مەزڵووم عەبدی، ئەردۆغان و شەیبانی؛ سێ دیدار لەپێناو پاراستنی باشوور و ڕۆژئاوا

گرافیکی ئاڤا نیوز

گرافیکی ئاڤا نیوز

دوای ئاڵوگۆڕە سیاسی و حکومڕانییەكانی سووریا، هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، هەوڵی ناوەندگیری و پشتیوانی و یەكخستنێكی گەورەی داوە لە نێوان كوردانی ڕۆژئاوا لە لایەک و ئەو دەسەڵاتە خۆجێیە كوردییەی كە لە ڕۆژئاوا هەیە لەگەڵ دەسەڵاتەكانی ناوچەكە بەتایبەت توركیا.

 

بە هۆی  گرنگیی پێگە سیاسی ـ جیۆپۆلەتیكیی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە، سەرۆک بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەدوای هێوری و دراوسێكی ئەمیندا بوون تاوەکو بەردەوام هەرێمەكەمان ئەو ئاسایشە نێوخۆییەی بپارێزێت كە بووەتە جێگەی سەرنج لە ڕۆژهەڵاتی گڕگرتوو.

 

سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی:

 

سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) كۆبوونەوە و باسی پێگەی كوردیان لە سووریای نوێ و یەكگرتوویی كورد لە نێوخۆی ڕۆژئاوا كرد. دواتریش عەبدی لە گفتوگۆیەكی تەلەڤزیۆنی بەشێک لە نێوەرۆكی كۆبوونەكەی ئاشكرا كرد و گوتی: "دیدارم لەگەڵ سەرۆک بارزانی لەپێناو وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بوو، داوام لە سەرۆک بارزانی کرد نێوەندگیریی بۆ وەستانی هێرشەکانی تورکیا بکات، لەگەڵ ئەوەشدا  ئەم سەردانەم بۆ لای سەرۆک بارزانی پەیوەندی بە ڕووداوەکانی سووریا و زامنکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری سووریادا هەیە"... "هەرێمی کوردستان کاریگەری لەسەر هێزە سیاسییەکانی ناوچەکەمان هەیە، سەرۆک بارزانی دەتوانێت ڕۆڵ لە یەکخستنەوەی هەڵوێستی کورد ببینێت".

 

ئەمە پەیامێكی ڕاستەوخۆ و ڕوونە بۆ ئەو خەمخۆرییەی كە سەرۆک بارزانی بەرامبەر پرسی كورد لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان هەیەتی و هەوڵ دەدات بەشێک لە گەلەكەی (بەڵام لە پارچەیەكی دیكە) بە مافی خۆیان بگەن تا هەم لە لایەک مافی بەشێكی كورد بێتە دی و هەمیش دراوسێیەكی ئەمین و پشتیوان بۆ هەرێمی كوردستان دروست ببێت، بۆیە جەنابیان دوولایەنانە هەوڵ دەدات:

 

ـ كورد لە ڕۆژئاوا یەكگرتوو بن تا بتوانن لە سووریای نوێ ماف و خواستەكانیان پارێزراو بن.

ـ توركیا بچێتە نێو قۆناغی ئاشتییەوە لەگەڵ هێزە كوردییەكان لە ڕۆژئاوای كوردستان.

 

سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی و ئەردۆغان:

 

دواتریش مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووەوە و بە خودی دانپێدانانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، داواكارییەكەی مەزڵووم عەبدی گەیێنراوەتە ئەردۆغان بۆ ئەوەی فشار و هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ڕۆژائاوا بوەستێنرێت و جۆرێک لە ئاشتی بەدی بهێنرێت.

 

سەرۆكوەزیران و ئەسعەد شەیبانی:

 

هەر ئەمڕۆش پێنجشەممە ڕێكەوتی (23/01/2025) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لە داڤۆس، لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەكەدا، دۆخی گشتیی سووریا و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا و وەزیری دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوە داوە "کورد خوشک و برای ئێمەن و پێکهاتەیەکی گرنگ و ڕەسەنی سووریان و دڵنیایی دەدەین کە مافەکانیان پارێزراو دەبێت" و باسی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیی سووریا كراوە.

 

ئەم خەمخۆرییە بۆ بەرژەوەندیی كوردە لە دووبارە بوونیادنانەوەی سووریا تاوەکو كورد بتوانێت شەرعییەتی خۆی وەربگرێت و مافەكانی لە نێو دەستوور و چوارچێوەی سووریا پارێزراو بن و چیتر ئەو عەرەبچیەتی و ناوەندگەراییەی كە هەبوو نەمێنێت و پێناسەی نوێی كورد لە سووریا پێناسەیەكی لۆجیكی و ئینسانیانە بێت. 

 

شەیری بکە لە: