
گرافیکی ئاڤا نیوز
لە كردنەوەی پێشانگای ساڵانەی كتێب لە هەولێر سەرۆک بارزانی وتارێكی پێشكەش كرد ، تیایدا تیشکی خستە سەر كۆمەڵێک بابەتی گرنگی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان و عێراق.
لە سەرەتای وتارەكەیدا سەرۆک بارزانی چوارچێوەی بەها باڵاكانی حکومڕانی لە هەرێمی كوردستان كێشا، كە بریتی بوو لە (پێكەوەژیان و ئازادییە بنچینەییەكان).
سەرۆک بارزانی گوتی: داكۆكی دەكەینەوە لەسەر پابەندبوونمان بەو فەرهەنگەی كە شانازی پێوە دەكەین، كە بریتیە لە فەرهەنگی پێكەوەژیان، یەكترقبووڵكردن، ئازادیی بیروڕا، ئازادیی دین، ئازادیی مەزهەب، ئەمانە كۆمەڵێک بنەمان كە هەرگیز مساوەمەی لەسەر ناكرێت.
لە ڕاستیدا ئەم وتەیەی سەرۆک بارزانی وەک ڕاگەیێنراوێکی دەستووری وایە بۆ چوارچێوەی دەسەڵات لە هەرێمی كوردستان، كە ئازادی بۆ هەمووان كردووەتە بنەما و دەبێت یاسا و ڕێنماییە كارپێكراوەكانیش لەم چوارچێوەیەدا دەربچن.
ئەم بنەمایانە لە ئاستی نێودەوڵەتیش كۆمەڵێک بەهای داواكراو و باوەڕپێكراون و سیستمی نوێی جیهانی جەخت لەم بنەمایانە دەكەنەوە بۆیە هەر دەسەڵاتێک دەبێت لە چوارچێوەی باوەڕبوون بەم بەهایانە خۆی بە جیهان بناسێنێت.
ئەم جەختكردنەوەیە لەم بەهایانە لەلایەن سەرۆک بارزانیەوە وەک مەرجەعی سیاسی باوەڕپێكراوی كوردستان، لەلای دەوڵەتان گرنگی سیاسی خۆی هەیە.
بەشی دووەمی وتارەكەی سەرۆک بارزانی هۆشداری بوو لە دۆخی ناوچەكە و جیهان و ئاگاداركردنەوەی هەموو لایەنەكانی هەرێمی کوردستان كە دەبێت وریای ئەو بارودۆخە بن لە دەوروبەرمان و لە جیهان ڕوودەدات.
بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازی بەشداریی هەمووانی كرد لە حكومەتی داهاتوو، هەر وەک پارتی و یەكێتی بەرپرسیار كرد لە زوو پێكهێنانی حكومەتی نوێ.
سەرۆک بارزانی پێشبینی كرد و باسی لە ئەگەری جەنگی گەورە كرد، ئەمەش ئەگەرێكە لە زۆرێک لە ناوەندەكانی جیهان، پێشبینی دەكرێت و وەک مەترسییەک دەخرێتەڕوو، کوردیش ناتوانێت لە كاریگەرییەكانی بەدەربێت.
سەرۆک بارزانی وەک كەسێكی بە ئەزموونی قاڵبووی سیاسەتی ناوچەكە بە درێژایی نیوسەدە، باش لەوە تێگەیشتووە ئەوەی ڕوودەدات لە ململانێی نێوان دەوڵەتان و بەریەككەوتنی بەرژەوندییەكان، دەكرێت لەهەر كاتێكدا ببێتە هۆی پیاكێشان و جەنگی گەورەتر.
هەر بۆیە سەرۆک بارزانی جەختی لە پێكەوەكاركردن و یەكگرتویی كورد كردەوە لەم قۆناغەدا، ئەوەش وەک ئامادەبوونێک بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و گۆڕانكاری و ئاڵنگارییەک كە لە داهاتوویێکی نزیک یان دووردا بێتە پێش.
بێگومان ئەو گۆڕانكارییانە و هەر جۆرە پیاكێشانێكی ناوچەیی و جیهانیی لەسەر بارودۆخی گەلەكەمان چ لە باشوور یان لە ڕۆژئاوا، یاخود لە ڕۆژهەڵات بێ كاریگەری نابێت. هەر بۆیە سەرۆک بارزانی ئاگاداری هەموو هێزە سیاسییەكانی كردەوە تاوەکو بۆ ئەو گۆڕانكارییانە ئامادە بن، مەرجی ئەو ئامادەبوونەش ئەوەیە "یەكتر نەشكێنن" بەڵكوو پێكەوە كاربكەن.
سەرۆک بارزانی بە زمانێكی كوردستانیانە و خزمانە وتی "ئێمە هەموو كەسی یەكترین عەیبە سەرقاڵی یەكترشكاندن بین".
لە وتارەكەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی دووبارە داوای لە هەموو هێزەكان كردەوە بەشداریی حكومەت بكەن، ئەمەش لەكاتێكدا حكومەت لە ڕووی یاسایی و واقیعیشەوە تەنیا بە پارتی و یەكێتی دروست دەكرێت، بەڵام سەرۆک بارزانی لە ڕوانگەی دیدگایەكی دوورتر ئەو داوایەی دووبارە كردەوە، ئەویش بینینی ڕەوشی ناوچەكە و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی میللەتانی ناوچەكە بەگشتی دەبێتەوە.
میللەتی براوە لەم دۆخەدا ئەو میللەتەیە كە یەكدەنگ و یەكهەڵوێستە، بەتایبەت بۆ میللەتێكی وەک كورد كە هێشتا پێگەكانی حوكم و دەسەڵاتی بە تەواوی نەچەسپیوە و لە قۆناغی دروستكردنی دەسەڵاتدایە و پێویستی بە یەكگرتنی ناوخۆیی زۆرترە.
مەترسی لەوەی ناكۆكی ببێتە هۆی لاوازكردنی پێگەی كورد لەم قۆناغەدا وای لە بارزانی كرد دووبارە ئەو بانگەوازە ڕابگەیێنێتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا ڕێزی لە هەڵبژاردنی هەر هێزێک گرت كە بیەوێت ئۆپۆزسیۆنبوون هەڵبژێرێت، بەڵام ئاگاداری بەرژەوەندییە باڵاكان بێت و هەستیاریی دۆخ و قۆناغەكە لەبەرچاو بگرێت.
سەیر لەوەدایە هێزە سیاسییەكان ئەوەندە نابەرپرسیارن لە ئاست ڕووداوەكانی ناوچەكە و ڕاشكاو نین لە گوتاری سیاسییاندا، هەتا ئێستا هیچ كامیان بە باش یان بە خراپ وەڵامی ئەو پەیامەیان نەداوەتەوە، لەكاتێكدا هەمووان خێرایی پێشهات و ڕووداوەکان لە چواردەورمان دەبینن.
بێگومان ئەو دۆخە هەستیارەی سەرۆک مەسعود بارزانی هۆشداری لێ دا مەرج نییە تەنیا سەربازی و سیاسی بێت، بەڵكوو دەكرێ دۆخێكی نەخوازراوی ئابووری بێت كە ئەمڕۆ سەرەتاكانی لە ململانێی نێوان وڵاتی چین و ئەمریكادا دەركەوتووە.
پێناسە گومرگییە نوێیەکان هەمووانی ڕووبەڕووی ئایندەیەكی نادیار كردووەتەوە، ئەگەر هەیە نرخی نەوت دابەزێت و جیهان تووشی چەقبەستنێكی ئابووری ببێت، بێگومان ئەوەش بێ كاریگەری نابێت لەسەر عێراق، كە 90% زیاتر پشتی بە فرۆشی نەوت و هاوردەكردنی شمەكی دەرەكییە.
لەم چوارچێوەیەشدا هەرێمی كوردستان كە ئابوورییەكەی هەتا ئێستاش نیمچە وابەستەی عێراقە و عێراقیش بە شێوەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ مافەكانی هەرێمی کوردستان و خەڵكی كوردستان مامەڵە ناكات، بۆیە هەموو ئەمانە دەكرێ هەندێک گرفت بۆ هەرێمی کوردستان دروست بكەن كە خۆی هێشتا بە تەواوی لە گرفتە دروستكراوەكانی پێشوو ڕزگاری نەبووە و تازە بە تازە خەریكە كێشەی مووچە لەگەڵ ناوەند چارەسەر دەكات.
هەر بۆیە سەرۆک بارزانی لە وتەكەیدا خۆشحاڵی دەربڕی بەو بەرەوپێشچوونانەی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا دروستبووە و خوازیاریش بوو بە تەواوی كێشەكان چارەسەربن.
سەرۆک بارزانی پەیامی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراقیش كرد و ئامۆژگاریكردن بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناوچەكەدا بكەن و عێراق لە كەوتنە نێو شەڕێكی نەخوازراو بپارێزن.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان
پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب؛ سیمبوڵێک بۆ بەردەوامیی ئەندێشەی کوردی لە نێو گۆڕانکارییە جیهانییەکان
10 نیسان
دوای ڕووخاندنی بتەکە، دەبووایە چیتر بنێژرێت ؟!
9 نیسان
ئازادکردنی زەبری گەشەپێدانی چین، هاوبەشکردنی دەرفەتەکان بۆ هەماهەنگی جیهانی
8 نیسان
هەرفینا جڤاکی… ئێک
6 نیسان
لە مەرحەباکەی شەهرامەوە تا هەژەندەکەی هەژان
6 نیسان
(خۆری ئاڤا) خۆری سەر ئەو ماڵانەی ڕوو لە هەتاو نەبوون
5 نیسان
- بیروڕا
- 14 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
- بیروڕا
- 10 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟