نەمریی دەوڵەت و بەردەوامیی میراتەکەی: سووریا بە نموونە

د. هۆشەنگ دارا

د. هۆشەنگ دارا

پڕۆفیسۆری یاریدەدەر

نەمریی دەوڵەت و بەردەوامیی میراتەکەی: سووریا بە نموونە

ئاڤا نیوز

 


دەوڵەتانی جیهانی ئێستا لەسەر دوو بنەمای گرنگ دامەزراون: بنەمای گرێبەستی کۆمەڵایەتی لە ناوخۆ و بنەمای دانپێدانانی ئەویدی لە دەرەوە. دەوڵەت بەم تایبەتمەندییەی ئێستایەوە بۆ تیۆرەکانی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە کە هەریەکە لە هۆبز (1588–1679) و لۆک (1632–1704) و ڕۆسۆ (1712–1778) کاریان لەسەر کردووە. لە ڕووی پراکتیکیشەوە بۆ سەردەمانی دوای پەیماننامەی وێستفالیا (1648) دەگەڕێتەوە کە بە هۆیەوە بنەماکانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکان داڕێژرا. لەو کاتانەوە هەر دەوڵەتێکی دیکەش دروست بووبێت لەسەر ئەو بنەما فەلسەفییانە بووە، لەوانەش دەوڵەتی سووریا کە لە ساڵی 1946ـەوە سەربەخۆ بووە.

 

گرنگترین تایبەتمەندیی دەوڵەتانی مۆدێرن و هاوچەرخ نەمریی ئەو دەوڵەتانەیە؛ نەک بەو واتایەی کە هیچ کات دەوڵەتێک بە تێکەڵبوون لەگەڵ دەوڵەتێکی دیکە یان بە لەتلەتبوون لەناو ناچێت، بەڵکو بەو واتایەی کە دەوڵەت بە سیفەتی هەمیشەیی لەدایک دەبێت و نیازی مردنی نییە. بەم پێیە دەوڵەتی هاوچەرخ بوونەوەرێکی نەمرە و بۆ هەمیشەش میراتی خۆی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ئەوەشی ئەم نەمرییەی دەوڵەت گەرەنتی دەکات لە ناوخۆ گرێبەستە کۆمەڵایەتییەکەی گەل و لە دەرەوەش دانپێدانانی دەوڵەتانی دیکەیە. 

 

تێگەیشتن لەم بابەتە پێویستی بە جیاکردنەوەی چەمکەکانی دەوڵەت، دەستەڵات و حکومەتە کە هەر یەکەیان واتای تایبەت بە خۆیان هەیە و لە یەکدی جیان - هەرچەندە پەیوەستن بە یەکدییەوە و پێکەوەش یەکدی تەواو دەکەن. لێرەدا و پەیوەست بەم بابەتە دەکرێت زۆر بە کورتی ئەوە بگوترێت کە: دەوڵەت ئەو چوارچێوە دیاریکراوە دانپێدانراوەیە کە تیایدا دەستەڵات لە ڕێگەی حکومەتەوە گەل بەڕێوە دەبات. بە درێژایی مێژووی نوێ و هاوچەرخ، دەستەڵات و حکومەتەکان بە خێرایی گۆڕاون. تەنانەت لە دەوڵەتانی دیموکراسیدا، ئەگەر دەستەڵاتیش بەردەوامییەکی ڕێژەیی بەخۆوە بینی بێت، بەڵام حکومەتەکان چوار ساڵ جارێک گۆڕدراون. لەگەڵ ئەمەشدا، دەوڵەت جێگیر بووە و بە نەمری ماوەتەوە - لانیکەم بە سیفەتی نەمریی خۆی نمایش کردووە و بۆ چەند سەدە یان دەیەیەک ماوەتەوە. 

 

گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا، وەک ڕوخانی ڕژێمی ئەسەد و وەرچەرخانە سیاسییەکان، جارێکی دیکە سەرنجەکانی بۆ ئەم بابەتە گرنگە ڕاکێشایەوە: بابەتی دەوڵەت-دەستەڵات-حکومەت. سەرەڕای زیاتر لە دەیەیەک لە شەڕی ناوخۆ و پێشێلکردنی گرێبەستی کۆمەڵایەتیی گەلانی سووریا و هەروەها لاوازبوونی حکومەت و وێرانبوونی ئەو وڵاتە، بەڵام سووریا سیفەتی دەوڵەتبوونی لەدەست نەدا. بە درێژایی ئەو ساڵانە، هەموو کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە سەر بوون و مانەوەی سنوورەکان و ڕێزگرتنی سەروەرییەکەی کۆک بوون. دەوڵەتانی جیهان، وەک ئاوێنەیەک لە سووریایان دەڕوانی خۆیانیان تێدا دەبینییەوە؛ هەر بۆیە لە پێناو گەرەنتیکردنی نەمریی خۆیان، دانیان بە نەمریی دەوڵەتی سووریادا دەنا، جا با لە ناوەوەش دەستەڵاتێکی لاواز و حکومەتێکی بێهێزی هەبوو بێت.

 

دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، کۆتایی بە دەستەڵاتێکی چەند دەیەیی و حکومەتێکی چەند ساڵیی سووریا هات؛ بەڵام ئەوەی کۆتایی نەهات و لە ناو هاوشانەکانیدا مایەوە دەوڵەتی سووریا بوو. سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکارییە گەورانە، بەڵام هیچ لە سەروەریی دەوڵەتی سووریا لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەم نەبوویەوە و بە هۆی پڕنسیپی یەکسانیی سەروەریی دەوڵەتانەوە سووریا وەک دەوڵەتێکی سەروەر مایەوە. سووریا توانی پارێزگاریی لە شوناسی خۆی وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ناو کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا بکات و نەمریی خۆی دەستەبەر بکات - ئەمەش لە ڕێگەی دانپێدانانی دەوڵەتانی دیکەوە بە بوون و سەروەریی سووریا.

 

ئەم بابەتە جارێکی دیکە گرنگیی دەوڵەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دوپات دەکاتەوە کە ئەوەی دەمێنێتەوە دەوڵەتە کە ئەمەش بەندە بە پابەندی و دانپێدانانی دەوڵەتانی دیکەوە. هاوکات دوپاتی ئەوەش دەکاتەوە کە ئەوەی لەناو دەچێت و دەگۆڕێت دەستەڵات و حکومەتە کە ئەگەر گرێبەستێکی کۆمەڵایەتیی ناوخۆیی نەبێت، پشتیوانییە دەرەکییەکان تا سەر ناتوانن بیپارێزن و درێژەی پێبدەن. لەوانەیە گرنگترین وانەی ئەم وەرچەرخانەی سووریا ئەوە بێت کە دەوڵەت نەمرە و میراتەکەی بەردەوام دەبێت، هەر گەل و نەتەوەیەکیش بیەوێت بە نەمری بمێنێتەوە دەبێت خۆی بخاتە ناو چوارچێوەی دەوڵەتەوە، دەبێت خۆی ببێت بە دەوڵەت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: