
لە سەردەمی زانیاریی دیجیتاڵی و پەیوەندیی خێرادا، میدیای نیشتمانی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی زۆر گەورەی دەکەوێتە ئەستۆ لە وەڵامدانەوەی ساختەهەواڵ و دەنگۆی چەواشەکارانەدا. میدیای بەرپرسیار بەشدارییەکی کاراو پۆزەتیڤی دەبێت لە پەروەردەکردنی هاونیشتمانیان و دروستکردنی متمانە و بەرەنگاربوونەوەی ساختەهەواڵی چەواشەکەردا کە زیانێکی زۆر بە پێکەوەژیان و بەهاکانی کۆمەڵ و ئاسایشی نەتەوەیی دەگەێنن.
لە دۆخێکدا کە شاڵاو و لافاوی "زانیاری" ی باش و خراپ، ڕاست و ساختە، بەکەڵک و بێ کەڵک، سەرچاوە دیار و بێ سەرچاوە، دنیای ئێمەی تەنیوە و نەک هیچ بەربەستێکی یاسایی نەیتوانیوە ڕێیان پێ بگرێ، بگرە زۆربەشمان توانا و تاقتەتێکی پارێزبەندیی هزری و دەروونیی ئەوتۆمان نەماوە، یان هەر نەمان بووە، کە بمانپارێزێ لەو تۆفان و ئافاتە بێ ئامان و بێ دەرمانە! لەم دۆخەدا میدیای نیشتمانیی بەرپرسیارە لە پێدانی زانیاریی دروست و پشتڕاستکراوە و متمانەپێکراو. ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران و دەزگاکانی میدیا پێویستە خۆیان بەدوور بگرن لە ڕاکە ڕاک و هەڵپەی بەدەستهێنانی نازناوی یەکەمین دەزگا و یەکەمین ژێدەر و کۆکردنەوەی زۆرترین لایکی بێ تام و ڤیوی ڕاگوزەر و ڕووکەش لەسەر حیسابی وردی و دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی و کەڵک و سوود و چاکە و خێری گشتیی هەر بابەت و هەواڵ و بڵاوکراوەیەکیان.
لە پرۆسەی داڕشتن و شکڵپێدانی هەر هەواڵ و بابەتێکی هەستیار کە تایبەتبێ بە ماف و ئازادییەکانی تاک یان پرسێکی گشتی و نیشتمانی، پێویستە بە چەند فلتەرێکدا تێپەڕێ و لەڕووی زمان و داڕشتنیشەوە بە سەرنج و تێگەیشتنێکی بابەتیانەوە وشە و دەستەواژەکان هەڵبژێردرێن و دووربن لە مەزاج و مەیلی تاکەکەسی یان بەرژەوەندییەکی تایبەت. وشە و دەستەواژە و ئاوەڵناوەکان وا نەبن کە زیاتر لە واتایەک ببەخشن یان شیاوی لێکدانەوەی جیاواز و دژ بە یەک بن. پێویستە زمانی داڕشتنەکە سادەو بێ گرێ و بێ زۆر لەخۆکردن بێت، تەمومژ بۆ بابەتەکە زیاد نەکات، بگرە بەپێچەوانەوە پێویستە لەکاتی هەبوونی هەر تەمومژ و گومانێکیشدا بیانڕەوێنێتەوە و ڕاستییەکان بەڕوونی بگەێنێت.
ستراتیژییەکان :
1. ڕوونی و متمانە:
دەزگاکانی میدیا دەبێت لە پرۆسەکانی گەذەرینگ (کۆکردنەوەی زانیاری)، ئیدیتینگ (داڕشتنەوە) و پرۆداکشن (بەرهەمهێنان) دا شەفاف و ڕوون بن. لەم بوارەدا بەدواداچوونی ورد و خێرای (پەیامنێر و هەواڵساز و سەرنووسەر) بۆ سەرچاوەی سەرەکی و پلە یەکی زانیارییەکان، لەلایەک دەبێتە هۆکاری دەستەبەری بەدەستهێنانی متمانەی هاونیشتمانییان، لەلایەکیش پارێزبەندی و توانا و بەرچاوڕوونییەک بە هاونیشتمانیان دەبەخشێ بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لە پەسەندنەکردن و ڕەتکردنەوەی ساختە هەواڵ و دەنگۆ و واتەوات. بە جۆرێک کە ئیدی بە ئاسانی نابنە نێچیری دەزگا و کەسانی چەواشەکار.
2. وەڵامدانەوەی خێرا و کاریگەر:
کاتێک ساختەهەواڵ یان دەنگۆیەکی چەواشەکارانە بڵاودەبێتەوە، پێویستە میدیای نیشتمانی بەخێرایی خۆ سازبدات بۆ وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوە و ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان بە زۆرترین وردەکاری و زانیاریی پشتڕاست کراوەوە نەک بە قسە و دروشمی بێ داتاو بێ بەڵگە. وەڵامدانەوەیەکی دەسبەجێ و خێرای لەم جۆرە، ڕێگری دەکات لە تەشەنەکردنی دەنگۆ و ساختەهەواڵ و ژەهراویکردنی دڵ و دەروونی هاونیشتمانییان. بەپێچەوانەشەوە نواندی هەر خەمساردی و بێ باکییەک، دەبێتە هۆکاری تەشەنەسەندی خێرای درۆ و دەلەسە و بیرۆکەی بەدگومان و ورەڕووخێن لەناو خەڵکدا وەک ئاگری ناو پووش و پەڵاش !
3. پەروەردەی میدیایی:
دابینکردن و بایەخدان بە بەرنامەو بڕگەی پەروەردەی میدیایی بە زمانێکی سادە کە یارمەتی هاونیشتمانیان بدات لە چۆنیەتی هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر ڕەتکردنەوە یان بڕواهێنان بە هەواڵەکان. دەبێت خەڵک فێربکرێن بزوێنەری گەڕان و سێرچ لە ئینتەرنێتدا بەکاربهێنن بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی و دروستیی هەواڵێک یان بابەتێکی گوماناوی یان بۆ خوێندنەوەی سەرچاوەی جیاجیا لەبارەی هەر ڕووداو و پرسێکەوە، بۆ بەرچاوڕوونیی زیاتر و جیاکردنەوەی هەواڵی ساختە لە هەواڵی متمانەپێکراو.
4. هەماهەنگی:
هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی حکومەت و کونسڵخانە و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و زانکۆ و سەنتەرەکانی توێژینەوە و پسپۆڕانی بوارە پەیوەندیدارەکان و سەندیکا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ پێدانی زانیاریی ڕاست و دروست، یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ بەرەنگاربوونەوەیەکی پرۆفیشناڵانەی یەکلاکەرەوەی دەنگۆ و ساختەهەواڵی چەواشەکارانە.
5. دەستڕاگەیشتن بە زانیاری:
بە کاراکردن و پیادەکردنی یاسا و ڕێنوماییەکانی مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری، دەرگایەکی فراوان بە ڕووی میدیای نیشتمانیدا واڵا دەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ساختەهەواڵ و دەنگۆی چاوەشەکار. دەلاقەیەکی زۆر فراوان و بێ پاسەوانیش بەڕووی چەواشەکاراندا دادەخرێت و ئیدی ئەو چانس و دەرفەتەیان نامێنێ لەڕێی ساختەهەواڵ و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بێ بنەماو بێ بەڵگەوە بە ئاسانی گەمە بە ئەقڵ و دەروونی خەڵک بکەن.
میکانزمەکانی وەڵامدانەوەی چەواشەکاری:
1. پشکنین و پشتڕاستکاری:
یەکێک لە گرنگترین ئامڕازەکانی وەڵامدانەوەی دەنگۆ و ساختە هەواڵ، پشکنین و تاووتوێکردنی ڕاستییەکانە. بۆ ئەم سەردەم و بارودۆخە پێویستە دەزگاکانی میدیا بەشێکی کاراو تایبەت بە پشکنینی ڕاستییەکانیان ( Fact Checking) لەناو ژووری هەواڵدا هەبێت کە ڕۆژنامەنووسان لەگەڵ کەسانی پسپۆر هەماهەنگ بن بۆ پشتڕاستکردنەوەی ڕاستی و دروستیی هەر زانیاری و داتایەک یان ئاشکراکردنی هەر ساختەهەواڵێک کە لەڕێی میدیای زەرد و پۆپۆلیستییەوە بازاڕگەرمی بۆ دەکرێت.
2. ڕوونکردەنەوەو ڕەتکردنەوە:
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەر چەواشەکارییەکی پەیوەست بە پرسێکی نیشتمانی، پێویستە دەزگاکانی میدیا دەستبەجێ پەیوەندی بە لایەنە پەیوەندیدار و دامەزراوە حکومییەکانەوە بکەن و داوای بەیاننامە و ڕوونکردنەوەی ڕەسمییان لێ بکەن و ڕاستییەکان بۆ هاونیشتمانیان بخەنەڕوو. ئەم جۆرە وەڵامدانەوە دەسبەجێیانە ئاستی متمانەی میدیاکان بەرز دەکاتەوە و بەرچاوڕوونی و تێگەیشتنیش دەبەخشێت بە ڕای گشتی.
لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی هەر دەنگۆیەکی چەواشەکارانەدا، میدیا دەتوانێت لەڕێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانیی لایڤ و بەرنامەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و چاوپێکەوتن لەگەڵ پسپۆڕان و بەرپرسانەوە، ڕوونکردنەوەی پێویست لەسەر ڕووداوەکان و ڕاستییەکان بدات بە هاونیشتمانیان.
3. لایڤی سۆشیاڵ میدیا:
بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەریی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا، دەزگای میدیای نیشتمانی دەتوانێ لەڕێی ستافێکی کارا و چالاک و پڕ زانیارییەوە لەسەر هەموو ئەو پلاتفۆرمانەی کە هەیەتی، وەڵامی دەنگۆکان بداتەوە و هەم ڕاستییەکان بخاتەڕوو هەم پرسیار و سەرنجەکانی خەڵکیش بەخێرایی بەرەوڕووی لایەنی پەیوەندیدار بکاتەوە بۆ وەرگرتنی وەڵام. بەوەش دەتوانێ ڕێگری بکات لە تەشەنەکردنی ساختەهەواڵ و دەنگۆی چەواشەکارانە.
4. بەکارهێنانی مەڵتیمیدیا:
بۆ ئەم سەردەمە، میدیای نیشتمانیی پێویستی بەوەیە ڕاستییەکان بە فرە شێواز، خێراتر و بە کوالێتیی باشتر و سەرنجڕاکێشتر بخاتەڕوو. دەتوانێت گرافیک و ڤیدیۆ و دەنگ و تێکست و ئەنیمەیشن بۆ هەر بابەتێک بەکاربهێنێت. بەم ڕێگا و میکانزمە دەتوانێت بەئاسانی یارمەتیی هاونیشتمانییان بدات بۆ تێگەیشتنێکی قووڵتر و ڕاست و دروست لە ڕووداوەکانی دەوروبەریان.
5. ئاراستەکردنی هاونیشتمانیان:
میدیا دەتوانێ لەڕێی دابینکردنی لینکی سەرچاوەی باوەڕپێکراوی ڕاپۆرتە سەربەخۆکان یان ماڵپەڕە ڕەسمییەکانەوە، یارمەتیی هاونیشتمانیان بدات تا ئازادانە بۆ خۆیان بەدوای زانیاریی پشتڕاستکراوەدا بگەڕێن، بەمەش خەڵکێکی زۆر ڕزگار دەکرێن لە تەڵە و داوی ساختە هەواڵی چەواشکاران.
ئەنجام:
میدیای نیشتمانیی دەتوانێ لە ڕێگەی: وەڵامدانەوەی خێرا و پشکنینی ڕاستییەکان، هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراو و زانکۆکان و پسپۆرانی بوارە جیاجیاکانەوە، ڕۆڵێکی کارا بگێڕێت لە پاراستنی کۆمەڵگە لە کاریگەرییەکانی ساختەهەواڵ و دەنگۆ و چەواشەکاری.
میدیا بە پێدانی زانیاریی دروست و متمانەپێکرا و لەکاتی گونجاو و بە شێوازی گونجاو و سەرنجڕاکێش، دەبێتە ئاگربڕ و هێڵی یەکەمی بەرگری لەبەرامبەر شاڵاوی ساختەهەواڵ و دەنگۆی چەواشەکارانەی میدیای پۆپۆلیستیدا.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان؛ بەردەوامی و هەستانەوەیەکى پڕ لە ئیرادە
16 ئازار
هۆکارەکانی پشت ڕێککەوتنی نێوان ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی
13 ئازار
ڕۆڵی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و سنووری ماددەی 140
13 ئازار
کورد لە نێوان 11ـی ئادار و 10ـی ئادار
11 ئازار
چۆن مامهڵه لهگهڵ پرۆژهكانی حكومهت بكرێت؟
10 ئازار
بۆ دەبێت ڕاپەرین لەیاد نەکەین؟
9 ئازار
بۆچی پرۆژەی ڕووناکی؟
9 ئازار
ڕاپەڕین وەک پرۆژەیەک بۆ داهاتوو
5 ئازار
داستانی قارەمانێتیی مرۆڤی کورد
4 ئازار
"بزاڤێن عێراقێ بو ئازادیا سیاسی: ڕۆلێ کوردان و باندوورێن ئیرانێ"
2 ئازار