ئایا کێشە بۆ مووچەی مانگی دوو دروست دەبێت؟

شەیری بکە لە:
ئایا کێشە بۆ مووچەی مانگی دوو دروست دەبێت؟

گرافیک ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

وەزارەتی دارایی عێراق بە واژۆی تەیف سامی دوو داواکاری بۆ ناردنی مووچەی مانگی دوو هەیە، یەکێکیان کە پەیوەست بوو هەژماری من. ئەو داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لەگەڵ ناردنی لیستی مووچە، لیستی ئەو فەرمانبەرانە بنێرێت کە هەژماری بانکییان هەیە، واتا هەژماری من.

 


بەدواداچوونی تایبەت: بەهۆی ناڕوونی نووسراوەکە ئاڤا بەدواداچوونی کرد ئایا وەزارەتی دارایی عێراق دەیەوێت تەنیا بزانێت چەند مووچەخۆر هەژماری بانکییان هەیە، یان ئەیەوێت حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی هەژماری منیان ڕادەست بکات و خۆیان لە بەغداوە تەحەکومی پێ بکەن. بۆنموونە 50 هەزار مووچەخۆر لە بانکێک مووچە وەردەگرن، خۆی مووچەی ئەو 50 هەزارە بۆ بانکەکە بنێرێت، ئایا شتێکی وا هەیە.

 

لێدوانی فەرمی: لەسەر داواکارییەکانی تەیف سامی، بەرپرسێکی ئاگادار و تایبەتمەند لە وەزارەتی دارایی کوردستان بە ئاڤای وت: دەیانەوێت بزانن بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچە بە کوێ گەیشتووە، هەروەها تاوەکو ئێستا هەر مووچەخۆرێک لە پرۆژەی هەژماری من ناوی تۆمارکرابێت و لە رێگەی بانکەوە مووچە وەردەگرێت، بکرێنە لیستێک و ناو و زانیاری پێویستیان بۆ بنێردرێت، مانگانەش ناوی چەند مووچەخۆر زیادبوو و کارتەکانیان ئەکتیڤ بوو، لەگەڵ لیستی مووچە لیستی ئەو مووچەخۆرانەش نوێ بکرێتەوە و بنێردرێت، بەکورتی داواکارییەکەی تەیف سامی ئەوەیە ئاگاداری پرۆژەی هەژماری من بن نەوەک ڕادەستیان بکرێت.

 

"داواکارییەکە تەنیا ڕۆتینە و ئاساییە"

 

وەک بەرپرسەکەی وەزارەتی دارایی قسەی بۆ ئاڤا کرد، کێشەیان لەگەڵ ئەو داواکارییە نییە، ئاسانە و تەنیا ڕۆتینە، بێ کێشە لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی دوو ئەویشان بۆ ئەنێرن، واتا هیچ دوودڵی و و نیگەرانییەکی ناوێت.

 

بۆچوونی تەیف سامی لەبارەی هەژماری من

 بەرپرسێکی هەژماری من کە قسەی بۆ ئاڤا کردووە بە گێڕانەوەی نموونەیەک ڕاوبۆچوونی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی هەژماری من ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، کاتێک شاندی کوردستان چوونەتە بەغدا و سیمینارێکیان لەبارەی هەژماری من پیشکەش کردووە، تەیف سامی بە ڕاشکاوی هەڵوێستی خۆی دەربڕیوە، وتوویەتی ئیشی من نییە ئێوە چی دەکەن لە هەرێم، گرنگ ئەوەیە ئێوە پابەندبن بە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچە، وتووشیەتی بڕیارەکە زۆر ڕوونە، هەر بانکێکی مۆڵەتپێدراو بێت، بانکەکانی هەژماری من هەموویان مۆڵەتپێدراون.

 

هەرێمی کوردستان: ڕادەستکردنی هەژماری من بە عێراق پێچەوانەی دەستوورە

 
پێشتریش حکومەتی کوردستان لە لێدوان و رێگای جیاوازەوە ڕەتیان کردووەتەوە پرۆژەی هەژماری من رادەستی حکومەتی عێراق بکەن، ئەمەیان بە پێچەوانەی دەستوور و وەکو هەوڵێک بۆ بچووکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان لێکدایەوە، چونکە بەپێی دەستوور کوردستان هەرێمە نەوەک پارێزگا و بە خوێنی دەیان هەزار شەهید و نزیکەی سەدەیەک خەبات بەرهەمهاتووە، ئەبێت حکومەتی عێراق بودجە و شایستە داراییەکانی بەتەواوی بۆ بنێرێت، نەوەک تەنیا وەکو پارێزگایەک مامەڵەی لەگەڵ بکات.

 


ئەمە یەکێک بوو لە پەیامەکانی مەسرور بارزانی بۆ سوودانی لە سەرەتای ئەمساڵ کە وەکو هەرێم مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکرێت، هەر ئەم فشارانەش ڕێککەوتنیان لەبارەی مووچە لێکەوتەوە.

 

ئەمریکییەکان لەبارەی مووچە و هەژماری من دێنە سەرخەت

 

لەبارەی ئەو بیانوە زۆرانەی حکومەتی عێراق بە هەرێمی کوردستانیان دەگرێت، باڵیۆخانەی ئەمریکا پەیوەندیان بە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، پێیان وتوون،  بیستوومانە ئێوە هەوڵ دەدەن گرفت بۆ مانگی دوو دروست بکەن، زانیاری زیاترتان دەوێ بەتایبەت لەسەر کردنەوەی هەژماری بانکی فەرمانبەران، تکایە ڕوونکردنەوەمان پێ بدەن. 

 

بەغدا وەڵامی ئەمریکای داوەتەوە: داوای شتی نوێمان نەکردووە


وەزارەتی دارایی عێراقیش وەڵامی باڵیۆزخانەی ئەمریکای داوەتەوە، ئەمە وەڵامەکەیانە: وەزارەتی دارایی عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتی کردووەتەوە داوای زانیاری زیاتریان کردبێت، وتوویانە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو تەنیا لیستی مووچەمان دەوێت، لەگەڵ هەندێ زانیاری تر وەکو ناو و ناوشیانی مووچەخۆران. هەروەها  سەدا 50ی داهاتی ناوخۆش وەکو ڕێککەوتنمان لەسەر کردووە، دواتریش هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکات و حکومەتی عێراق سەرپەرشتی ئەکات، هیچی نوێمان داوا نەکردووە. باڵیۆزخانەی ئەمریکاش ئەم وەڵامەیان بۆ هەرێمی کوردستان ناردووەتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ