سەرەڕای گوشارەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری بۆ نەورۆز دەکرێت
- ڕاپۆرت
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش

ئەهەنگی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. وێنە - ئەرشیف
ئاڤا نیوز
سەرەڕای بەربەستەکان لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چالاکوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادەکاری بۆ یادی نەورۆز دەکەن و داوا لە هەموو هاونیشتمانیان دەکەن بەشداری یادەکە بکەن.
چیرۆکی سەرەکی: چالاکوانانی کولتووری کورد لە کاتێکدا ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆنەکانی نەورۆز، کاتی نوێبوونەوەی ساڵی کوردی، بە جۆش و خرۆشەوە بەڕێوەببەن، دامودەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی ئێران گوشاریان خستووەتە سەریان بۆ ئەوەی ئاهەنگەکان بەڕێوە نەبرێن.
لێدوانی فەرمی: چالاکوانێکی کولتووری خەڵکی شاری شاباد، سەر بە پارێزگای کرماشان، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: نزیکەی 13 کەس لە چالاکوانانی ئەو شارە لەلایەن ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگ کراون و هۆشداری تووندیان پێدراوە کە نابێت بانگەشە بۆ ئاهەنگی نەورۆز بکەن.
لە ڕێکخراوی ئیتلاعات بەو چالاکوانانە گووتراوە "بارودۆخ زۆر هەستیارە و هەر کەس هەوڵ بۆ ئاهەنگی نەورۆز بدات ڕێکاری یاسایی بەرامبەری دەگیرێتەبەر."
زانیاریی بەدەستهاتوو: بەپێی زانیارییەکان سەرچاوەیەک لە شاری بەدرە، سەر بە پارێزگای ئیلام، لەبەر هەستیاریی بابەتەکە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاڤا میدیای وت، رۆژی 2025-03-06، دامودەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای ئیلام تەلەفۆنیان بۆ ئەو چالاکوانانە کردووە کە هەوڵیانداوە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەڕێوەببەن و پێیان گوتوون ئەگەر لە سەر هەوڵەکانیان بەردەوام بن، بە بڕیاری دادگاوە دەچن و دەستگیریان دەکەن.
زانیاریی زیاتر: کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئاهەنگی نەورۆز، کە بە هەزاران کەس بەشداری تێدا دەکەن، هەستیار بووە، بەڵام دوای بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' و پەرەسەندنی ئەم جۆرە ئاهەنگانە بۆ ناوچەکانی ئیلام و کرماشان کە لەڕووی ئابووری، سیاسی و بەتایبەت جیۆپۆلیتیکەوە گرنگن، هەستیارییەکانی زیاتر بووە.
لە ئاهەنگەکانی نەورۆز، بەشداربووان جلوبەرگی کوردی خاکی لەبەر دەکەن و جامانە لە مل دەئاڵێنن یان بە دەستیانەوە دەیشەکێننەوە، کە نیشانەی هۆگری و لایەنگرین بۆ بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حکومەتیش لە پەیامی ئەمە تێدەگات.
حکومەتی ئێران هەستیارییەکانی بەرامبەر پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام زیاترە، ئەگەر چی ئەم دوو پارێزگایە بەشدارییەکی ئەوتۆیان لە بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا نەبووە، چونکە ئەوان لەڕووی ئایین و زاراوە لە هاوزمانەکانی دیکەیان جیاوازن، بۆیە حکومەت زۆری هەوڵداوە رێگە نەدات پەیوەندیی لەنێوانیاندا دروست ببێت.
لە دوای بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادیی'ـەوە کە ساڵی 2022 ڕوویدا و بوو بە گەورەترین ناڕەزایەتی مێژووی کۆماری ئیسلامی، هاوپەیوەندیی و یەکگرتوویی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان لەگەڵ بەشەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرەوپێشچوونی زۆری بەخۆوە بینیوە.
ئەم یەکگرتوویی و هاوئاهەنگییە لە ئاهەنگ و بۆنەکانی نەورۆزی ساڵی پاری کرماشان و بەتایبەت پارێزگای ئیلامدا زیاتر خۆی نیشاندا. کاتێک دەیان هەزار کەس لە ئاهەنگەکانی نەورۆز بەشدارییان کرد و ئەوانیش جلوبەرگی کوردی خاکییان لەبەر کردبوو و جامانەیان بە دەستیان گرتبوو.
حکومەتی ئێران هەستیار بووە بە بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە پەلوپۆ نەهاوێژێت، چونکە سنوورێکی دوور و درێژیان لەگەڵ وڵاتی عێراقدا هەیە و لەڕووی نەوت و گاز و بەرهەمە کشتوکاڵی و کانزاییەکانەوە دەوڵەمەندن و یەکگرتنیان لەگەڵ ناوچە سەرووترەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وزەیەکی زۆر بە بزووتنەوەی کوردستان دەبەخشێت. چونکە زیاتر 12%ـی نەوت و گازی ئێران لە پارێزگای ئیلام دایە.
بە سەرنجدان بەم بابەتانەیە کە حکومەتی ئێران بەربەست لەنێوان بەشەکانی سەروو و خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دروست دەکات، بۆ ئەوەی نەتوانن ببنە خاوەن سیمبولی و گوتار و چالاکیی هاوشێوە.
لە لایەکی دیکەوە: ڕۆژی 2025-03-05، بەرپرسانی پارێزگای ئیلام کۆبوونەوەیەکی تایبەتیان ئەنجامدا و بڕیاریاندا رێگە نەدەن ئاهەنگەکانی نەورۆز بەڕێوەبچن و ڕێکاری یاساییش بەرامبەر ئەو کەسانە بگرنەبەر کەوا بانگەوازیان بۆ ئەو ئاهەنگانە کردووە.
عەبدولوەهاب بەخشندە، داواکاری گشتیی ئیلام، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی فەرمان بە چاکەی ئیلام ئاماژەی بەوە كردووە، دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کەڵکی خراپ لەو ڕێوڕەسمانە وەردەگرن، بۆیە ڕێگەیان پێنادەین پەرە بە دەستڕۆیشتووی خۆیان بدەن.
سادق حوسێنی، فەرماندەی لقی ئیلامی فەرماندەیی سوپای پاسدارانیش، هۆشداری بە دامودەزگا حکومییەکان داوە کە هیچ یەک لەوان مافی ئەوەیان نییە مۆڵەت بۆ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز بدەن و گوتوویەتی، دژبەرانی کۆماری ئیسلامی بۆ قازانجی خۆیان کەڵک لە ئاهەنگەکان وەردەگرن.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەو بڕیارانە کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە. بۆیە لقی ئیلامی سوپای پاسداران رۆژی 08.03.2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا بە ئاشکرا پاشەکشێی کرد لە قسەکانی فەرماندەکەیان و گوتی، لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی کراوە، هاوکات پێداگریی کردەوە کە دەبێت بۆنەکان لە چوارچێوەی یاسا و ڕێوشوێنەکاندا بەڕێوەبچن.
ئەمەش بزانە: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا، بڕیارە چالاکوانانی کولتووریی پارێزگای ئیلام ئاهەنگە جەماوەرییەکانی نەورۆز لە شارەکانی ئاودانان، دێلران، پەهلە، هولەیلان بەڕێوەببەن و داوایان لە خەڵکیش کردووە بە خێزانەوە بەشداریی لە ئاهەنگەکاندا بکەن.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
ئێران: بۆ ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان ئامادەی دانووستانین
- بیروڕا
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
- کوردستان
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
هۆشداری بەو کەسانە دەدرێت پێگەی حاجی و عومرەکار ناشرین بکات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
گەورەترین سابوونی حەلەبی لە جیهاندا دروست دەکرێت
16 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئێران ژمارەی لەسێدارەدانی ژنان زیادی کردووە
8 ئازار
پێشبینییەکانی 48 کاتژمێری داهاتووی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستان
8 ئازار
مەسرور بارزانی: پابەندین بە زیاتر ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم ئافرەتان
8 ئازار
هەشتی مارس؛ ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان لە چییەوە هاتووە؟
8 ئازار