
کۆبوونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری کاتی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات
ئاڤا نیوز
دیدگای سیاسی هاوبەشی کوردی کە لەلایەن ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا - ئەنەکەسە و پارتی یەکێتیی دیموکرات – پەیەدە داڕێژراوە، لە چوارچێوەی زیاتر لە 25 خاڵ دەخرێتە بەردەم حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ڕۆژی 18ـی ئازار لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە)، بە ئامادەبوونی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سکووت بۆڵز، نوێنەری ئەمریکا بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو. لە دوای کۆبوونەوەکە ئەنەکەسە ڕایگەیاند، لەبارەی دیدگای هاوبەشی کورد لە سووریا ڕێککەوتوون.
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەگوێرەی سەرچاوەیەک کە قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی "شەفەق نیوز" کردووە، وردەکاریی داخوازییەکانی کوردانی سووریای بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە دیدگای سیاسی هاوبەشی کورد لەخۆ دەگرێت، ئاشکرا دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بڕیارە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە فەرمی لەلایەن هێزە سیاسییە کوردییەکان لە سووریا ڕابگەیێنرێت.
زانیاریی زیاتر: بەڵگەنامەکە لە دوو بەش و زیاتر لە 25 بڕگە پێکهاتووە، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە سووریا دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی و فرە کولتووری و فرە ئاینییە و دەستوورەکەی دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکان بە عەرەب و کورد و سریانی و ئاشووری و تورکمانەوە دەستەبەر بکات، جگە لە مەزهەبە ئایینییە جیاوازەکان، کە لەسەر بنەما دەستوورییەکان دامەزراون.
دیدگاکە بەمشێوەیەی خوارەوەیە:-
• پابەندبوون بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، بنەماکانی هاووڵاتیبوونی یەکسان و مافەکانی مرۆڤ.
• سیستمێکی حوکمڕانی پەرلەمانی تێکەڵاو کە فرەیی سیاسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پەسەند دەکات.
• جێبەجێکردنی لامەرکەزی بۆ دەستەبەرکردنی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و سامان.
• نوێنەرایەتیکردنی هەمەجۆریی نیشتمانی و کولتووری لە ناو و ئاڵا و سروودی نیشتمانی وڵاتدا.
• بێلایەنی دەوڵەت بەرامبەر بە ئایینەکان، لە هەمان کاتدا ناساندنی ئایینی ئێزیدی وەک ئایینێکی فەرمی.
• وەرگرتنی ناسنامەیەکی نیشتمانی گشتگیر کە تایبەتمەندییەکانی هەموو پێکهاتەکان لەبەرچاو بگرێت.
• دڵنیابوون لە یەکسانی جێندەری دەستووری و نوێنەرایەتی ژنان لە دامەزراوەکاندا.
• پاراستنی مافەکانی منداڵان بەپێی ڕێککەوتننامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
• پێداچوونەوە بە دابەشکارییە کارگێڕییەکان بۆ ڕەچاوکردنی چڕی دانیشتووان و جوگرافیا.
• وەرگرتنەوەی شوێنەوارە تاڵانکراوەکانی سووریا لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات.
• هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی گۆڕانکاری دیمۆگرافی و دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئاوارەکان بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی وەک عەفرین و سەرێ کانی و گرێ سپی و درێژکردنەوەی سەروەری دەوڵەت بەسەریاندا.
• پێکهێنانی لیژنەیەکی ئامادەکاری بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی کە بەشداریی هەموو لایەنەکانی سووریا مسۆگەر بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنی دامەزرێنەر و ڕاگەیاندنی دەستووری و حکومەتێکی ڕاگوزەر بە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی تەواوەوە.
لە بواری نەتەوەیی کورددا بەمشێوەیەی خوارەوەیە:-
بەڵگەنامەکە جەخت لەسەر پێویستی دانپێدانانی دەستووری بوونی نەتەوەیی کورد لە سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانیان بە پێی ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان دەکاتەوە.
• یەکخستنی ناوچە کوردنشینەکان وەک یەکەیەکی سیاسی و ئیداری لە چوارچێوەی سووریایەکی فیدراڵیدا.
• دانپێدانانی دەستووری بە مافەکانی کورد لە سیاسەت و ڕۆشنبیری و ئیدارەدا.
• بەرز نرخاندنی قوربانیدانی شەهیدانی شۆڕشی سووریا و دەستەبەرکردنی مافی بنەماڵەکانیان.
• نوێنەرایەتی دادپەروەرانەی گەنجان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا وەک هێزێکی کاریگەر.
• بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی شانبەشانی زمانی عەرەبی و دەستەبەرکردنی خوێندن تێیدا.
• دامەزراندنی ناوەندی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کوردی و پاڵپشتیکردنی لێکۆڵینەوە لەسەر کەلەپووری کورد.
• دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرییەکانی دەوڵەتدا.
• داننان بە نەورۆز وەک جەژنێکی فەرمی لە سووریا.
• هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی هەڵاواردن دژی کورد، وەک پرۆژەی پشتێنی عەرەبی و ئۆپەراسیۆنەکانی بەعەرەبکردن و قەرەبووکردنەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە.
• گەڕاندنەوەی ڕەگەزنامەی سووریا بۆ ئەو کوردانەی کە بەهۆی سەرژمێری ساڵی 1962 ڕەگەزنامەیان لێسەندرایەوە.
• پەرەپێدانی ژێرخانی ناوچە کوردستانییەکان و تەرخانکردنی ڕێژەیەکی سەدی داهاتی سەروەت و سامانەکەیان بۆ پڕۆژەی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی دەیان ساڵەی پەراوێزخستن و پشتگوێخستن.
ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت: بە گوتەی بەرپرسێکی کورد کە قسەی بۆ ئاژانسەکە کردووە "ئەم دیدگایە نەخشەڕێگایەکە بەرەو سووریایەکی دیموکراسی و فرەیی کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەرەنتی دەکات و یەکپارچەیی خاکەکەی لەژێر سیستمێکی فیدراڵیدا دەپارێزێت.
زانیاریی زیاتر: بەگوتەی ئەو بەرپرسه چاوەڕوان دەکرێت له ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی له نێویاندا ئەمریکا و فەرەنسا، دیدگای هاوبەشی نێوان هێزه سیاسییه کوردییهکان له سووریا ڕابگەیێنرێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 13 خولەک لەمەوپێش
ئەردۆغان: ئیمامئۆغلو کتێبی درۆ و گەندەڵی نووسیوە
- بزنس
- 34 خولەک لەمەوپێش
پارەی مووچەی مانگی سێ خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
- ڕاپۆرت
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
داواکارییەکانی تورکیا لە ئەمریکا چین؟
- ڕاپۆرت
- 23 کاتژمێر لەمەوپێش
بەربەستەکانی بەردەم بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق چین؟