بۆ دڵنیابوون لە ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە پێنتاگۆن پاڵپشتیی ڕاستەقینە پێشکەش بە کورد بکات

بۆ دڵنیابوون لە ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستە پێنتاگۆن پاڵپشتیی ڕاستەقینە پێشکەش بە کورد بکات

گرافیک: ئاڤا نیوز

لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لە جێگیرترین و متمانەپێکراوترین هاوپەیمانە ناوچەییەکانی ئەمریکا، واتە هەرێمی کوردستان لە مەترسیدایە. دەوڵەتانی نەیار و میلیشیا تووندڕەوەکان هەڕەشە لە شێوازی ژیانی دیموکراسیمان و هەروەها لە سەلامەتیی سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمریکا لە سەر خاکەکەمان دەکەن. بە ڕای خۆیان، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان وەک پێویست چەکدار نەکراون تا بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرش و هەڕەشە گەورانەدا بکەن کە هەرێمەکەمان بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. هەر بۆیە بودجەی بەرگریی ساڵی دارایی 2024، کە بە یاسای دەسەڵاتپێدانی بەرگری نیشتمانی (NDAA) ناسراوە، داوا دەکات وەزارەتی بەرگری لەناو بڕگەکانی دیکەدا، پلانێک بۆ دابینکردنی بەرگریی ئاسمانی بۆ هەرێمی کوردستان پێشکەش بکات، بۆئەوەی دڵنیا بین لەوەی دەتوانین بەرگری لە خۆمان بکەین و سەرباز و دیپلۆماتکارانی ئەمریکاش بپارێزین.

 

یاساکەدا داوای کردووە پلانەکە تا 1ـی شوباتی 2024 پێشکەش بکرێت و تا 1ـی تەممووزی 2024ـیش بە تەواوەتی جێبەجێ بکرێت کە ئەمە جێگیرکردنی تەواوەتیی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە تەواوی و ئەنجامدانی ڕاهێنان لە دژی هەڕەشەکانی وەک مووشەک، ڕۆکێت و سیستەمی بێ سەرنشین دەگرێتەوە. ئێستا، دوای نزیکەی شەش مانگ لە پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکە، هیچ پلانێک جێبەجێ نەبووە و گەلی کورد و ستافی ئەمریکا بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکان کە بە توانایەکی کەمەوە بەرگریی لە خۆمان دەکەین. زۆر گرنگە پنتاگۆن دەستبەجێ پلانەکە تەواو و جێبەجێ بکات.

 

گەلی کورد بە هاوبەشیکردن لەگەڵ ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لە ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نامۆ نین. کاتێک داعش بۆ یەکەمجار دەسەڵاتی تیرۆری خۆی لە سەرتاسەری مانگی بەپیتدا بڵاو کردەوە، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شانبەشانی سەربازانی ئەمریکا بۆ تێکشکاندنی داعش شەڕیان کرد. لەو کاتەوە ئێمە هەماهەنگیی نزیکمان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا پاراستووە؛ ئەمەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی شانە تیرۆریستییە یاخیبووەکان، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و بەرپەرچدانەوەی دوژمنکاریی نەیارەکانمان. ئەوە لە مێژە هیوای هاوبەشی ئێمە بووە کە ڕۆژێک هێزی پێشمەرگە بتوانێت لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت و سەرکەوتووانە ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببێتەوە. بەڵام، زۆر بە سادەیی، ئەنجامدانی ئەم کارە پێویستی بەو کەرەستە سەربازییانە هەیە کە ئێمە نیمانە. دوای 7ی ئۆکتۆبەر، واقیعە مەیدانییەکان بە خێرایی بەرەو ئاراستەیەکی نیگەرانکەرتر وەرچەرخان، بەجۆرێک کە ئێمە بە تەنیا ناتوانین بەرپەرچیان بدەینەوە.

 

هەر لەم ساڵەدا، هاووڵاتیانی سڤیلی کورد بە شێوەیەکی بێمانا بە هۆی مووشەکەکانی دەوڵەتانی دراوسێ و ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانەوە کوژراون، ژێرخانی وزەمان و تەنانەت بنکەکانی ئەمریکاش هێرشیان کراوەتە سەر و گروپە تووندڕەوەکانی وەک داعشیش بەردەوام لە چاندنی تیرۆر لە کۆمەڵگاکانماندا بوون. داعش بە پەرۆشییەوە کار بۆ خۆبونیاتنانەوە لە عێراق و سوریا دەکات. جەنەڕاڵ مایکل کوریلا، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا، سێنتکۆم، بەم دواییانە بە لیژنەیەکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ڕاگەیاند کە داعشی خوراسان، کە سەرەتای ئەمساڵ هێرشێکی ترسناکیان لە مۆسکۆ ئەنجامدا، "توانا و ویستی هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕۆژئاوای لە دەرەوەی وڵاتەکانیان لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا هەیە، بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، یان بە کەمێک". هێزە کوردییەکان ئامادەن و دەیانەوێت ڕۆڵی پێشەنگ ببینن لە بەرگریکردن لە هەرێمەکە، بەڵام ئێمە ناتوانین بەبێ ئەو بەرگرییە ئاسمانیانەی کە بەڵێنی پێماندراوە، ئەو کارە بکەین.

 

من وەک نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن، سوپاسگوزارم کە گەلی ئەمریکا، کۆنگرێس و حکومەت بەردەوامن لە هەنگاونان بۆ پاڵپشتی زیاتری گەلی کورد، لەکاتێکدا ئێمە هەوڵ بۆ ئاشتی لە نیشتمانەکەمان دەدەین. ئەو پێداویستییانەی کە لە یاسای بەرگریی ساڵی ڕابردوودا هەن بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگن و ئێمە پێویستیی بەپەلەمان بەوەیە کە هەر چی زووە ئەو پێداویستییانە بگەن.

 

هیچ کات بۆ بەفیڕۆدان نییە. وەزارەتی بەرگری دەبێت دەستبەجێ سیستەمێکی گشتگیر و یەکانگیری بەرگریی ئاسمانی جێگیر بکات کە هەموو هەرێمی کوردستان بپارێزێت. کاریگەریی وەها جێگیرکردنێک سێ ڕەهەند دەبێت: وەک ڕێکارێکی پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان، قەڵغانکردنی هاووڵاتیانی سڤیلی بێتاوان لە زیان بەرکەوتن و هەروەها دابینکردنی بەرپەرچدانەوەیەکی بەهێز لە بەرامبەر بەردەوامیی هەڵکشانی گرژییەکان.

 

وەک چۆن ئێمە بێشومار لە سەرتاسەری جیهاندا بینیومانە، کاتێک ئەمریکا توانای بەرگریی بەهێز بۆ هاوپەیمانەکانی دابین دەکات، دڵنیایی دەدات لەوەی کە ئەوان دەتوانن خۆیان لە هێزە دوژمنکارەکان بپارێزن بەبێ ئەوەی پێویست بکات سەربازانی ئەمریکی بۆ ڕێگا مەترسیدارەکان بنێردرێن. هەمان شت لە عێراقیشدا ڕاستە. ئەگەر ئەمریکا سەرچاوەی پێویست بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات کە بتوانێت بە هۆیانەوە بەرگریی لە خۆی بکات، دەتوانین دڵنیا بین لەوەی پێکدادانێکی فراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرهەڵنادات و گیانی کەسانی بێشوماریش ڕزگار دەکرێت.

 

جێگیرکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان، منارەی سەقامگیری و دیموکراسی لە ناوچەیەکی پڕ لە پشێویدا، بە باشترین شێوە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دەکات.

 

 

نووسینی: تریفە عەزیز، نوێنەری هەرێمی کوردستانە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

وەرگێڕان: هۆشەنگ دارا

سەرچاوە: زە هیڵ

شەیری بکە لە: