ترەمپ یەدەگ و کۆگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دادەمەزرێنێت

شەیری بکە لە:
ترەمپ یەدەگ و کۆگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دادەمەزرێنێت

وێنەی دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا - دۆلار و بیتکۆین

ئاڤا نیوز

سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی بۆ دامەزراندنی یەدەگی ستراتیژی بیتکۆین و کۆگای دراوە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمریکا دەرکرد، ئەمەش ئەمریکا دەکاتە پێشەنگی وڵاتان لە ستراتیژییەتی سەروەت و سامانی دراوی ئەلیکترۆنی لەسەر ئاستی جیهان.

وێنە گەورەکە: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەڕێگەی فەرمانەکەیەوە دەیەوێت تەواوی دراوە ئەلیکترۆنییەکان کە لە دامەزراوەکانی ئەمریکا پەرش و بڵاوبوونەتەوە، خاوەندارێتیان بخاتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکا.

ڕاگەیێنراوی فەرمی: کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆک ترەمپ واژۆی لەسەر فەرمانێک کردووە بۆ دامەزراندنی یەدەگی بیتکۆین و دروستکردنی کۆگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە ئەمریکا.

- فەرمانەکە یەدەگی ستراتیژی بیتکۆین دروست دەکات کە بیتکۆین وەک سەرمایەیەکی یەدەگ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

- یەدەگی ستراتیژی بیتکۆین سەرمایەگوزاری دەکرێت بە بیتکۆین کە خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.

- ئەمریکا ئەو بیتکۆینانە نافرۆشێت کە لە یەدەگی ستراتیژیی بیتکۆیندا دانراوە و وەک کۆگایەکی سەروەت و سامانی یەدەگ پارێزگاری لێدەکرێت.

- وەزیرانی گەنجینە و بازرگانی ئەمریکا دەسەڵاتیان هەیە ستراتیژی خۆیان لە بودجەدا بۆ بەدەستهێنانی بیتکۆینی زیاتر دابڕێژن، بە مەرجێک ئەو ستراتیژەیان نەبێتە هۆی زیادبوونی باج لەسەر هاوڵاتیانی ئەمریکا.

- فەرمانەکەی سەرۆک ترەمپ کۆگایەکی بۆ سەروەت و سامانی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی ئەمریکا دامەزراند، کە تیایدا دراوەکانی دیکە جگە لە بیتکۆین هەڵدەگیرێن.

- وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەتوانێت ستراتیژیی بەڕێوەبردنی کۆگەکە دیاری بکات، لەوانەش فرۆشتنی دراوەکانی کۆگاکە.

- دامەزراوەکانی ئەمریکا دەبێت ژمێریاری تەواوی هەڵگرتنی سەروەت و سامانی دراوە ئەلیکترۆنییەکانی خۆیان پێشکەش بە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا و گروپی کاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ بازاڕەکانی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بکەن.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بیتکۆین کە دراوی کریپتۆی ڕەسەنە، بەهۆی کەمی  دراوەکە و ئاسایشەکەیەوە بە زێڕی دیجیتاڵی ناودەبرێت، هەرگیز هاک نەکراوە.

ئەمەش بزانە: حکومەتی ئەمریکا خاوەنی 200 هەزار بیتکۆینە و نرخی کۆی گشتییان دەکاتە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار، ئەمەش سوودی ستراتیژی هەیە و ئەمریکا دەکاتە یەکەم وڵات کە یەدەگی ستراتیژی بیتکۆین دروست دەکات.

زانیاریی زیاتر: ئێستا ئەمریکا بڕێکی بەرچاو لە بیتکۆینی بەدەستەوەیە، بەڵام پێگەی ستراتیژی خۆی وەک کۆگایەکی ناوازە لە سیستەمی دارایی جیهانیدا بەرەوپێش نەبردووە.

بۆچی گرنگە: ئەم فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ یەدەگ و کۆگاکردنی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە ئەمریکا دەبێتە هۆکارێک بۆ کۆکردنەوەی ئەو دراوە ئەلیکترۆنیانەی دامەزراوەکانی ئەمریکا لە تاوانباران و کەسانی دیکە دەستیان بەسەرداگرتووە و گرتنەبەری هەنگاوی ئەرێنییە بۆ ناوەندکردنی خاوەندارێتی، کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردنی ئەم سەروەت و سامانانە لەناو حکومەتی ئەمریکا، چاودێرییەکی دروست، بەدواداچوونی ورد، و ڕێبازێکی یەکگرتوو بۆ بەڕێوەبردنی هەڵگرتنی دراوی کریپتۆی ئەمریکا مسۆگەر دەکات.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: