مەشهەدانی داوا لە سوودانی دەکات قەزای زوبێر بکات بە پارێزگا

شەیری بکە لە:
مەشهەدانی داوا لە سوودانی دەکات قەزای زوبێر بکات بە پارێزگا

مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

بەنوسراوێکی فەرمی، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای بەپارێزگابوونی قەزای زوبێر لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات و داواکەشی بە واژۆی 100 پەرلەمانتار پشتگیری دەکرێت.

وێنە گەورەکە: بەرامبەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە ڕۆژی 14-4-2025 لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا،  داوای بە پارێزگاکردنی هەریەکە لە  تەلعەفەر، شنگال و دەشتی نەینەوا دەکرێت،  هاوکات 100 پەرلەمانتار ئیمزایان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونی قەزای زوبێر لە پارێزگای بەسرە بدرێت.

لێدوانی فەرمی: ڕەفیق ساڵحی، پەرلەمانتار لەفراکسیۆنی سادیقون، باڵی سیاسی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، ڕایگەیاند: سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر بەپارێزگابوونی قەزای زوبێر داوە.

- ساڵحی نوسراوێکی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بڵاوکردووەتەوە کە ئاراستەی نووسینگەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران کردووە، تێیدا داوای بە پارێزگابوونی قەزای زوبێر دەکات.

قوڵتر: ئەو پەرلەمانتارە لەگەڵ نوسراوەکە هاوپێچێکی بڵاوکردووەتەوە و واژۆی 100 پەرلەمانتاری لەسەرە کە داوای بەپارێزگابوونی زوبێر دەکەن، هاوکات لەکۆمێنتێکدا نووسیویەتی، مژدە بێت بۆ خەڵکی زوبێر بەم زوانە خەونی بەپارێزگابوونی شارەکەتان دێتەدی.

ئەمەش بزانە: قەزای زوبێر دەکەوێتە ڕۆژئاوای پارێزگای بەسرەوە، لە ڕێککەوتی 2-1-1964 بەفەرمی لەناحیەوە کراوە بە قەزا، ڕووبەرەکەی 11 هەزار و 628 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتوانەکەشی بەناحیەکانی دەوروبەرییەوە بە زیاتر لە ملێۆنێک کەس مەزەندە دەکرێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: