هەر کەسێک زانیاریی هەڵە بە کارمەندانی سەرژمێری بدات سزا دەدرێت، گرافیک: بڕوا ئیبراهیم - ئاڤا نیوز
ئاڤا نیوز
لە پرۆسەی سەرژمێری کۆمەڵێک پرسیاری گشتی لەبارەی خێزان دەکرێن و لەم ڕاپۆرتەدا وردەکارییەکەیان دەخەینەڕوو، هەروەها پرسیار لەبارەی 18 جۆر كەلوپەلی نێو ماڵان دەکرێت.
وێنە گەورەکە: پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق دەستیپێکردووە، تیمەكانی ئامار و سەرژمێری لە 20 و 21ـی مانگ سەردانی ماڵان دەكەن و فۆرمێكی تایبەت پڕدەكەنەوە کە چەندین پرسیاری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، یەکەمجاریشە لە عێراق و هەرێمی کوردستان سەرژمێری دانیشتووان بەشێوەی ئۆنڵاین و تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە دەکرێت.
ئەوەی پێویستە بیزانیت: لەکاتیکدا بژمێرەکان دەڕۆنە هەر ماڵێکەوە، پرسیاری تایبەت بە خێزان و ئەندامانی خێزان تۆمار دەکەن، هاوکات پرسیاری کەلوپەل و پێداویستی نێو ماڵەکە لە خێزانەکان دەکرێت، هەر کەسێکیش زانیاریی هەڵە بە بژمێرەکان بدات، بەپێی یاسا سزا دەدرێت.
زانیاریی زیاتر: حەفتا پرسیاری جیاواز کە لەلایەن بژمێرەکانەوە لە هاونیشتمانیان دەکرێن، لەکاتی وەڵامدانەوەی سەرۆکی خێزانەکە یان هەر ئەندامێکی دیکەدا، ڕاستەوخۆ تۆمار دەکرێن و لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە زانیارییەکان بۆ داتا سەنتەری سنوورەکە دەنێردرێن، پرسیارەکانی کارمەندانی سەرژمێری ئەمانەن:
پرسیارەکان چین؟
* كۆمەڵێك زانیاری لە كارتی زانیاری یان کارتی نیشتمانی وەردەگیرێن.
* كۆمەڵێك زانیاری لە فۆرمی خۆراك.
* ژمارەی مۆبایلی سەرۆك خێزان.
* ناوی سیانی سەرۆك خێزان.
* ناوی دایك و باوكی ئەندامانی خێزان.
* ژمارەی ئەندامانی خێزان.
* پەیوەندی ئەندامانی خێزان بە سەرۆك خێزانەوە.
*ڕۆژ و مانگ و ساڵی لەدایكبوونی هەموو ئەندامانی خێزان.
* ژمارەی خێزان كە لە هەمان خانوودا دەژین.
* شوێنی لەدایكبوونی هەموو ئەندامانی خێزان.
* جۆری وڵاتینامەی هەموو ئەندامانی خێزان.
* دیاریکردنی ئایین.
* كێشەی تەندروستی لە هەر ئەندامێكی خێزاندا.
* پرسیاری باری خێزانداری هەموو ئەندامانی خێزان.
* دوایین بڕوانامە ئەگەر لەنێو خێزانەکەدا هەبوو، پسپۆڕییەكەی چییە؟
* ئەندامانی خێزان كار دەكەن؟ كۆمەڵێك پرسیاری تر لەوبارەیەوە.
* لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 20-11-2023 تا 20-11-2024 هیچ كەسێك لە خێزانەکە كۆچی دوایی كردووە؟
* خانووەکەیان موڵكە یان كرێیە، هتد؟
* ڕووبەری ئەو خانووەی تێیدا دەژین چەندە؟
* خانووەکە چەند ژوورە، چەند ژوور بەكار دەهێنرێت؟
* ئاوی ماڵەکە حكومییە یان فلتەرە یان بیرە، هتد؟
* كارەبای ماڵەکە نیشتمانییە، وزەی خۆرە یان هەرجۆرێكی دیکەیە؟
* پاشماوەی ماڵەكە چۆن فڕێ دەدرێت؟
لە پرسیاری كۆتاییدا، 18 جۆر كەلوپەل لەنێو ماڵان دیاریکراون کە پرسیاریان لەبارەوە دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە: ئۆتۆمبێل، ماتۆرسکیل، سەلاجە، موجەمیدە، مایکرۆ، موبەڕیدە، جلشۆر، قاپشۆر، سپلێت، مۆلیدەی کارەبایی، تەلەڤزیۆن، بۆیلەر، گسكی كارەبایی، كۆمپیوتەر، مۆبایلی زیرەك، ئایپاد، ئینتەرنێت و کەلوپەلی دیکە.
کەی قۆناغی سێیەمی سەرژمێری گشتیی دەستپێدەکات و ئەم پرسیارانە لە هاونیشتمانییان دەکرێن؟
بڕیارە رۆژی 20 و 21ـی ئەم مانگە، سەرژمێری گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بکرێت، تیمەكانی ئامار و سەرژمێری لە 20 و 21ـی مانگ دا وەک قۆناغی سێیەم سەردانی ماڵان دەكەن، لەڕێگەی فۆرمێکی تایبەتەوە، تەواوی وەڵامەکان لەبارەی هەر خێزانێکەوە وەردەگرن و زانیارییەکان ڕەوانەی داتای زانیاریی سنوورەکە دەکرێن.
پارەی تەرخانکراو بۆ سەرژمێری چەندە؟
بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، تێچووی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عێراق پێویستی بە 459 ملیار دینارە.
بەرنامەکانی سەرژمێری هاک دەکرێن؟
مەریوان حەسەن، سەرپەرشتیاری ئایتی سەرژمێری لە پارێزگای هەولێر بە ئاڤا نیوزی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی جێبەجێکار هەیە، بەرنامەی تایبەت بە سەرژمێری بەکاردەهێنرێن کە پێشتر لە وڵاتانی دیکە بۆ سەرژمێری بەکارهاتوون و سەرکەوتوو بوون، هاوکات زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەنێردرێنەوە بۆ داتا سەنتەر، بەرنامەکانیش بەتەواوی پارێزراون، لە ئەگەری هاککردنی داتا بەیسەکانیش، دەستیان بە زانیارییەکان ناگات، چونکە بەرنامەکە تەنیا کۆد نیشان دەدات.
بەرنامەکانی سەر ئایپادی بژمێرەکان چین؟
سەرپەرشتیاری ئایتی سەرژمێری لە پارێزگای هەولێر ئاماژە بە بەرنامەکانی نێو ئایپادەکانی دەست بژمێرەکان دەکات و دەڵێت: ئایپادەکان چەند بەرنامەیەکیان تێدایە و ئەوانیش بریتین لە: بەرنامەی پەیوەندیکردن بە تۆڕی ئینتەرنێت بۆ گواستنەوەی داتا و زانیارییەکان بۆ داتا سەنتەر، بەرنامەی تایبەت بە فۆرمی سەرژمێری، کە بژمێرەکان زانیاریی هەر خێزانێکی تێدا تۆمار دەکەن، بەرنامەکانی دیکەش یارمەتیدەرن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سەر ئایپادەکە لەکاتی هەبوونی هەر گرفتێک، چونکە پرۆسەکە لەسەر نەخشە دەکرێت و پێویستی بە GPS هەیە.
ئایپادەکانی دەست بژمێرەکان ئاسایین؟
ئایپادەکانی دەست بژمێرەکان تایبەتن بە پرۆسەی سەرژمێری و خەسڵەتەکانی سەرژمێریکردنیان تێدایە، جیاوازییان هەیە لەگەڵ ئەو ئایپادانەی لە بازاڕدا دەفرۆشرێن. هاوکات هەر بژمێرێک خاوەنی یوزەر و سنووری خۆیەتی لەسەر ئایپادەکەی، تەنیا دەتوانێ لەو سنوورە زانیارییەکان تۆمار بکات کە بەپێی نەخشەکە بۆی دیاریکراوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
پارتی و یەكێتی لە خانەقین دەستپێشخەرییەک ڕادەگەیێنن
- کوردستان
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
لە سنووری کەرکووک چوار چەکداری داعش دەکوژرێن
- تەندروستی
- 2 کاتژمێر لەمەوپێش
هێلکە بۆ دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ بەسوودە
- کوردستان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
لە دهۆک گرووپێک بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێن
- جیهان
- 3 کاتژمێر لەمەوپێش
لە چین هەشت قوتابی دەکوژرێن
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
چۆپی فەتاح لە ئاڤاوە باس لە بەرهەمە نوێیەکەی دەکات
4 کاتژمێر لەمەوپێش
دۆکیۆمێنتاری نان و گوڵ نمایش کرا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
کاتژمێرەکانی خەوتن بەپێی تەمەن دیاری دەکرێن
14 تشرینی دووەم
سیر پێست لە چرچ و لۆچی دەپارێزێت
14 تشرینی دووەم
ساڵانە هەشت ملیار دۆلار لە خواردنە ناتەندروستەکان خەرج دەکرێت
11 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 13 تشرینی دووەم
کێ گرێی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکاتەوە؟