کفن بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە دیاردەیەکی قێزەون

شانۆ بەکر فەرەج، پێشکەشکاری ئاڤا

شانۆ بەکر فەرەج، پێشکەشکاری ئاڤا

‎نامەوێت باسی تەکنیکی بەرهەمهێنان و ئەو وردەکارییانە بکەم کە بەرهەمهێنەرانی فیلمی کفن دەتوانن زۆر شانازی پێوە بکەن، چونکە کەسانی تایبەتمەند لەم بوارە شایەتی سەرکەوتنیان بۆ داوە، ئەوەی لەم نووسینەدا دەمەوێت لەسەری بووەستم؛ ناوەڕۆک و چیرۆک و پەیامی پشت فیلمەکەیە.


‎ئەوەی کفنی جوان کردووە هەڵبژاردنی بابەتێکە کە دەمێکە لەنێو کۆمەڵگەی کوردی باوە و سەدان خێزانیش گیرۆدەی ڕەشییەکانی بوون، لە کفندا بەڕوونی ئەو پەیامەم بینی کە بە خەڵک دەڵێت دووربکەونەوە لەو دیاردە ناشرینە، خۆت و خێزان و کۆمەڵگەش گیرۆدە دەکات.


لەبەرئەمەیە ناتوانی وەک فیلمێکی ئاسایی ڕاگوزەر دانیشیت سەیری کفن بکەیت، فیلمەکە لە دەستپێکدا تاوەکو کۆتایی هەڵگری پەیامێکە کە یەک ئامانجی هەیە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و چاکسازی و گۆڕینی بیرکردنەوەی خەڵک دەربارەی دیاردەیەکی ناشرینی مەترسیدار.


‎ئەوەی خاڵی سەرکەوتنی کفنە سادەییەکەیەتی لە گەیاندنی ئەو پەیامەی هەڵیگرتووە، چونکە دوای یەکەم نمایشی فیلمەکە بەڕوونی ئەو پەیامەم لە بینەرەکانی دەبیست و گوێم لێی دەبوو، ئەو یەکدەنگییەی دروستی کرد کە هەموو بینەرێک دوای بینینی فیلمەکە بڵێت: پێویستە هەموو کەس بێت و فیلمەکە ببینێت، بۆخۆی سەرکەوتنێکە کە خاوەنەکانی ئەم شاکارە سینەماییە دەتوانن شانازی پێوەبکەن.


‎ئەوەی ئەرکەکەشی گرانتر کردبوو هەڵبژاردنی ئەو ژانەرە بوو کە بۆ یەکەمجارە لە سینەمای کوردیدا دەستی بۆ ببرێت، بەڵام بە هەموو ماناکان توانییان لە یەکەمین ئەزمووندا ئامانج بپێکن و لە هەموو ڕووێکەوە پڕ و تێر بوو.


‎خاڵێکی دیکەی زۆر گرنگ کە هەم سەرسام و دڵخۆشی کردم، هەم پێموایە خاڵێکی بەهێزی سەرکەوتنی ئەم پرۆژە سینەمایە بوو، نواندنی ئاستبەرزی ئەکتەرەکان بەگشتی و سێ ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە بوو بەتایبەتی، ئەوەندە واقیعی و جوان نواندن دەکەن بەتەواوی بۆ نێو چیرۆکی فیلمەکە ڕاتدەکێشن  و بینەر لەڕێگای ئەوانەوە خۆی دەبێتە بەشێک لە چیرۆکەکە.

ڕۆڵی ئاڤا میدیا


‎ئاڤا کاتێک دێت و دەڵێت خەمی من گێڕانەوەی بەهایە بۆ هونەر و پاراستنی شیرازەی خێزان لە پێشینەی کارەکانمە، ڕەنگدانەوەی ئەم دروشمانە لە پاڵپشتیکردنی ئەم جۆرە پرۆژانەدا ڕەنگدەداتەوە.


‎بڕیاردانی ئاڤا بۆ هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنانی ئەم پرۆژە سینەماییەدا بەتەواوی یەکانگیرە لەگەڵ ئەو دروشمەیدا.


‎ئاڤا خەمی پاراستنی خێزانە، خەمی چاکسازی کۆمەڵایەتی و پیشاندان و کارکردنە بۆ گۆڕینی ناشرینییەکان، لەم فیلمە سینەماییەدا بەتەواوی ئەو ئامانجە ڕوونە ڕەنگی داوەتەوە و هەر بە بینی ئەم فیلمە بۆت دەردەکەوێت ئاڤا چی دەکات و پاڵپشتی چ جۆرێک لە پرۆژە دەکات.


‎دەشزانم ئەم نەریتە کە ئاڤا خەریکی بنیاتنانیەتی ڕێگە ڕاستەکەیە و وردەوردە میدیا و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دیکەش ناچار دەبن بێنە سەر ئەو ڕێچکەیە، چونکە فیدباکەکان پێمان دەڵێن خەڵک ئەوەی دەوێت کە ئێستا ئاڤا دەیکات.

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: