نرخی کارەبای 24 کاتژمێری؛ مانگانە دەبێت ماڵێک چەند پارە بدات؟

شەیری بکە لە:

ئاڤا نیوز

پڕۆژی ڕووناکی بەهۆی ئەوەی پڕۆژەیەکی گرنگە و پەیوەندی بە سەرجەم خەڵکەوە هەیە، ئاڤا هەموو ڕۆژێک زانیاری لەبارەوە دەخاتەڕوو و وەڵامی  پرسیارەکانی خەڵک دەداتەوە. ئەمڕۆش لەبارەی نرخی کارەبا بەدواداچوونی کردووە.

وێنە گەورەکە: پڕۆژەی ڕووناکی پڕۆژەیەکی ستراتیژی کابینەی نۆیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، لە هەولێر و سلێمانی دەستیپێکردووە، کۆتایی ئەم مانگە دەگاتە دهۆکیش، ساڵی داهاتووش سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: بەشێک لە هاونیشتمانیان گلەییان لە نرخەکەی هەیە و ئەم پڕۆژەیان لا کراوەتە دێوەزمە. ئێستا چەند جۆرێک کارەبا هەیە؛ نیشتمانی، مۆلیدەی گەڕەک، کارەبای سیتی، کارەبای مۆلیدەی تایبەت، بەڵام پڕۆژەی ڕووناکی هەموو ئەمانە کۆدەکاتەوە و کارەبایەکی 24 کاتژمێری دابین دەکات لە سەرتاسەری کوردستان، لە زاخۆوە تا کفری و کەلار بە شار و گوندەوە.

ژمارەکان وا دەڵێن: نرخی کارەبای 24 کاتژمێری زۆر ڕەخنە و گلەیی لەسەرە و خەڵک وا تێگەیێنراوە گرانە و دەبێت مانگانە خەڵک پارەیەکی زۆر بدات. تیمی ئاڤا بەراوردی پارەی کارەبای نیشتمانی و مۆلیدە و کارەبای پڕۆژەی ڕووناکی کرد، دەرکەوت پارەکە نەک هەر زیادی نەکردووە، بەڵکو کەمیشی کردووە، بەمشێوەیە: 

ئێستا هاونیشتمان دوو جۆر پارەی کارەبا دەدەن: کارەبای نیشتمانی کە مانگانە 15 بۆ 20 هەزار دینارە، پارەی مۆلیدە کە هەر ئەمپێرێک لەنێوان 18 بۆ 22 هەزار و 500 دینارە، جاری واش هەیە زیاترە. ئەمە جگە لە دەنگی بەرز و بێزارکەری مۆلێدە و پیسکردنی ژینگە و جۆزە هەڵدانەوە. ئەگەر ماڵێک 4 ئەمپێری هەبێت، پارەی مانگانەی کارەباکەی لە نێوان 87 هەزار دینار بۆ 110 هەزار دینارە.

بەڵام ئەگەر ماڵێک بەنموونە وەربگرین لە پڕۆژەی ڕووناکی، بۆنموونە گەڕەکی شادی لە هەولێر کە شەش مانگە پارەکەی کراوەتە 24 کاتژمێری، بە تێکڕا پارەی یەک مانگی کارەباکەی لە نێوان 65 بۆ 70 هەزار دینار بووە.

قووڵتر: لە گەڕەکی شادی  مانگی یەک بە تێکڕا 87 هەزار دینار بۆ خەڵک هاتووەتەوە، بەڵام بۆ مانگی دوو خەڵک ئیدارەی کارەباکەیان باشتر داوە و کەمتر بەکاریانهێناوە، بۆیە کەم بووەتەوە بۆ تێکڕای 65 بۆ 70 هەزار دینار. بە تێکڕاش خەڵک مانگانە 760 کیلۆوات کارەبایان بەکارهێناوە.

بەراورد بە وڵاتانی تر: لە ئوردن کە ژمارەی دانیشتوانی 11 ملیۆنە و شەش ملیۆن هاوبەشی کارەبای هەیە، کارەبای هاوشێوەی پرۆژەی ڕووناکی 24 کاتژمێرییە، نرخەکەیشی بۆ هەر کیلۆ واتێک 7.5 سەنتە، واتا 350 دینار.

هەر خێزانێک لە هەرێمی کوردستان بە تێکڕا 760 کیلۆوات بەکاردێنیت، بەڵام لە ئوردن 321 کیلۆوات بەکاردێنێت.

لە وڵاتەکانی وەک ئەرمینیا، جۆرجیا، ئازەربایجان، تورکیا و ئۆزباکستان نرخی هەر کیلۆاتێک 2.3  تا 10.8 سەنتە، واتا نرخەکەی چەند بەرامبەری ئێستای کوردستانە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: