کەمال محەممەد باسی دوایین زانیارییەکان لەبارەی هەناردەی نەوت و پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری دەکات
- ڕاپۆرت
- 17 تشرینی دووەم
ئاڤا نیوز
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت ڕایدەگەیێنێت، پێشبینی دەکەین تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ڕێککارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوبن و سەرەتای سالێ نوێ دەست بە پرۆسەکە بکرێتەوە.
چیرۆکی سەرەکی: کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت بەشداری گەشتیی هەواڵەکانی کاتژمێر 07:00 ـی ئاڤای کرد و چەند پرسێکی گرنگی وروژاند، لەوانە: هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ڕووناکی کە تایبەتە بە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری و پلانەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ ساڵانی داهاتوو.
لێدوانی فەرمی: لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەممەد ڕایگەیاند، "لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ڕێککەوتوون، سەرۆکوەزیران بارزان هەوڵ دەدات زوو ئەو بابەتە چارەسەر ببێت. لەو بڕوایەشدام هیچ کێشەیەکی نەبێت و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ ئەو پرۆسەیە جێبەجێ بکرێت، بۆ ساڵی داهاتوو لە دەستپێکی ساڵی نوێ جارێکی دیکە هەناردەی نەوت دەستپێبکاتەوە".
لەلایەکی دیکەوە: پەیوەست بە پرۆژەی ڕووناکی و قۆناغەکانی ئەو پرۆژەیە و ژمارەی ئەو هاوبەشانەی کە ئێستا کارەبای 24 کاتژمێریان هەیە، کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەو پرۆژەیە لە ناوەڕاستی ساڵی 2022 بەشێوەی ئەزموونی بوو، لە دەرئەنجامەکەی بۆمان دەرکەوت کە بووەتە جێگەی دڵخۆشیی هاووڵاتییان، هاوکات تێچووەکەی بۆ هاووڵاتیان لەبری ئەوەی کرێی مۆلیدە و کارەبای گشتیی بدات، یەک کرێ دەدات و خواستیش لەسەر کارەبا کەمتر دەبێتەوە.
زانیاریی زیاتر: "چەند پرۆژەیەکیان لەناو شاری هەولێر جێبەجێکردووە، لە 22 سیتی و بازاڕی لەنگە لە هەولێر جێبەجێکراوە، لە دهۆک لە ئەڤرۆ ستی، قەزای ئامێدی بە گشتی و بازاڕی دهۆک جێبەجێکراون، لە پارێزگای سلێمانیش لە سەنتەری بازاری شارەکە و عەلوەکان و چەند ستییەکی ئەو شارە پرۆژەکە جێبەجێکراوە" کەمال محەممەد وادەڵێت.
لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران پڕۆژەی ڕووناکی گەیێنرایە گەڕەکەکان
وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، دوای جێبەجێکردنی پرۆژەکە لە ستییەکان، دواتر جەنابی سەرۆکی حکومەت بە پێویستی زانی ئەو پرۆژەیە بگوازرێتەوە نێو گەڕەکەکانیش، لەسەر ڕاسپاردەی جەنابی سەرۆکی حکومەت لە گەڕەکی شادی لە شاری هەولێر دەستمان پێکرد. حەوت هەزار و 400 هاوبەشی کارەبا لە پرۆژەکە سوودمەند بوون، دواتر گەڕەکی نازناز کە دوو هەزار 100 هاوبەش لێی سوودمەند بوون، دوای ئەویش گەڕەکی بەختیاری کە چوار هەزار 900 هاوبەش لێی سوودمەند بوون، لە گەڕەکی 32ی پارکیش پرۆژەکە لە قۆناغی کۆتاییە. بە گشتی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان 77 هەزار هاوبەشمان هەن، کە سوودیان لە پرۆژەی ڕووناکی وەرگرتووەو 24 کاتژمێر کارەبایان هەیە.
پلان وایە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبا ببێتە 24 کاتژمێر
بە گوتەی کەمال محەممەد، پلان وایە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026، پرۆژەی ڕووناکی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت و سەرجەم هاوبەشانی کارەبا کارەبای 24 کاتژمێریان هەبێت. پرۆژەکەش لەو شوێنانە جێبەجێ دەکرێت کە پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە.
ڕاگرتنی نەوت لە ماوەی ڕابردوو زیانی زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری بە عێراق گەیاندووە
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانیشە بە وەکالەت، لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، ئاماژەی بە زیانەکانی ڕاگرتنەکەدا کە لە 25-3-2023 ڕاگیراوە، زیانێکی زۆری بە عێراق و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، کە مانگانە بە سەروو ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. واتە لە ماوەی ئەو 20 مانگە سەروو 20 ملیار دۆلار زیانی بۆ عێراق هەبووە.
بە گوتەی کەمال محەممەد، ئەگەرچی لە مانگی چواری ساڵی 2023وە ڕێککەوتنێک لەنێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەبووە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەنێو بودجە بڕی شەش دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان دیاریکرابوو، کۆمپانیاکان ڕازی نەبوون نەوت بەو بڕە پارەیە بەرهەمبهێنن.
بڕگەی تێچووی بەرهەمهێنان لە بودجە هەموار دەکرێتەوە
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت باس لەوەش دەکات، لە سەرەتای ساڵی 2024 جارێکی دیکە ڕێککەوتن لەسەر ئەوە کرا و تێچووی بەرهەمهێنان بە 20.6 دۆلار دیاریکرا، بە واژۆی سێ وەزیری عێراق لەگەڵ ئێمە. بۆیە دەبوو ئەو بڕگەیە لە یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی پەیوەندیدار ئەو داوایەی بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزکردووەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانیش پەسندی کردووەو بۆ پەرلەمان بەرزی کردووەتەوە. ئێستا ئەوە ماوە لە پەرلەمان ئەو بڕگەیە هەموار بکرێتەوە.
کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی تێچووی بەرهەمهێنان دیاری دەکات
بە گوتەی کەمال محەممەد، دوای ئەو هەموارکردنەوەیە لە قۆناغی یەکەم 16 دۆلار بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێن دەدرێت، بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە. بەڵام ئایا ئەو 16 دۆلارە تێچووی ڕاستەقینەیە؟ نەخێر، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری، تەکنیکی بێلایەن لەنێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەستنیشان دەکرێت لە ماوەی 60 ڕۆژدا پێویستە ئەو تێچووە دەستنیشان بکرێت.
نەوتی کوردستان هەر لە ڕێگەی بۆری کوردستان - جەیهانەوە هەناردە دەکرێت
سەبارەت بە میکانزمی هەناردەکردنەوەکەش، کەمال محەممەد دەڵێت، بۆری نەوتی کوردستان بە بەندەری جەیهانەوە بەستراوەتەوە، جارێکی دیکە لەو ڕێگەیەوە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت دەکرێتەوە.
57٪ـی خێزانەکان نەوتی سپییان بەسەر دابەشکراوە
سەربارەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵان، کەمال محەممەد دەڵێت: تائێستا لە کۆی ملیۆنێک و 353 هەزار خێزان 750 هەزار خێزان هەر یەکەو بڕی 200 لیتر نەوتی سپیان وەرگرتووە، واتە نزیکەی 57٪ـی هاووڵاتیان نەوتی سپییان وەرگرتووە، بە نرخی 100 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک.
لە کۆتاییشدا کەمال محەممەد دەڵیت: عێراق ساڵانە 50 ملیۆن لیترمان دەداتێ، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو نەوتەیان پێنەداوین. لە قۆناغی داهاتوو کە بڕیارە بنێردرێت، دەست بە دابەشکردنی ئەو بڕەش دەکەین.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
پرۆسەی سەرژمێری لە هەورامان لە کەشێکی پاییزییدا بەڕێوەدەچێت
- بزنس
- 9 کاتژمێر لەمەوپێش
لە ئاڤاوە شوێن و نرخی ئەو زەوییانەی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێن بزانە
- ژینگە
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
شێخ دارا: بەفر لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت
- عێراق
- 10 کاتژمێر لەمەوپێش
نەتەوەیەكگرتووەكان ستایشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری دەكات
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
بەتەمەنترین هاووڵاتی لە کوردستان و عێراق لە سەرژمێری تۆمار کرا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
شەوی ڕابردوو 27 منداڵ لەدایکبوون و لە سەرژمێری تۆمار ناکرێن
21 کاتژمێر لەمەوپێش
گرانترین خواردن لە جیهاندا لە هەولێر دروست دەکرێت
18 تشرینی دووەم
ئەوەی پێویستە لەبارەی نرخی زێڕ بیزانیت؛ بەپێی پێشبینییەکان دەگاتە چەند؟
18 تشرینی دووەم
گەورەترین کێشەی بەردەم مووچەی مانگەکانی 10 و 11و 12 چارەسەر کرا
18 تشرینی دووەم
- ڕاپۆرت
- 16 تشرینی دووەم
وردەکاریی پرۆسەی سەرژمێری؛ چ پرسیارێک دەکرێت؟