ترامپ چی دەوێت؟

ترامپ چی دەوێت؟

لە ئەپڕیلی 2025، سەرۆکی ئەمریکا, دۆناڵد ترەمپ زیادکردنی گومرگی لەسەر هەموو هاوردەکانی وڵاتان ڕاگەیاند، لە هەنگاوێکدا کە مشتومڕی جیهانی لەسەر چەمکی پاراستنی ئابووری، هەنگاوی كرداری دەستیپێكرد و یاساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی ڕێکخستەوە.


بەڵام پرسیاری سەرەکی لەلاى ئابووریناسان و ژمێریارانی دارایی ئەوەیە: ترامپ چی دەوێت؟ ئایا ئەوەی دەیکات لە ڕوانگەی دارایی و ژمێریارییەوە دروستە؟


بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، پێویستە ئەم ڕێکارانە لە سێ گۆشەنیگاوە شی بکەینەوە: ئامانجە ئابوورییەکانیان، کاریگەرییان لەسەر بودجەی گشتی، هەروەها دەرئەنجامە ژمێریاری و داراییەکانیان لەسەر ناوخۆی ئەمریکا و جیهانی دەرەوە.


یەكەم: بەڵێ، بڕیاری ترامپ دروستە - لەسەر بنەمای گریمانەی دارایی واقیعی

 

دوور لە ناکۆکی سیاسی ئەوەی سەیری بڕیاری ترەمپ لە ڕوانگەی دارایی گشتی و بەڕێوەبردنی قەرزەوە بكات، دەبینێت کە لەسەر بنەمای لۆژیکی ڕوون بنیاد نراوە. ئەمە شیکارییە وردەکەیە:


1-سەرەتا لەسەر قەیرانی قەرزی ئەمریکا: ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2025 دارایی گشتیی ئەمریكا بەدەست قەرزێکی گشتی دەناڵێنێت کە بە 36 تریلیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، خەرجییەکانی ساڵانە بە شەش تریلیۆن مەزەندە دەکرێن، لەکاتێکدا داهاتەکان لە چوار تریلیۆن تێناپەڕن، ئەمەش واتە کورتهێنانی ساڵانە دەگاتە دوو تریلیۆن دۆلار.


 لەبەر ئەوە، چارەسەری ئابووری پێویستی بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم کورتهێنانە هەیە لە ڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجی و زیادکردنی داهاتەوە.


2- پلانی ترەمپ پشت بە سێ ئامرازی ئابووری دەبەستێت:


یەکەم: کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکومەت بە بڕی تریلیۆنێک دۆلار لە ڕێگەی ئامانجگرتنی بەفیڕۆدان و ساختەکاری، بەتایبەت لە بەرنامەکانی دڵنیایی کۆمەڵایەتیدا، بۆ نموونە، لە ڕێكخستنەوەی  پێدانی مووچەی خانەنشینی كە پێیان وایە پێویستە ڕێكبخرێت، ئەوەی ئێستا كاری پێدەكەن بەفیڕۆدانێکی بێپاساوی پارەی گشتییە.

 

دووەم: زیادکردنی داهات لە ڕێگەی سێ میکانیزمەوە:


أ‌-باجی گومرگی: ترەمپ هەوڵ دەدات داهاتی گومرگی لە 50 ملیارەوە بۆ 500 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە، پێی وایە وڵاتانی وەک ئەوروپا و چین باجی بەرزتر دەسەپێنن بەسەر بەرهەمە ئەمریکییەکان، بۆیە دەیەوێت بڕیارەکانی ئەم ناڕێکییە چاک بکاتەوە، سەپاندنی باج لە ڕووی ئابوورییەوە و دروستکردنی کارگەى جۆراوجۆر جێگرەوەی كاڵای بیانییە لە ناوخۆی ئەمریکا، ئەمەش هەلی کاری نوێ دروست دەکات و  کۆمپانیاکان ناچاردەبن  باج بدەن.


ب‌-هەڵوەشاندنەوەی یاسا کۆسپکارەکان: لابردنی ڕێسای كۆت و بەندی زۆر، پرۆسەیەکە بۆ کەمکردنەوە یان لابردنی یاسا و ڕێساکانی حکومەت کە چالاکییەکانی کۆمپانیاکان و کەرتە ئابوورییەکان ڕێکدەخەن، بە ئامانجی کردنی ژینگەی کار بە شێوەیەکی نەرمتر و کراوەتر. ئەم چەمکە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیاسەتی ئابووری لیبراڵی و پشت دەبەستێت بە گریمانەی ئەوەی کە بازاڕەکان توانای ڕێکخستنی خۆیان هەیە بە شێوەیەکى کاریگەرتر. 


ت‌-کارتی نیشتەجێبوونی زێڕین: پێشکەشکردنی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی لە ئەمریکا لە بەرامبەر پێنج ملیۆن دۆلار، ئەگەر تەنها 100,000کەس لە سەرانسەری جیهاندا کارتەکە وەربگرن، ئەوا تریلیۆنێک دۆلار وەک داهاتی زیادە دەهێنێت.


سێیەم: کەمکردنەوەی باج لە داهاتى ناوخۆیی ئەمریكا کاتێک داهاتى زیادە بەدەست دێت: 


هەر کە کورتهێنان پڕ کرایەوە، باجی تاکەکەسی کەم دەکرێتەوە  ئەوانەی کەمتر لە 150,000 دۆلار ساڵانە پەیدا دەکەن سفر باج دەدەن، کەمکردنەوەی باجی کۆمپانیاکان لە 21٪ بۆ 15%، واتە کەمتر لە تێکڕای یەکێتیی ئەوروپا (22%)، فەرەنسا (25%)، و ئەڵمانیا (30%)، ئەمەش وا لە ئەمریکا دەکات بە یەکێک لە ڕاکێشترین وڵاتان بێت بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەری بیانی لە جیهاندا.


دووەم: ئایا پلانی ترامپ لۆژیکییە؟ لە دوای ئەو گریمانەی سەرەوە کە باسم كرد
لە ڕوانگەی دارایی و ژمێریارییەو بەڵێ، لۆژیکی و لێکۆڵراوەیە؛ چونکە قەیرانەکە لە ڕەگەوە چارەسەر دەکات، پارەکان لە بەفیڕۆدان بۆ چینە لاوازەکان وەک بەتەمەنەکان و هەژاران ئاراستە دەکاتەوە، ئابووری هان دەدات بەبێ سەپاندنی باجی زیادە، بەڵکو لە ڕێگەی چاکسازی سیستمەکە بەگشتی، ئەم پلانە پێویستی بە سەرکردایەتییەکی بەهێز، ئیرادەیەکی سیاسی و دیدێکی ڕوونە - شتگەلێک کە زۆربەی حکومەتەکانی جیهان کەموکوڕیان تێدایە.


سێیەم: ترامپ چی دەوێت؟


لە ڕێگەی شوێنکەوتنی لێدوان و وتارەکانی، دەردەکەوێت کە ترامپ هەوڵ دەدات بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانی بازرگانیی ئەمریکا، بەتایبەت لەگەڵ چین و یەکێتی ئەوروپا.
هاندانی پیشەسازیی ناوخۆیی ئەمریکی و زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، دووبارە دانووستاندن لەسەر مەرجەکانی بازرگانیی جیهانی بەشێوەیەک کە ئەمریکا یەکەم خزمەت بکات، زیادکردنی داهاتی باجی حکومەت لە ڕێگەی سەپاندنی ڕسوومات لەسەر هاوردەکان.


چوارەم: لایەنی یەكەم لە ڕوانگەی داراییەوە - ئایا ئەم سیاسەتە سەرکەوتووە؟

 

1- بەدەستهێنانی داهاتی کورتخایەن: ڕسوماتی گومرگی، بەڕاستی ساڵانە سەدان ملیار دۆلار سەرفییات بۆ خەزێنەی ئەمریکی دەهێنێت، لە گۆشەنیگایەکی داراییەوه، ئەمە سەرچاوەیەکی داهاتی ڕاستەوخۆیە بۆ حکومەت.

2-زیادبوونی تێچووی ژیان: بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلی هاوردەکراو دەبێتە هۆی زیادبوونی هەڵاوسان، ئەمەش هێزی کڕینی بەکاربەر لاواز دەکات و کاریگەری لەسەر بەکاربردنی ناوخۆیی دەبێت.

3- زیان بۆ کۆمپانیاکانی ئەمریکا: چەندین کۆمپانیا پشت بە پێکهاتەی بیانی دەبەستن، بۆیە ڕووبەڕووی زیادبوونی تێچووی بەرهەمهێنان دەبنەوە، دابەزینی کێبڕکێکردن لە بازاڕی جیهانیدا بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووەکان.

4- پاشەکشەی وەبەرهێنانی بیانی: ژینگەیەکی نائارامیی بازرگانی واتە وەبەرهێنەران خۆیان دەپارێزن لە خستنە ناوەوەی پارەکانیان لە ئابووری ئەمریکادا.


لایەنی دووەم لە ڕوانگەی ژمێریارییەوە: 


لە ڕوانگەی ژمێریارییەوە، بڕیارەکانی گومرگی سەرۆک ترەمپ خاڵێکی وەرچەرخانن لە چۆنیەتی ئامادەکردن و پیشاندانی زانیاریی داراییی کۆمپانیاکان، بەجۆرێک کە دامەزراوەکان ناچار دەکات ڕووبەڕووی زنجیرەیەک لە ئاڵنگارییەکانی پەیوەندیدار بە تێچوون و ڕاپۆرتە داراییەکان ببنەوە.


یەکەم، کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر تێچووی کاڵا فرۆشراوەکان (Cost of Goods Sold) دەردەکەوێت، کە بەهۆی زیادبوونی باجی سەپێنراو لەسەر کەلوپەلی هاوردەکراو بەرز دەبێتەوە، کە بە خۆیەوە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی قازانجی پوخت و بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر ڕێژەی قازانج دەبێت، بەتایبەت لە کۆمپانیا پیشەسازی و بازرگانییەکان کە پشت بە هاوردەکردنی کەرەستەی خاو یان بەرهەمە ناوەندییەکان دەبەستن.


دووەم، ئەم زیادبوونانە لەسەر هەڵسەنگاندنەوەی کۆگا ڕەنگدەداتەوە، کە تێیدا کەرەستەی خاو و کۆگای ئامادەکراو بەپێی تێچووی نوێی بەرزتر دووبارە نرخێنراوەتەوە، کە دەبێتە هۆی جیاوازی لە هەڵسەنگاندنەکانی کۆتایی کۆگاکان لە کۆتایی ماوەی داراییدا و کاریگەری لەسەر لیستی دۆخی دارایی دەبێت.


سێیەم، زۆربەی کۆمپانیاکان پەنا دەبەنە بەر دووبارە ڕێکخستنەوەی زنجیرەکانی دابینکردنی خۆیان، بە دوای بەدیلی کەمتر - تێچوو دەگەڕێن. ئەمە پێویستی بە پێداچوونەوەی گرێبەستە بازرگانییە بەردەستەکان و تۆمارکردنی تێچووی گۆڕانکاری وەک خەرجییەکانی گواستنەوە یان وەبەرهێنان لە دووبارە جێگیربوون هەیە. هەروەها کۆمپانیا ژمێریارییە گەورەکان ڕاسپاردە دەکەن بۆ پێویستی هەڵسەنگاندنی کاریگەریی دارایی لە ماوەی درێژخایەندا بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە هاوبەشە بازرگانییەکان و دابینکەراندا.


چوارەم، لەسەر ئاستی ئاشکراکردنی دارایی، کۆمپانیاکان پابەند دەکرێن بە ڕوونکردنەوەی کاریگەریی ئەم باجانە لە ڕوونکردنەوەکانی لیستە داراییەکان، لەگەڵ پێشکەشکردنی تێبینی لەسەر مەترسییە سیستماتیکە نوێیەکان کە لە گۆڕانی سیاسەتەکانی بازرگانییەوە سەرچاوە دەگرن، کە لە پێوەرە ژمێریارییەکان بە پرەنسیپی "ئاشکراکردنی ڕووداوە کاریگەرە بنەڕەتییەکان" ناسراوە. ئەم جۆرە لە ئاشکراکردن، ئامانجی پیشاندانی شەفافیەتی دارایییە و ئاگادارکردنەوەی وەبەرهێنەران لە هەر گۆڕانکارییەکی چاوەڕوانکراو کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر کارایی کۆمپانیا و، قازانجی لە ماوەکانی داهاتوودا هەبێت.

 

کۆتایی:


بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆک ترەمپ بۆ بەرزکردنەوەی باجی گومرگی لەسەر زۆربەی هاوردەکان، ناتوانرێت تەنها وەک ڕێکارێکی ئابووری تەکنیکی سەیر بکرێت، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ستراتیجییە لە فەلسەفەی بازرگانیی ئەمریکی. لە ڕوانگەی دارایی ناوخۆییەوە، ئەم بڕیارە ڕێگایەکە بۆ بەهێزکردنی داهاتەکانی فیدراڵی بەشێوەیەکی خێرا، کە داهاتی ئامانجدارکراو لە باجەکان بە زیاتر لە 500 ملیار دۆلار ساڵانە مەزەندە دەکرێت، ئەویش لە سایەی کورتهێنانی دارایی بەرزبووەوە کە لە ساڵی 2025 گەیشتە زیاتر لە 2 تریلیۆن دۆلار. هەروەها تەواوکەری تەوەرەکانی پلانی سێ لایەنەی ترامپە: کەمکردنەوەی خەرجی حکومی، و زیادکردنی داهاتەکان لە ڕێگەی باج و ئاسانکاری وەبەرهێنان، و هاندانی ئابووری ناوخۆیی لە ڕێگەی کەمکردنەوەی باجەکان دواتر.


لە ڕووی ژمێریارییەوە، کۆمپانیاکانی ئەمریکی و جیهانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەریان لێ دەکرێت بەهۆی ئەم ڕێکارانەوە؛ کە تێیدا دەبینرێت:


•  بەرزبوونەوەی تێچووی کاڵا هاوردەکراوەکان (COGS)، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕێژەی قازانج دەبێت.
•  هەڵسەنگاندنەوەی کۆگا بە نرخی بەرزتر، کە لە لیستە داراییەکاندا دەردەکەوێت لە خانەی سامانەکان.
• زیادبوونی ئاشکراکردنە ژمێریارییەکان لە نێو تێبینییە داراییەکان (Footnotes)، بۆ ڕوونکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییە گومرگییەکان لەسەر ڕەوتی نەختینە و مەترسییەکانی کارە نێودەوڵەتییەکان.
•  گۆڕان لە زنجیرەکانی دابینکردن، کە تێیدا کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە گۆڕینی سەرچاوەکانی کەرەستە سەرەتاییەکان یان شوێنەکانی بەرهەمهێنان، کە پێویستی بە خەرجی گواستنەوە و گرێبەستی نوێ کردووە کە لە ژمێریاریدا وەک خەرجی نائاسایی تۆمار دەکرێن.


هەرچی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی، هەڵوێستی وڵاتە کاریگەرلێکراوەکان جیاوازن:


•  هەندێک وڵات دواخستنی وەڵامدانەوەیان هەڵبژاردووە، وەک کەنەدا، مەکسیک، هیندستان، و کۆریای باشوور، کە بڕیاری ئەمریکیان وەک دەرفەتێک بینیوە بۆ دووبارە دانووستاندن لەسەر هاوبەشە بازرگانییەکان بە مەرجی هاوسەنگتر، بە ئارەزووی پاراستنی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ گەورەترین هاوردەکاری جیهانی.
•  لە بەرامبەردا، وڵاتانی دیکە بەرپەرچی بڕیارەکەیان داوەتەوە بە وەڵامی توند، گرنگترینیان چین کە باجی تۆڵەکردنەوەی تا 84%ی لەسەر کۆمەڵێک کاڵای ئەمریکی (وەک لۆبیای سۆیا، ئۆتۆمبێل، و ئامێرە تەکنەلۆژییەکان) سەپاندووە، لە هەڵکشانێکی ئاشکرادا کە ئامانجی پاراستنی بازاڕە ناوخۆییەکانیەتی و ناردنی پەیامێکی سیاسی و ئابوورییە بۆ واشنتن بەڵام لە كۆتایدا ئەمریكا 125% باج لەسەر چین زیاد دەكات.
• هەروەها یەکێتیی ئەوروپا "بێزاریی قووڵی" خۆی دەربڕی و هەڕەشەی گرتنەبەری ڕێکاری هاوشێوەی کرد، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک ژاپۆن و ئوسترالیا هەوڵی دیپلۆماسیەتی بازرگانیی نەرم دەدەن.


ئەوەی جێی سەرنجە لەم جووڵانەدا، ئەوەیە کە ترەمپ وەبەرهێنانی لە پێگەی هێزی ئابووریی ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە، کە ساڵانە زیاتر لە 20 تریلیۆن دۆلار بەکاردەهێنێت، و زیاتر لە 3 تریلیۆن دۆلار کاڵا و خزمەتگوزاری هاوردە دەکات، وەک ئامرازێکی فشار لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کە وا دەکات زۆر سەخت بێت بۆ وڵاتانی دیکە بچنە نێو "شەڕێکی بازرگانیی کراوە" لەگەڵیدا بەبێ ئەوەی زیانی لێ بکەن.


دەرەنجامی کۆتایی:


لە ڕووی ئابووریی پەتیەوە، دەکرێت بڕیاری ترەمپ بە لۆژیکی دابنرێت و پشت بە بنەما داراییە ڕوونەکان دەبەستێت: کەمکردنەوەی کورتهێنان، ڕاکێشانی وەبەرهێنان، هاندانی پیشەسازی ناوخۆیی. لە ڕووی ژمێریارییەوە، کاریگەرییەکانی شیاوی پێوانەکردن و بەڕێوەبردنن لە چوارچێوەی سیستمەکانی ڕاپۆرتە داراییە پێشکەوتووەکان. هەرچی لەسەر ئاستی جیهانییە، بڕیارەکە جیاوازی لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکانی ئاشکرا کردووە لە نێوان وڵاتانێک کە بەدوای گفتوگۆ و دانوستاندن دەگەڕێن، و وڵاتانی دیکە کە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆیان بڕیار داوە.


لەبەر ئەوە، سەرکەوتنی ئەم سیاسەتە تەنها لەسەر توانای کۆکردنەوەی پارە ناوەستێت، بەڵکو لەسەر ئەوەی ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان - و هاوبەشەکانی - توانای خۆگونجاندنیان هەیە لەگەڵ سیستمێکی ئابووریی جیهانی نوێ کە بنەماکەی "هاوتابوونی ئابوورییە نەک پاشکۆیەتی"، و لەسەر ئەوەی ئایا وڵاتانی دیکە خاوەنی ئیرادەی سیاسی و نەرمونیانی ئابوورین بۆ هاوتەریبی لەگەڵ ئەم قۆناغە نوێیەدا.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: