وڵاتانی عەرەبی لە لووتکەی قاهیرە لەبارەی غەززە خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکان دزییەوە

شەیری بکە لە:
وڵاتانی عەرەبی لە لووتکەی قاهیرە لەبارەی غەززە خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکان دزییەوە

کەرتی غەززە

ئاڤا نیوز

 

لە کۆبوونەوەی لووتکەی بەپەلەی وڵاتانی عەرەبی بڕیارێکی ڕوون لەبارەی داهاتووی غەززە نەدرا لەبەر ڕۆشنایی ئەو پلانەی کە لەلایەن میسرەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە پێشنیاز کرابوو، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ حەماس، هاوکات وەک پێویست باس لەو سەرچاوە داراییە بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارەکە نەکرا و هیچ وڵاتێکیش بەڵێنێکی ڕوونی نەدا کە بەشێک لە تێچووی ئاوەدانکردنەوەی غەززە بدات لەگەڵ ئامادەنەبوونی بەرچاوی سەرکردەی وڵاتانی کەنداو لە کۆبوونەوەکەدا.

 

چیرۆکی سەرەکی: سێشەممە 4-3-2025، کۆبوونەوەی نائاسایی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی بە بەشداریی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە پەیوەست بە دۆخی غەززە و گەیشتن بە بڕیارێکی عەرەبیی یەکگرتوو بەڕێوەچوو.

 

هۆکارە زانراوەکان: دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازی گواستنەوەی خەڵکی غەززەی بۆ وڵاتانی میسر و ئوردن کرد، زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەم پێشنیازەیان ڕەتکردەوە، بۆ ئەم مەبەستەش کۆبوونەوەیەکی تایبەت سەبارەت بەم بابەتە لە قاهیرە کرا.

 

وڵاتانی عەرەبی خۆیان لە بەرپرسیارێتییەکان دزییەوە

 

کۆتاییهاتنی لووتکەکە بەبێ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی وروژێنراون، بە ئەنجامێکی ناتەواو دادەنرێت بۆ دۆخێکی نائاسایی کە تێیدا هەمووان خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە، تەنانەت فەلەستینییەکان دەستبەرداری بەرپرسیارێتی خۆیان بوون لە بەرامبەر ئەوەی ڕوویدا، دەسەڵاتی فەلەستین نیوەچارەسەری پێشکەش کرد و حەماسیش هێڵی سووری کێشاوە وەک ئەوەی "تۆفانی ئەقسا" هەرگیز ڕووی نەدابێت و کەرتی غەززە و خەڵکەکەی لە دۆخێکی ئاسوودەدا بن و پێویستیان بە بڕیاری بوێرانە نەبێت بۆ ئەوەی کارەساتەکە دووبارە نەبێتەوە.

 

بەگوێرەی پلانەکەی میسر کە لەلایەن سەرکردە و بەرپرسانی عەرەبی پەسەندکرا، حەماسی لە بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە دوور دەخاتەوە، ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ یەکێک لە گرنگترین داواکارییەکانی ئیسرائیل، بەڵام ئاماژەیەکی ڕوون سەبارەت بە چەکداماڵینی حەماس و باقی گرووپەکان و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییەکانیان نەکراوە.

 

ئیسرائیل ڕەخنە لە دەرئەنجامەکانی لووتکەکە دەگرێت

 

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕەخنەی لە دەرئەنجامەکانی لووتکەکە گرت بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە ڕاستییەکانی بزووتنەوەی حەماس بخاتەڕوو.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل پلانی ئاوەدانکردنەوەکە نەیتوانی ڕاستییەکانی دۆخەکە چارەسەر بکات دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کە بووەتە هۆی کوژرانی سەدان ئیسرائیلی.


هەڵوێستی ناڕوونی سەرکردەکان.

 

ئەوە ڕوون بوو کە سەرکردەکانی ئامادەبووی لووتکەکە پێیان باشتر بوو هەڵوێستێکی ناڕوونیان هەبێت بۆ ئەوەی لەگەڵ شەقامی عەرەبیدا پێکدادانیان نەبێت و ئەو وێنەیەی لە قۆناغی شەڕدا بۆ خۆیان دروستیان کردبوو، بپارێزن. کە لە شەقام و مقاوەمە نزیک بوون. زەحمەتە بۆیان بتوانن بڕیارێک بدەن کە پێچەوانەی ئەو وێنەیە بێت.

 

چەکی دەستی حەماس وەک بەربەستێک لەبەردەم پلانی میسر

 

چاوپۆشیکردن لە چەکی دەست حەماس لە داهاتوودا کێشە بۆ پلانی میسر دروست دەکات، چونکە حەماس دەتوانێت بەربەست لە هەر قۆناغێکی پلانەکە دروست بکات یان بەشداریی هەندێک وڵات ڕەت بکاتەوە. هەروەها بوونی ئەو ئاسانکاری دەکات بۆ سەرهەڵدانی سینوارێکی نوێ کە ئەرکی شەڕکردن لەگەڵ ئیسرائیل دەگرێتە ئەستۆ و بەم شێوەیە ئەو ملیارەها دۆلارەی کە بۆ ئاوەدانکردنەوە خەرج دەکرێت لەگەڵ شەڕێکی نوێی نمایشی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دەڕوات. چەند مانگێک دواتر، پلانێکی تر دەردەکەوێت کە داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات پارەی نوێ بۆ ئاوەدانکردنەوە تەرخان بکەن. ئەمەش خاڵی مشتومڕ بوو کە لووتکەکە دەبوو بە ڕوونی چارەسەری بکات.

 

هێشتنەوەی چەک لە دەستی حەماسدا ڕەنگە زەمینەی بۆ شەڕی ناوخۆ بڕەخسێنێت ئەگەر هاتوو فەلەستین لە قۆناغێکی دواتردا بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بگرێتە دەست وەک لە پلانی میسردا پێشنیاز کراوە.

 

حەماس بازنەی لێکدانەوەکان و هەڵوێستە ناڕوونەکانی عەرەبی بڕییەوە بەو پێیەی کە چەکەکانی "هێڵی سوورە" و کەس لێی نزیک نابێتەوە و هەڵوەشاندنەوەی چەکەکانی حەماس ئەو مەرجەیە کە ئیسرائیل وەک خاڵی چوونە ژوورەوە بۆ دانوستانەکانی قۆناغی دووەم کە پلانی میسر و عەرەبی لەسەر بنەمای دەبێت، دایدەنێت.

 

چاودێران دەڵێن، میسر و قەتەر ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە ڕازیکردنی حەماس بۆ دەستبەرداربوون لە بوونی خۆی لە دەسەڵاتدا و پێویستە دەستلەکاربکێشێتەوە و ڕێگە بە پێکهێنانی ئیدارەی فەلەستینیی بدات، چونکە تووڕەیی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەبێتە هۆی ڕاماڵینی دانیشتوانی غەززە.

 

حەماس بەشێک نابێت لە ئیدارەدانی کەرتی غەززە

 

 

 

ڕۆژی سێشەممە حازم قاسم، وتەبێژی حەماس گوتی بزووتنەوەکەی بەشێک نابێت لە هیچ ڕێکخستنێکی کارگێڕی بۆ داهاتووی کەرتی غەززە بە مەرجێک لەسەر ئاستی نیشتمانی ڕێکبکەون و گوتی مەرج نییە حەماس بەشێک بێت لە ڕێکخستنەکان و ئارەزووی ئەوە ناکات و نایەوێت لە سەرەتاوە لەو ڕێکخستنەدا بێت.

 

سەرچاوە عەرەبییەکان لە قاهیرە بۆ ڕۆژنامەی عەرەب ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە پلانی میسر تەنها بە دۆسیەی نیشتەجێکردنەوە سنووردار نەبووە و وەڵامی ڕاستەوخۆی پێشنیارەکەی ترەمپ نەبووە، چونکە سەرکردە عەرەبەکان نایانەوێت لەگەڵ واشنتن پێکدادان دروست بکەن و مەسەلەکە وەک ڕەگەزێکی دەستپێشخەری وێنا بکەن، هەر بۆیەش دەرئەنجامەکانی لووتکەی قاهیرە زیاد لە پێویست نەرم بوون.

 

چارەسەری دوو دەوڵەتی (ئیسرائیلی و فەلەستینی)

 

پلانەکەی میسر جەختی لەوە کردەوە کە جێبەجێکردنی پێویستی بە ڕێکخستنەکانی حوکمڕانی ئینتقالی و دابینکردنی ئاسایش هەیە، بە شێوەیەک کە ئاسۆی چارەسەری دوو دەوڵەتی (ئیسرائیلی و فەلەستینی) وەک باشترین چارەسەر لە ڕوانگەی کۆمەڵگە و یاسای نێودەوڵەتییەوە بپارێزێت و کەرتی غەززەش بەشێکی دانەبڕاوە لە ناوچە فەلەستینییەکان و ئەمەش ڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئیسرائیلە بۆ جیاکردنەوەی غەززە لە کەناری ڕۆژئاوا.

 

ئەیمەن ڕەقەب، پرۆفیسۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قودس بە ڕۆژنامەی عەرەبی ڕاگەیاند: پلانی میسر وەڵامی بەشێکی گرنگی خواستەکانی گەلی فەلەستینی دایەوە لەم هەلومەرجە سەختەدا، ڕێککەوتنی ئەوەی کە حەماس لە غەززە لە سەرۆکایەتیی دەسەڵات نەبێت، چارەسەرێکی باش بوو دوای ئەوەی ئەرکی بەڕێوەبردنەکەی بە لیژنەیەکی تەکنۆکرات دەسپێردرێت، دواتر دەسەڵاتی فەلەستین ئەرکەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

 

پلانی میسر بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە

 

میسر پلانێکی بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە بە تێچووی 53 ملیار دۆلار لە ماوەی پێنج ساڵدا پێشنیاز کردووە، کە تێیدا گەرەنتی ڕانەگواستنی فەلەستینییەکان دەکات لە کەرتی غەززە.

 

پلانەکە پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی غەززە لەخۆ دەگرێت کە کاروباری کەرتی غەززە لە ماوەی گواستنەوەدا بۆ ماوەی شەش مانگ بەڕێوە دەبات، بە مەرجێک لیژنەکە سەربەخۆ بێت و لە کەسانی تەکنۆکرات پێک بێت کە لەژێر چەتری حکومەتی فەلەستین کار دەکەن.

 

پلانەکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بایەخ بدەن بە پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی میسر و قەتەر و ئەمریکا بۆ سەقامگیرکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و یەکێک لە دیارترین کاریگەرییەکانی تێکچوونی ئاگربەستەکە "ڕێگرتن لە هەوڵە مرۆییەکان و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەیە."

 

جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی

 

بڕیارنامەیەکیش پێشنیار کرا بۆ جێگیرکردنی هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی لە ناوچەکانی فەلەستین لە چوارچێوەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین.

 

ئەیمەن ڕەقەب بانگەوازی لوتکەکەی بەرز نرخاند بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بڕیارنامەیەک سەبارەت بە بوونی هێزە نێودەوڵەتییەکان لە غەززە دەربکات، کە بەشێک لە ئەرکەکانیان جیاکردنەوەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: