
لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ساڵی 2003، بتەکەی سەددام حوسێن لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا، بە دەستی سەربازی ئەمریکی داڕما و کەوتە بەر پێلەقەی خەڵکی تووڕە و ستەمدیدەی بەغدا. بەوەش کۆتایی بە ڕژێمێکی ستەمکاری دڕندەی 35 ساڵە هات کە مۆتەکەی سەرسینگی کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی تری عێراق و هەموو گەلانی ناوچەکەش بوو. ئەو ڕژێمە شەڕ و ئاژاوە و چەوساندنەوە و قڕکردن نەما بە گەلانی عێراق و ناوچەکەی نەگێڕێ.
ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی بیست و دوو ساڵ بەسەر ئەو داڕمانە دراماتیکییەدا، چەندین پرسیاری قووڵ لە دەرگەی هەموو مرۆڤێکی قوربانیدەر و خەباتگێر دەدەن: چیمان بەدەستهێناوە و چیمان لەدەستداوە؟ لەپاش چەشتنی ئەو هەمووە تاڵاوە، دەبێت چ دەرس و پەندێک فێرببین ؟.
بە بڕوای بەندە ئەمانە گرنگترینی ئەو وانانەن کە هەمووان دەبێ فێریان ببین:
1. ستەمکاریی هەرچەند درێژە بکێشێت، ئەنجام هەر دەبێ بە ڕسوایی بچێتە زبڵدانی مێژووەوە، چونکە بەرگەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی مێژوو ناگرێت.
2. ڕژێمێکی ناوەندیی تۆتالیتاری کە لەسەر بنەمای سەرکوتکاری و پەراوێزخستنی پێکهاتەی فرەچەشن و فرەنەژادەکانی وڵات دامەزرابێ، هەرگیز بۆی ناچێتەسەر، زوو یان درەنگ هەر دەبێ لەنێوبچێت.
3. ڕژێمێک کە بەدرێژایی دەیان ساڵ تاوان و ڕەشەکوژیی نەما بەرامبەر بە کورد و شیعە نەیکردبێ، دامودەزگای دەوڵەتی بۆ هێشتنەوەی خۆی تەرخان و تەیارکردبوو، هەموو جومگەکانی دەسەڵات و سەرچاوەکانی سامانی گشتیی بۆ بنەماڵەی سەددام و چەتەوڵەکانی بەعس قۆرخ کردبوو، لە ناوخۆ و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا بەهۆی خواستی فراوانخوازی و لەخۆباییبوون و لووتبەرزییەوە، خۆی گۆشەگیر و ناحەزکردبوو، سەرەنجام هەر دەبووا ئەوە ئاکامی بێت !
4. کاتێ کە جەماوەر و هێزە بەرهەڵستکارەکانی ناوخۆی وڵات ناتەبا و بێ بەرنامە بن و دیدگە و جیهانبینیی دوورمەودایان نەبێت، کە لە ئاستی پرۆسەی گۆڕانکاریی ڕیشەیی سیاسیدا نەبن، بە دڵنیاییەوە دەبنە داردەست و پاشکۆی گۆڕانکاریی سەپێنراوی دەرەکی. هەر میللەتێکیش دەستەبژێرە سیاسیەکەی خاوەنی پرۆژە و بەرنامەی خۆی نەبوو، بە ناچاری دەبێتە بەشێک لە پرۆژە و بەرنامەی زلهێزی ناوچەیی و جیهانی !
5. دیموکراسی مۆدێلێکی لە قوتونراوی ئامادە نییە، هەرچی هات و دەست و دەمی گەیشتێ، ئیتر بەخۆیەوە بنازێ و بڵێ، من دیموکراتخوازێکی عەیارە بیست و چوارم ! هەر تاک و هێزێک گۆشکراوی پەروەدەیەکی دیموکراسییانە و گیانی لێبووردەیی و توانای قبووڵکردنی ئەوانی دیی نەبووبێت، کاتێ کە دەستەڵات دەگرێتەدەست، لەبری هێنانەدیی دیموکراسی، وڵات نوقمی ئاژاوەیەکی سیاسی و ئەمنیی ئەوتۆ دەکات کە دەیان ساڵ دەخایەنێ و خەڵکیش لەژێر باری ستەم و بێ سەروبەریدا ناچاردەبن پڕ بە گەروو هاوار بکەن: سەد ڕەحمەت لە کفن دز !
6. سەرەڕای دادگاییکردن و مل بە پەتەوەکردنی سەددام حوسێن و ژمارەیەک لە سەرانی تاوانکاری ڕژێمە ڕووخاوەکەی، کەچی هێشتا لای کەمی دادپەروەری، نە بۆ کورد و نە بۆ گەلانی تر نەهاتۆتەدی. دەیان دۆسێی هەستیار و چارەنووسسازی تایبەت بە نەتەوەی کورد و گەلانی تری کوردستان پەراوێزخراون و ئێستا و ئەوساش ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە: دۆسێی دەیان هەزار ئەنفالکراوی هەموو دەڤەرەکانی کوردستان، دۆسێی هەزاران شەهید و بەرکەوتەی کیمیاوی، دۆسێی هەزاران قوربانی و بێسەروشوێنکراوی بارزانی و کوردانی فەیلی، دۆسێی ڕووفاتی هەزاران کوردی نێو دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ، دۆسێی هەزاران گوند و ئاوەدانیی وێرانکراو و بەتاڵان براوی کوردستان، هیچیان تا ئەمڕۆش نەبوونەتە خەمی دەستەڵاتدارانی عێراقی دوای ڕووخانی بتەکەی سەددام حوسێن.
7. دیکتاتۆریەت تەنیا لە خودی یەک تاکە کەسی لووتکەی دەسەڵاتدا کورتناکرێتەوە، بەڵکو سیستمێکی بە تان و پۆی ئاڵۆزە کە لەسەر بنەمای ترس و تۆقاندن بونیاد نراوە. ئاپۆرای خەڵکی برسی و ترسێنراو، هەزاران کاسەلێس و خۆفرۆش، هەزاران مێشکشۆراوی فیداکار و کۆیلەی ئایدۆلۆژیا، تا ڕادەی خۆبەکوشتدان، بۆی دەبنە قەڵغان و دەیپارێزن.
8. ئازادیی ئاژاوەگێڕی نییە و دیموکراسییش دروشمێکی بە باق و بریق نییە. دیموکراسی کەڵچەرە، پەروەردەیە، ڕاهێنان و بەرپرسیارێتییە.
9. ڕاستە لە 9 ی نیسانی 2003 دا بتەکەی سەددام ڕوخا بەڵام.. تا ئێستاش هزر و فەلسەفە و ئاکاری سەددام و ڕژێمەکەی لە بەرگێکی تائیفیدا بە ناو شەقام و لە ناوەندەکانی بڕیاری بەغدادا سەربەرزانە دێن و دەچن و نەنێژراون!
ئێستا پرسیاری من ئەمەیە:
ئایا هەر بە ڕاستی دەکرا ڕووخان و لەنێوچوونی ڕژێمی سەددام بکرێتە سەرەتای بونیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی بەهێز و دادپەروەر ؟
ئایا هۆکاری شکستهێنانی خەونی عێراقێکی دیموکراسی تەنها گەندەڵی و دەستوەردانی دەرەکی و لاوازیی ئیرادە و ئیدارەی سیاسی بوو کە ئەم پڕۆژەیەی پووچەڵکردەوە ؟ یان هەر لە بنەڕەتەوە ئەم وڵاتە کۆلاجکراوە بەزۆر پێکەوەلکێنراوە، نە شایستەی ئەو خەونە بووە، نە لە ئاستی ئەو گەشبینییەدا بووە !؟
ئایا ئۆباڵی نەهاتنەدیی ئەو خەونە تەنها لە ئەستۆی هۆکاری دەرەکیدایە یان ئەوە گەلانی عێراق و هێزە بەرهەڵستکارەکانی بوون کە خۆشباوەڕ و سادەگۆ بوون و خەونی حوشترییان بە دیموکراسییەوە دەبینی ؟!
وروژاندنی ئەو گومان و پرسیارانە لە ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی سەددامدا تەنها بۆ وەبیرهێنانەوەی ڕابردوویەکی تاڵ و تاریک نییە، بەڵکو بۆ سەرلەنوێ ڕەخنەگرتن و بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانییە لەو بیست و دوو ساڵەی بە هەدەرمان دا. ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە چییدی تەلاری ئەم دەوڵەتە تا سەر بەم وشکە کەڵەکە خۆی ڕاناگرێ، زوو یان درەنگ هەر لە بناغە فشەڵەکەیەوە هەرەس دێنێ و هەڵدەوشێتەوە. ئێمەی کورد و گەلانی تری کوردستانیش ئەمڕۆ یان سبەی بە سەربەخۆیی شاد دەبین. هەڵبەتە گەلانی تری ( نێوان دوو ڕووباری بێ ئاوی وشکبوویش) شایستەی ژیان و حوکمڕانییەکن کەرامەت و ئینسانیەتیان بپارێزێ.
ئەم خەونە ڕەوایەشمان لە خۆڕا و بە شانس و ڕێکەوت نایەتەدی. پێویستمان بە بەرنامە و دیدگەی هاوبەش و ڕۆشن، یەکگرتوویی و ئیرادە و ئیدارەیەکی تۆکمە هەیە!
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
14 نیسان
ئەوان هەموویان لێرە بوون؛ ئەنفال هات و ڕایپێچان و نەگەڕانەوە
13 نیسان
سەرکردەکانی کورد دەبێ چ وانەیەک لە ڕووداوە مێژووییەکان وەربگرن؟
13 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟
10 نیسان
سەرۆک بارزانی هۆشداری لە چی دا؟
10 نیسان
پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب؛ سیمبوڵێک بۆ بەردەوامیی ئەندێشەی کوردی لە نێو گۆڕانکارییە جیهانییەکان
10 نیسان
ئازادکردنی زەبری گەشەپێدانی چین، هاوبەشکردنی دەرفەتەکان بۆ هەماهەنگی جیهانی
8 نیسان
هەرفینا جڤاکی… ئێک
6 نیسان
لە مەرحەباکەی شەهرامەوە تا هەژەندەکەی هەژان
6 نیسان
(خۆری ئاڤا) خۆری سەر ئەو ماڵانەی ڕوو لە هەتاو نەبوون
5 نیسان
- بیروڕا
- 14 نیسان
ئەنفالێک لەپێشمانەوە
- بیروڕا
- 10 نیسان
ترامپ چی دەوێت؟