كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟

كێشەی سەرژمێرییەكە لەچیدایە؟

ئەگەر لە فۆڕمی تۆماری كەسی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق بڕگەی نەتەوە و دین و مەزهەب نەبێت، كەواتە ئیتر سەرژمێریی گشتی مەترسییەكەی لەسەر كورد چییە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و لە ناوچەكانی هەرێمی کوردستانیش؟ 

 

ئەمە پرسیارێكی جددیە و ڕووبەڕووی ئەو بۆچوونانە دەبێتەوە كە سەرژمێریی گشتی دانیشتووانی عێراق كە بڕیارە لە  20 و 21 نۆڤێمبەری ئەمساڵ بکرێت، بە مەترسی بۆ سەر كورد وەک پێكهاتە لە عێراقدا ناو دەبەن.

 

لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا چەند نووسینم خوێندەوە، چەند بەرنامەم بینی و گوێم لە چەندین كەس بوو كە لەسەر ئەم سەرژمێرییە وەک مەترسی قسە دەكەن، لەوە تێنەگەیشتم بەڕاستی مەترسییەكە لە كوێدایە؟

 

گوێم لە هەندێكیان بوو دەیانگوت لایەنی قەومی ڕەچاو نەكراوە لەم سەرژێمرییەدا! سەرم سووڕما ئەمە بۆچی دەبێت بۆ ئێمە خراپ بێت لەكاتێكدا ئێمە كێشەمان لەگەڵ  تەعریب و هاتنی عەرەب بۆ شارەكانی هەرێمی کوردستان هەبێت؟ بگرە دەبێ بڵێین ئێمە وەک كورد لەم قۆناغەدا تەنیا سەرژمێرییەک قبووڵ دەكەین كە فۆڕمە كەسییەكەی بازنەی نەتەوەیی و مەزهەبی تێدا نەبێت، چونكە لەم كاتەدا ئەوە بۆ ئێمە خراپە.

 

ئەگەر ئەو سەرژمێرییە وابێت كە بازنەی نەتەوەیی و مەزهەبی تاكەكەسی تیانەبێت ئەوا چەند دانیشتووی عەرەب لە هەرێمی کوردستان هەبن وەک هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان و دانیشتووی هەرێمی کوردستان تۆمار دەكرێن و ئەمەش بۆ هەرێمی کوردستان باشە كە ژمارەی دانیشتووانی دیاری دەكرێت.

 

لە بنەماوە بوونی عەرەب و هەر نەتەوەیەكی دیکە لە كوردستاندا كێشەی نییە، بەڵكو هەم حەقیقەتێكی مێژوویی و هەم دەستكەوتێكی سیاسیشە بۆ ئێمە كە وەک زۆرینە و مێژووی حاكمی ئەم جوگرافیایەین، كوردستان و هەرێمی كوردستان وەک هەر وڵاتێكی دیكەی ئەم سەرزەمینە هەمە رەنگ و فرەچەشنە لەڕووی ئیتنی، دینی و مەزهەبیەوە.

 

سەرژمێری پڕۆسەیەكی گرنگە بۆیە دەبێت لایەنە باش و خراپەكانی دیاری بكرێت، ئەوەی مەترسییە و ئەوەی ئاساییە وەک خۆی ببینرێت نەک بەشێوەیەكی عاتیفی باس لە مەترسییەكانی بكرێت بێ ئەوەی خاڵ بخەینە سەر پیتی مەترسییەكە، ئەوكات لەوانەیە  لەمەترسییەک رابكەین كە جگە لە سێبەرێک هیچی تر نەبێت و دواتر بكەوینە داوی مەترسییەكی راستەقینە و چاڵێک لێی دەرنەیەینەوە.

 

ئەوانەی لەسەر سەرژمێری قسە دەكەن دەبێت بەشێوە زانستییەكەی و سیاسییەكەی لەم بابەتە بكۆڵنەوە عاتیفە و سۆزداری زاڵ نەبێت بەسەریاندا، جا ئەگەر بەڕاستی ئەم سەرژمێرییە كێشەیە بۆ هەرێمی کوردستان و كوردستان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بەڕوونی و دیاریكراوی و بەئارگۆمێنت، ئەو مەترسییانە دیاری بكەن، پاشان بڕیار لەوە بدرێت ئایا هەرێمی کوردستان بەشداری دەكات یا نا؟.. چونكە بەشدارینەكردنی هەرێمی کوردستان دەتوانێت ئەو سەرژمێرییە پەک بخات.

 

پابەندنەبوونی كورد وەک دانیشتووانی عێراق لە كەركووک و ناوچەكانی دیکە، دەتوانێت پڕۆسەكە لەو بەشەش پەک بخات، بەڵام دەبێت ئەم بڕیارە لەسەر بنەمایەكی زانستی و سیاسی ورد بدرێت نەک بە سۆزكاری و قسەی سەرپێیی میدیایی.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: