ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: داواكراوێكمان بە برینداری دەستگیركرد و دواتر گیانی لەدەستدا

شەیری بکە لە:
ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی: داواكراوێكمان بە برینداری دەستگیركرد و دواتر گیانی لەدەستدا

ئاڤا نیوز

 

لە چەمچەماڵ داواکراوێک ڕووبەڕووی ئاسایش دەبێتەوە، ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانیش دەڵێت بە برینداری دەستگیریان کردووە، بەڵام پاشان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤیش دەڵێت "لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەین و هەر پێشێلکارییەک هەبێت بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیێنین".

 

"داوای لێکرا خۆی بەدەستەوە بدات"


ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی لە ڕاگەیێنراوێکدا ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو 2024/2/16 کاتژمێر (12)ی شەو لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی (45) لەیاسای سزادان، هێزەکانمان بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوێک و جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا لە قەزای چەمچەماڵ هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عیسا عەلی جەبار ) درا، دوای ئەوەی داوای لێکرا خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ناوبراو بەچەکی جۆری (دەمانچە) ڕووبەڕووی هێزەکانمان بووەوەو لەئەنجامی ڕووبەڕوبونەوەکەدا تۆمەتبار بە برینداری دەستگیرکرا و ڕاستەوخۆ گواسترایەوە بۆ فریاکەوتنی (نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو).

 

"عیسا عەلی پێشینەی تاوانی هەبووە"


ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی ئەوەشی گوتووە " عیسا عەلی پێشینەی تاوانی هەبووە و بەر لە سێ مانگ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکراوە بە تاوانی تەقەکردن و نانەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیان و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت بۆ ئەم مەبەستە ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دواتر دادگا بە کەفالەت ئازادی کردووە". 


" تۆمەتبار بۆ دزیکردن لەشەودا چووەتە سەر خوێندنگەی (فەقێ قادر) لەگەڕەکی ئازادی چەمچەماڵ. بەردەوام بووە لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتیمان دوای خستنەڕووی بەڵگەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردن بە ماددەی (405)بۆ تۆمەتباری سەرەکی (عیسا عەلی) و هاوکارەکەی (ئێڤەرەست محەممەد تۆفیق)دەرکرا، لە 2024/2/16 تۆمەتبار (ئێڤەرەست) دەستگیرکرا و دانی بەوەداناوە کە چەندین جار لەگەڵ (عیسا عەلی) لەناو قەزای چەمچەماڵ تەقەیان کردووە و سەرانەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە". ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی وادەڵێت.

 

نوسینگەی چەمچەماڵی مافی مرۆڤ دەستیان بەلێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی کەیسەکە کردووە


لەبەرامبەردا، نووسینگەی چەمچەماڵی مافی مرۆڤ ڕاسپێردراون و دەستیان بەلێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی کەیسەکە کردووە، بۆ ئەم مەبەستە تیمێکی نوسینگە سەردانی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانیان کرد، بەڵام وەک خۆیان دەڵێن " بە پاساوی نەبوونی دەوام و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە ئامادە نەبوون هیچ زانیارییەک بدەن".


وەک نوسینگەی چەمچەماڵی مافی مرۆڤ دەڵێت "خانەوادەی کووژراوەکە رایانگەیاندوە کەوا گەنجەکەیان لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە کوژراوە بەهۆی ئەوەی کەوا چەند رۆژێک پێش ڕووداوەکە کوڕەکەیان چەکێکی بێمۆڵەتی کڕیوە و تەقەی هەوای پێکردووە و بێئەوەی هیچ زیانێکی لێکەوتبێتەوە، هاوکات رایانگەیاند لەکاتی بریندارکردنی کوڕەکەیان هێزێکی تری ئاسایش لە هەمانکاتدا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵیان".


"ئێمە لەدەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وێرای ئەوەی بەداخەوەین بۆ گیان لەدەستدانی ئەو گەنجە ، لەهەمان کات نیگەرانین لە ڕووداوەکەو شێوازی هەوڵ دان بۆ دەستگیرکردنی و دەبێت لێکۆڵینەوەی ورد و جددی بۆ بکرێت و لای خۆمان ڕێزی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش دەگرین و چاوەڕێ دەبین، لە حاڵەتی هەبوونی هەر ڕەگەزێکی پێشێلکاری هەڵوێستی فەرمی خۆمان ڕادەگەێنین". دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وادەڵێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: