی ڕەسمی و ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ بیرکردنەوە لە ئاسۆی چارەسەری سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتی سەبارەت بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و مافەکانی مرۆڤ. ئەو ڕێککەوتنە لەو سەردەمەدا هەنگاوی یەکەم بوو بە ئاراستەی دانپێدانانی مافە نەتەوەییەکانی کورد. هەر ڕێککەوتنێکیش لەنێوان کورد و بەغدا، کورد و  دیمەشق، کورد و ئەنکەرە دا، پێویستە بناغەیەکی تۆکمەی ئەوتۆی بۆ دابڕێژرێت کە گەرەنتیی ماف و دادپەروەری و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاجیاکان بێت، ئەگەر نا، ئەوا وەک دەستووری ئێستای عێراق، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز دەبێت و هیچی تر.

شەیری بکە لە: