کورد و تورک لە ورمێ؛ ململانێ و پێکەوەسازان

شەیری بکە لە:
کورد و تورک لە ورمێ؛ ململانێ و پێکەوەسازان

لە ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ سەدان کەس لە شەقامەکانی ورمێ بە بەرزکردنەوەی نیشانەی گورگە بۆرەکان دژایەتییان بۆ نەورۆز ڕاگەیاند، گرافیک: ئاڤا

ئاڤا نیوز

 

لە شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ململانێیەکی نوێ لەنێوان هەردوو نەتەوەی کورد و تورکە ئازەرییەکان سەریهەڵداوە، تورک هەڕەشەی تووند و خوێناوی لە کورد دەکەن و دەڵێن: "دەریاچەی ورمێ بە خوێنی کورد زیندوو دەکەینەوە". شارەزایان و چالاکوانانیش پێیانوایە چارەسەر ئەوەیە ڕێگایەک بۆ پێکەوەسازان بدۆزرێتەوە.


چیرۆکی سەرەکی: سەدان کەس لە شەقامەکانی شاری ورمێ گۆپاڵ بە دەست و بە بەرزکردنەوەی نیشانەی گورگە بۆرەکان، دژی دانیشتووانی کوردی شارەکە دروشمیان گوتەوە، ئەمە لەنێو کورد و تورکەکانیشدا کاردانەوەی زۆری لێ کەوتەوە. زۆر کەس دەڵێن ئەمە بۆ نەهێشتنی ڕۆحی پێکەوەژیانە لەنێوان دوو نەتەوەی کورد و تورکە ئازەرییەکانی شارەکە.

ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت: شارەزایانی خەڵکی ورمێ پێیانوایە، ئەوان ڕەوتێکن سوود لە توانای حکومەت وەردەگرن و ئامانجەکانی خۆیان بەرەوپێش دەبەن، تەنانەت دەسەڵاتی ئێرانیش بەرامبەریان هەست بە مەترسی دەکات، بەڵام بەهۆی دەستڕۆیشتووییانەوە ناتوانێت ڕێکارێک بەرامبەریان بگرێتەبەر.

عەبدوڵڵا حیجاب، شرۆڤەکاری سیاسی بۆ ئاڤا قسەی کردووە و پێیوایە: "ئەوان ئێستا ڕەوتێکی بەهێز نین، بەڵام لە کاتی قەیران و گۆڕانکارییەکاندا دەتوانن بە جووڵاندنی هەستی خەڵک کاریگەریی دروست بکەن، چونکە سوود لە دوو فاکتەر ئایینیی  و نەتەوەیی وەردەگرن."

سیداد شیرزاد، چالاکوانی سیاسی بۆ ئاڤا دەڵێت: "لە لای تورکەکانی ئێران ویستی دامەزراندنی دەوڵەتێکی تورکی هەیە و وڵاتانی تورکیا و ئازەربایجانیش بەشێوەی ناڕاستەوخۆ پشتگیرییان بۆ ئەم ویستە دەربڕیوە، ئێرانیش هەست بەم مەترسییە دەکات، بەڵام تورکەکان لەنێو دەسەڵاتی ئێراندا کاریگەریی زۆریان هەیە و جۆرێک حکومەتی قووڵ (دیپ ستەیت)یان هەیە و ئەم حکومەتە شاراوەیە ڕێگە نادات بڕیار و سیاسەتەکانی حکومەتی ناوەندی لە ئازەربایجانی ئێراندا جێبەجێ ببن."

بە بۆچوونی عەبدوڵا حیجاب، ئەوان ڕەوتێکی تووندڕەوی ناسیۆنالیستی ئازەرین کە لە بواری ئایینیی و نەتەوەییەوە دژایەتی کورد دەکەن و وڵاتانی دراوسێ پشتگیرییان دەکەن.

"دەریاچەی ورمێ بە خوێنی کورد زیندوو دەکەینەوە"

ڕۆژی 22.03.2025 سەدان کەس کە جلوبەرگی ڕەشیان لەبەرکردبوو و بە بیانووی ماتەمگێڕان بۆ ئیمام عەلی، ئیمامی یەکەمی شیعە مەزهەبەکان، هاتبوونە سەر شەقامەکان، بەڵام چاودێرانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێیانوایە ئەوە کاردانەوە بووە بە ئاهەنگی نەورۆزی شاری ورمێ کە دانیشتووانی کوردی شارەکە بەڕێوەیان برد و دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد.

ئەوان کەسایەتی دیاری شاری ورمێشیان تێدا بوو، نادر قازیپوور کە پێشتر پەرلەمانتار بووە، وەک بزووێنەرێکی سەرەکی ڕەوتە توودندڕەوە - پان تورکەکانی پارێزگای ورمێ دەناسرێت. ئەوان هەروەها سیمبوولی گورگە خۆڵەمێشییەکانیان نیشان دەدا کە سیمبوولی تورکە نەتەوەپەرستە تووندڕەوەکانی جیهانە.

یەکێک لەوان لە ڤیدیۆیەکدا ڕوو لە کوردانی شارەکە دەڵێت: "ئاگاتان لە خۆتان بێت، دەریاچە وشکبووەکەی ورمێ بە خوێنی ئێوە پڕ دەکەینەوە، ورمێ نابێتە کوردستان. ئەوەش کە لەم وڵاتەدا هەناسە دەکێشن بە عیشقی ڕێبەرەکەمان، سەیدعەلی (خامنەییە)".

هەڵبەت ئەمە بۆچوونی هەموو تورکە ئازەرییەکان نییە و بەگوتەی شارەزایان ئەوان تەنیا کەمینەیەکی بچووکن. شایان هوشیار، چالاکوانی ئازەری، لە ئینستاگرامی خۆیدا نووسیوویەتی: "ورمێ و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا (پارێزگای ورمێ) تەنیا نیشتمانیی تورکەکان نییە و هی هەموو ئەو کەسانەیە تێیدا دەژین.. با ڕێگە نەدەین بەرپرسانی پۆپۆلیست بۆ ئامانجە تایبەتی و سیاسییەکانیان فریومان بدەن."

ئاهەنگی نەورۆزی شاری ورمێ ڕۆژی 18.03.2025 بەڕێوەچوو. یەکەم ئاهەنگی نەورۆزی کورد بوو لەو شارە کە بە مۆڵەتی حکومەت ڕێکخرا و دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد.

کورد کەمتر لە 1%ی بەرپرسایەتییەکانیان بەدەستەوەیە

کورد و تورکە ئازەرییەکان لە ئێراندا سنوورێکی هاوبەشی درێژییان هەیە، لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە و بەشێکی کرماشانیش تێکەڵاوییان هەیە. بەدرێژایی مێژوو بە ئاشتیانە ژیاون، بەڵام زۆرجاریش پێکدادانی خوێناوی لەنێوانیاندا ڕووی داوە. 
 
کورد و تورک لە ئێراندا لە مافە نەتەوەییەکانیان بێبەش کراون، لەوانە خوێندن بە زمانی دایک، بەڵام تورکە ئازەرییەکان بە کۆمەڵێک هۆکار وەک کورد زووڵمیان لێ نەکراوە و ئێستا خۆیان پێکهێنەرێکی سەرەکی دەسەڵاتی ئێرانن، زۆر کەس بە دەسەڵاتی شاراوەیان دەزانێت و بەشێکی هەرە سەرەکی ئابووری ئەو وڵاتەش بەدەست ئەوان هەڵدەسوڕێت.

سیداد شیرزاد، چالاکڤان و شرۆڤەکاری سیاسی دانیشتووی شاری ورمێ، شەوی 23.03.2025 لە ڕێگەی گووگڵ میتەوە هەندێ زانیاری وردی بە ئاڤا دا و گوتی: "هەموو ئەو کەسانەی لە شارەوانی شاری ورمێ مووچە وەردەگرن، لە سەرۆکی شارەوانی تاوەکو ژینگەپارێز، نزیکەی 6 هەزار کەسن، بەڵام تەنیا نزیکەی 40 کەسیان کوردن، واتە کەمتر لە 1%، کەچی شاری ورمێ نزیکەی 40%ی کوردە. لەسەر ئاستی شاری ورمێ 800 قوتابخانە هەیە، بەڵام بەڕێوەبەری 5 قوتابخانە کوردن، دیسان کەمتر 1%، هەروەها لە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگا کە زیاتر لە 120 بەرپرسیارێتی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاست بەرزە، نزیکەی 8 کەسیان کوردن، ئەوانەش بەشێکیان لەو شارە سەدا سەد کوردییەکانی وەک پیرانشار و شنۆو ... هیتد بەرپرسیارێتییان هەیە."


عەبدوڵڵا حیجاب خەڵکی ورمێ و دانیشتووی وڵاتی نەرویجە، لە ڕێگەی واتس ئەپەوە، بە ئا ڤامیدیای گوت: "لەدوای شۆڕشی ئێران لە ساڵی 1979 ڕەوتێکی زۆر دژەکورد دروست بوو، دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی ئێرانیان بەکارهێنا و لەسەر دوو بنەما دژایەتی کوردیان کرد، یەکەم ئەوەی کە کوردانی ئەو ناوچەیە سوننەن و ئەوان شیعە بوون و لەم ڕێگەیەوە خۆیان لە حکومەتی تاران نزیک کردەوە، دووەم لەڕووی سیاسی، کولتووری و جوگرافییەوە."

کۆی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ 60% کوردن

سیداد شێرزاد دەڵێت: 60%ی کۆی دانیشتووانی پارێزگای ورمێ کوردن، بەڵام دەسەڵات هەمووی لەدەست تورکە شیعەکان دایە و کوردە سوننەکان پەراوێز خراون.


لە ڕوانگەی عەبدوڵا حیجابەوە، ڕوانگەی تورکە ئازەرییەکان ئێستا گۆڕاوە و ئەوان چاویان لەوەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ ئیمپراتۆری وڵاتە تورکەکان دروست بکەن، ئەمەش بە قازانجی حکومەتی ناوەندیی ئێران نییە، بەڵام تاران ناتوانێت دژایەتییان بکات، چونکە دامودەزگا حکومییەکانی ناوچەکە بەدەست ئەوانەوەیە و خۆیان بەڕێوەبەر و دەسەڵاتداری ناوچەکەن.


لەلایەکی دیکەوە سیداد شیرزاد دەڵێت: گەمارۆکان، پەراوێزکەوتنی ئێران لە ئاستی جیهانی، لاوازبوونی پێگەی ئێران، گوشارە نێودەوڵەتییەکان و بوونی حکومەتی شاراوە لە ئێران، وایان کردووە تاران نەتوانێت کاردانەوەی بەهێز و بەگوێرەی پێویست، بەرامبەر ڕەوتە پان تورکەکان نیشان بدات.


عەبدوڵا حیجاب دەڵێت: دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی دراوسێ کاریگەرییان لەسەر ئەو ڕەوتە ئازەرییە هەیە و ڕێکیانخستوون، ئامانجەکەش دژایەتی بزووتنەوەی کوردستان و پەرەپێدانی دەستڕۆیشتووی خۆیانە لە ناوچەکەدا.


سیداد شیرزاد دەڵێت:  میراتگرانی ئیمپراتۆری عوسمانی هەوڵ دەدەن قووڵایی ستراتیژی دروست بکەن، بەشێک لەم ئەرکەش بە وڵاتی ئازەربایجان دراوە کە نزیکایەتییەکی کولتووری و مێژوویی زیاتری لەگەڵ تورکەکانی ئێراندا هەیە.


بەگوتەی سیداد شیرزاد، کورد لە 20 ساڵی ڕابردوودا خەباتێکی مەدەنییان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی لە دەسەڵاتدا بەشدار بن و کوردیش بەشی خۆی هەبێت، بەڵام ئەو گۆڕانکارییانە بە زەحمەت ڕوودەدەن و لایەنی بەرامبەر هەوڵ دەدات ئەو گۆڕانکارییانە ڕوونەدەن.

چارەسەر چییە؟

تورکە ئازەرییە بناژۆخوازەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کورد کۆچبەرن و لە سێ سەدەی ڕابردوودا هاتوونەتە ورمێ و خاکی ئازەربایجانیان داگیرکردووە، کورد وەک میوان و داگیرکەر نیشان دەدەن و بە بەردەنگی خۆیان دەڵێن، بەمپێیە کورد هیچ مافێکی نییە.

شارەزایان و چالاکوانانیش پێیانوایە، ئەمە ڕێگەچارە نییە و تەنیا ڕێگەچارە ئەوەیە ڕێگایەک بۆ پێکەوەسازان بدۆزرێتەوە.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ