
ئەنفالەکان : لەتۆمار و بەڵگەنامەکانی ڕژێمی بەعسدا تەنیا وەک "ئۆپەراسیۆنی سەربازی" ناویان هاتووە.
بۆ ئێمەی کوردیش ئەنفال: زام و برینێکی بەژان و ساڕێژنەبووی خوێنلێچۆڕاوی دڵمانە. بێدەنگی و چاوپۆشیی ئەوێ ڕۆژێی دنیای دوورو نزیکیشمان دەهێندەیتر باری ئەو تاوانەی قورسترکردبوو. ئەو بێ دەنگییەی هەتا ئەمڕۆش دۆزی کورد و کوردبوونمانی لە قاڵبداوەو گەلە گورگی برسیی فرە نەژادی بەناو برای تێبەرداوین ! .
ئەنفال بوومەلەرزەیەک بوو لە ناخەوە ویژدانی ملیۆنان کوردی هەژاند. هەزاران گوند و ئاوەدانیی لەسەر نەخشەی ژیان سڕینەوە. ئاوو هەواو خاک و ئاسمانی کوێستان و گەرمیانی ئەم کوردستانەی ژێر چەپۆکی بەعسی ژەهراویکرد . شاڵاوێکی دڕندانە بوو بۆ ڕیشەکێشکردن و سڕینەوەی شوناسی کوردبوون و کوردایەتی.
لە هەر ماڵێکی کورددا چیرۆکێکی ئەنفال هەیە... پیرە دایکێکی ڕەشپۆشی ئەو گەرمیانە 30 ساڵە چاوەڕێی گەڕانەوەی کوڕەکانی دەکات، پیرە باوکێ لەناو گۆڕێکی بە کۆمەڵدا بە دوای ئێسکوپروسکی ژنەکەی و لەچک و دەسماڵی کەنیشکەکانیدا دەگەڕێت، منداڵێکی ڕزگاربووی شاڵاوەکانی ئەنفال کە هەرگیز ڕووخساری دایک و باوکی نایەتەوە بەرچاوی، وا 30 ساڵە بێ دایک و باوک و مام و خاڵ گەورەبووەو چەکی پێشمەرگایەتیی لەشانە و لە سەنگەردا ئاڵایەکی کوردستان دەچەقێنێ .
"ئەنفال" تەنها ناوی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نەبوو... ئەنفال قریشکە و هاواری دایکێک بوو بە دوای بارهەڵگرێکی سەربازیدا ڕایدەکرد کە دەمەو ئێوارە ڕۆڵەکانی بەرەو قوڵایی بیابانەکانی عرووبە فڕاندن و تا ئێستاو بۆ ئەبەد نەگەڕانەوە. کڕوزانەوەو گریانی ئەو منداڵە بوو کاتێ کە لە خەو هەڵسا لە باوەشی دایکیدا نەمابوو، چونکە شەوی ڕابوردوو باهۆزی لەشکری غەزا لەژێر باڵی تەپوتۆزو تاریکیدا ڕایماڵی بوو.
ئاو تەڕایی تیا نەمابوو، داروبەردیش دەتوانەوە و باڵندەو بێ باڵ لە کەلاوەی ماڵاندا خۆیان حەشاردەدا، بە نووزەوە هێلانەو کولانەو چەپەری تێکڕماویان دەلاواندەوە ! خۆر لە شەرم و تەریقیدا کوژایەوە. لەو سەرەتای بەهارەدا خوێناوی کورد بوو بەسەر ڕەزو باخ و دار هەنجیر و زەیتوندا بەخوڕ دەباری، گیانی مرۆڤی کوردبوو بەناو جۆگەو چەم و ڕوبار و دەشت و دەرو لەوەڕگەدا سەرگەردان و بێ ئومێد و بێ پەنا بوو. خەونی سادەی بەدینەهاتووی نۆ بووک و کاکی زاوا بوو، تەندووری بە نێڵە نێل و تازە کولێرەی گەرم و قۆریە چایی ناو ماڵە چۆڵ و ساکارە بێ چەک و بەجێهێڵراوەکان بوونە غەنائم بۆ قارەمانەکانی ئەنفال ! .
هەشت شاڵاوی برا چاوڕەش و موستەشارەکان کە ڕوویانکردە هەر گوندو شارۆچکەیەک چاویان بەجۆرێ سوور ببوو کە منداڵ و پیر و ئافرەت و نەخۆشیان نەدەخوێندەوە، ئێمە هەر هەموومان لە دیدی ئەهریمەنیی ئەواندا دوژمنی زۆر مەترسیدار بووین. هەر هەموومان تاوانی خۆشەویستیمان بۆ چیا و دەشت و دۆڵ و ئاو و هەوای کوردستان، بۆ زمانی پاراوی دایکمان، بۆ مشکیی و بۆ جەمەدانی، لە گەردن بوو. هەر هەموومان گەورە و بچووک تاوانباربووین، چونکە کوردبووین، چونکە مەرد بووین !
ئەی خودایە منی کورد هەتا کەی هەر نووقمی تاڵاوی مەرگ و نێچیری شاڵاوی ڕکو کینەبم ؟ لەکام تونێلی قڕکردن خۆم قوتارکەم ، تونێلی (مەن)، تونێلی (بەن)، یان تونێلی (ڕەواهوعەن)؟
سەدان هەزار کوردی بێ چەک، لە خەوی نێو پێخەفی گەرمی ناوماڵی خۆیان بێ بەش و ڕاپێچی وشکە سەرمای سەحرا و ئاموونی نوگرەسەلمان کران. ئیدی لەوساوە تا ئێستا لە هەموو ماڵە کوردێکدا، لە دڵی هەریەکێکماندا، چیرۆکێک و حەسرەتێک و هاوارێکی تاساو هەڵگیراوە و تا رۆژی مەحشەر چاوەڕوانییەکی بێکۆتایی وا لە ناخماندا ڕوواوە.
ناو و نازناوتان لەیادماندا چاندووە، وێنەکانتان دەیان ساڵە لە کۆنە جزدانێکی شڕدا پارێزراون، وەک پاییزی تەمەنتان زەردهەڵگەڕاون، پارچە قوماشێک کە هێشتا بۆنی منداڵێکی زیندەبەچاڵی بەرمەمکی ئێسکوپروسکی دایکی لێدێت، لە لای ئێمە سەدجار لە ئاڵای دەوڵەتی ئەنفالچییەکان پیرۆزترە! لەناو دەریای فراوانی شەوزەنگێکی کشوماتدا زریکەی کیژەکوردێکی نوگرەسەلمان پەردەی گوێی مرۆڤایەتیی دەدڕێ و بەیادیان دێنێتەوە کە لە سایەی بێ دەنگی و چاوپۆشی و خەمساردیی ئەواندا بوو، ئەو هەمووە تاوانی ڕەشەکوژییەمان لە مێژوودا دەرهەق کراوە .
شاڵاوێک، دوان، بە هەشت شاڵاو، ئەم بەهەشتەی منیان شێواند، خەڵتانی خوێن ومەرگیان کرد، کەچی ئێمە نەک نەمردین بگرە هەروەکوو ژیڵەمۆی بن خۆڵەمێش کڵپەمان سەند و ئازادبووین، ئێمە ڕابووین، ژیاینەوە.. مەرگ بە ئێمە نەوێراو مەرگی سەرشۆڕانەی ئەوانیشمان بە چاوی خۆمان بینی !
ئەنفال تەنیا بابەتی ڕازو نیازو شیعر و کۆنفرانس و وتار نییە.. ئەنفال تاوانێکی هێند گەورەیە کە هەر کەس و هەر لایەنیک ، هەر ڕیکخراوو هەر دەوڵەتێک کە بینیویە کە بیستووییە و لێی بێدەنگ و بێ سەنگ بووە؛ دەبێ ئەمڕۆ ئارەقەی شەرمی خەمساردی و بێ باکییان بسڕنەوەو بە دەنگی بەرز، دان بە مێژووی قڕکردنی کورددا بنێت.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان
سەرۆک بارزانی هۆشداری لە چی دا؟
10 نیسان
پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب؛ سیمبوڵێک بۆ بەردەوامیی ئەندێشەی کوردی لە نێو گۆڕانکارییە جیهانییەکان
10 نیسان
دوای ڕووخاندنی بتەکە، دەبووایە چیتر بنێژرێت ؟!
9 نیسان
ئازادکردنی زەبری گەشەپێدانی چین، هاوبەشکردنی دەرفەتەکان بۆ هەماهەنگی جیهانی
8 نیسان
هەرفینا جڤاکی… ئێک
6 نیسان
لە مەرحەباکەی شەهرامەوە تا هەژەندەکەی هەژان
6 نیسان
(خۆری ئاڤا) خۆری سەر ئەو ماڵانەی ڕوو لە هەتاو نەبوون
5 نیسان
- بیروڕا
- 14 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
- بیروڕا
- 10 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟