بەربەستەکانی بەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق چین؟
- ڕاپۆرت
- 8 کاتژمێر لەمەوپێش

دیمەنی مۆنۆمێنی پارێزگای هەڵەبجە
ئاڤا نیوز
بڕیارە پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا، دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدات، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: لەگەڵ فراکسیۆنەکان قسەمان کردووە ئەوان دەڵێن، لاریمان نییە، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێت: هەندێک لایەنی پەرلەمان هەن لەوانەیە هەڵوێستیان هەبێت.
لێدوانی فەرمی: شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: کاتێک لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان سەردانی سەرۆک بارزانیمان کرد، پێی وتین؛ پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە زۆر دواکەوتووە، داواتان لێدەکەم ئەم بابەتە کۆتایی پێبهێنن. هاوکات لەگەڵ سەردانی نوێنەرانی خەڵکی هەڵەبجە بۆ بەغدا بەڵێنمان پێدان، دووەم دانیشتنی پەرلەمان دەیخەینە بەرنامەی کارەوە.
لەلایەکی دیکەوە: د.موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند، بە شێوەی گشتی هیچ یەک لە فراکسیۆنەکان ڕایاننەگەیاندووە دژایەتی پڕۆژەکە یاساکە دەکەن، بەڵام ئەوەی بیستومانە فراکسیۆنی تەقەدوومی محەممەد حەلبوسی لەگەڵ پڕۆژە یاساکە مورتاح نین و هەڵوێستیان هەیە. هاوپەیمانی فەتح بە هەمان شێوە، چونکە کاتی خۆشی ئەوان بوون بابەتی بە پارێزگابوونی تەلەعفەریان بەرامبەر هەڵەبجە هێنایە پێش. بەڵام گەشبینم کە ئەمڕۆ دەنگی لەسەر دەدرێت.
دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە 12 ساڵە لە بەغدایە
دوای ساڵی 2003 ئەو گۆڕانکارییانەی لە دەسەڵاتی سیاسی عێراق ڕوویدا، چاوەڕوان دەکرا حکومەتە نوێیەکانی عێراق داوای لێبوردن لەو تاوانە بکەن کە ڕژێمی بەعس لە 16ـی ئاداری 1988 بەرامبەر خەڵکی هەڵەبجە ئەنجامییدا، بەڵام ئەمە ڕووینەدا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەرەبوویەکی مەعنەوی بەرامبەر قوربانییەکانی خەڵکی هەڵەبجە، لە ساڵی 2013 ڕەشنووسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ڕادەستی نوری مالیکی سەرۆکی ئەو کاتەی حکومەتی عێراق کرد. دواتر لە 13ـی ئاداری 2014 حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەی دەرکرد.
ئەو کاتە بەهۆی شەڕی داعش دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەبرایە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، تا ساڵی 2015، لەو کاتەوە دۆسیەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ماوەی هەشت ساڵ مایەوە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەکەی سوودانی ئەم ڕەشنووسە ئاهێکی هاتەوە بەر و ڕۆژی 13ـی ئاداری 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕێکارە فیدڕاڵییەکانی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد، ڕەشنووسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نێردرا بۆ پەرلەمان. بەڵام بەهۆی ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بە پارێزگا بوونی نەدراوە، تەنیا لە سنووری هەرێمی کوردستان وەک پارێزگا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
دوو ساڵ دەستی دەستی بە پڕۆژە یاساکە دەکرێت
ساڵی 2023 محەممەد شیاع سودانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ناردە پەرلەمانی عێراق، لە دانیشتنی ڕۆژی یەکشەممە 2-4-2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاساکە کرد. مانگێک دواتر ڕۆژی 4-5-2023 پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمیشی بۆ کرد، بەڵام لە دوای ئەو کاتەوە چەندین جار خراوەتە بەرنامەی کار و بەهۆی ناڕەزایی چەند فراکسیۆنێک، دەنگی لەسەر نادرێت. لەبەرامبەردا چەند فراکسیۆنێکی پەرلەمان هەریەکە لە ناوچەکانی تەلەعفەر، سەهلی نەینەوا، فەلوجە، دووزخورماتوو، زوبێر پێشنیاز دەکەن بکرێن بە پارێزگا.
ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە
لە ڕەشنووسی پڕۆژە یاساکە هاتووە:
بە پشت بەستن بە حکومەکانی بەندی یەکەم لە ماددەی 61ـی دەستووری کۆماری عێراق ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری لەسەر ئەم یاسایەدا:
یاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق
ماددەی یەکەم: دامەزراندنی پارێزگایەکی نوێ بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وەک 19ـهەمین پارێزگای عێراق کە سەنتەرەکەی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
ماددەی دووەم: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق، سنووری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری دەکات.
ماددەی سێیەم: لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕگەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.
ماددەی چوارەم: ئەم یاسایە جێبەجێ دەکرێت دوای ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە.
لە هۆکارەکانی دەرکردنی یاساکە نووسراوە: بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بەهۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی، مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیایی ڕژێمی بەعس لە ساڵی 1988 بۆ سەر شارەکە کەوتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا.
هەڵەبجە یەکێک لە کۆنترین قەزاکانی عێراق
هەڵەبجە دەکەوێتە، باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، مێژووی دروستبوونی ئەو شارە بۆ ساڵانی 1700 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی 1889 بووەتە قەزا و لەڕووی کارگێڕییەوە یەکێکە لە کۆنترین قەزاکانی ئاستی عێراق، ڕۆژی 16-3-1988 ڕژێمی بەعس ئەو شارەی کیمیاباران کرد و زیاتر لە پێنج هەزار هاونیشتمانی ئەو شارە گیانیان لەدەستدا. ئێستا پارێزگای هەڵەبجە لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و خورماڵ و هەریەکە لە ناحیەکانی سیروان و بەمۆ و بیارە پێکدێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 42 خولەک لەمەوپێش
ناوی 100 هەزار کەسی دیکە بۆ وەرگرتنی زەوی زیاد دەکرێت
- کوردستان
- 50 خولەک لەمەوپێش
حکومەت پڕۆژەیەکی نوێ لەبارەی مووچە ڕادەگەیێنێت
- کوردستان
- 58 خولەک لەمەوپێش
ناوی 3500 فەرمانبەر لە هەڵەبجە بۆ وەرگرتنی زەوی دەگەڕێتەوە
- ژینگە
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
بەهۆی بارهەڵگرێکەوە دابینکردنی ئاو بۆ کۆیە وەستێنرا
- کوردستان
- 1 کاتژمێر لەمەوپێش
چیرۆکی دوو کۆچبەری کورد لە بەریتانیا دەنگ دەداتەوە
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
وڵاتێکی ئەفریقی سەرۆك و جێگر و زۆربەی وەزیرانی ئافرەتن
24 ئازار
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر: لە نزیکترین کاتدا نرخی تەماتە دادەبەزێت
24 ئازار
کەشوهەوای ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان چۆن دەبێت؟
23 ئازار
کیلۆیەک هەڵوژە لە عەلوەی هەولێر بە 130 هەزار دینارە
23 ئازار
تەنیا لە مانگی دووی ئەمساڵ نزیکەی 6 هەزار و 400 حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون
23 ئازار