فرمێسکەکانی سەرۆک چیمان پێ دەڵێن؟

فرمێسکەکانی سەرۆک چیمان پێ دەڵێن؟

 

لە سایەی ئاسمانێکی هەوریندا ئاپۆڕایەک بۆ دواماڵئاوایی لە هەڤاڵ و هاوسەنگەرێکیان بە ماتەمینی ڕاوەستاون، فەرماندە (حسۆ کانیەلنجی) لە ڕۆژانی بێدەنگیدا زایەڵەی زەنگی تێکۆشان و بەرخۆدان بوو.


لە سەردەمی خیانەتدا دەستی هاوکاری و باوەشی دڵنیایی بوو، تێکۆشەرێک کە ژیانی خۆی بۆ هێنانەدیی خەونی ئازادیی تەرخانکردبوو، ئاسوودەیی و خۆشبەختیی خۆی لە پێناوی کەرامەتی گەلەکەیدا کردە قوربانی. ئاڵای کوردستان کە هەمیشە ئاڵای خەبات و قوربانیدان بووە، وا ئێستا بەسەر کەژاوەی مەرگی ئەو قارەمانەوە دەشەکێتەوە. ئەمڕۆ لێرەدا جەستەی پاک و شەکەتی ئەو هەڤاڵەی سەرۆک بارزانی بە خاکی پیرۆزی نیشتمان دەسپێردرێت.

 

لە دیمەنێکی پڕ لە هەست و سۆزی مرۆییدا زۆربەمان بینیمان سەرۆک بارزانی بە کوڵ لە ناخەوە فرمێسکی بۆ دەڕشت. ئەو فرمێسکی دڵسۆزی و وەفایە، بەربەستەکانی ڕووکەشیی بڕی و بەبێ دەنگی و بەتاسەوە گەیشت بە قوڵایی دڵەکان. 

 

ئەو دیمەنە دەربڕی خەم و پەژارەی سەرۆک بوو کە بەشێک لە یادەوەرییەکانی خەبات و هاوبەشێکی سەنگەر و گەشتی درێژخایەنی خەباتی لەدەستدابوو، ئەو فرمێسک و هەنسکانە دیوە ڕاستەقینە و نەبینراوەکەی کەسێتیی سەرۆک بوون کە هەڤاڵێکی ئەوتۆی لەدەستدا بوو کە لە تاڵترین بارودۆخدا پشتوپەنای بووە.

 

من کە دیمەنی ساتەوەختی ئەو گریانەی سەرۆکم دی ، هەستم بە تین و تاوی ئاگری ئەو ئازارە کرد کە ناخی سەرۆکی هێنابووە جۆش، ئازاری لەدەستدان و ئازاری یادەوەریی تال و شیرین کە بۆ تا هەتا لە ویژداندا بە زیندووی دەمێننەوە. 

 

من لەو دیمەنەدا واتا باڵاکانی بەهای بەرزی ڕێز و وەفام  بینی، دڵسۆزیی بۆ یادی ئەو مرۆڤانەم بینی کە گیان و ژیان وموڵک و ماڵیان لە پێناو نیشتماندا بەخت کرد. ئەو فرمێسک و هەنسکە خۆڕسکانەی سەرۆک وانەیەک بوون لە کوردایەتیدا و ئەوەیان بەیاد هێناینەوە کە سەرکردەیش هەرچەندە گەورە و مەزنیش بێت، مرۆڤێکی خاکییە و خاوەنی هەست و ئازاری مرۆییە.

 

لەنێو ئاپۆڕای ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی پێشمەرگە و فەرماندەیەکی دێریندا، سەرۆک لەهەوڵی کپ و بێدەنگکردنی  دڵتەنگییەکەی خۆی بوو، کەچی لە بەرامبەر تین و تاوی خەمی لەدەسدان و دوا دیداری هاوڕێیەکی تەمەندا، شکستی هێنا، شکستێک کە بووە مایەی شکاندنی ڕیکۆردێکی تری خاکەڕایی و مەزنایەتیی سەرۆک، شکستێک کە بڕوای پێ هێنام: خەبات وتێکۆشانی ڕاستەقینە ئاوێتەبوونی ڕۆحەکانە و لەدەستدانی هەڤاڵ وهاوڕێیەکی تەمەنیش زامێکی سەخت و قووڵی سارێژ نەبووە، تا هەتا لە دڵدا دەمێنێتەوە، هاوکات پاڵنەر و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەردەوامی و کۆڵنەدان.

 

فرمێسکە بە کوڵەکانی جەنابی سەرۆک پێمان دەڵێن: کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی دێرین و خەباتکارێکی ماندوو، کۆتایی کاروان نییە. بەڵکو سەرەتای گەشتێکی درێژخایەنی ڕۆحی کوردایەتییە و تا کورد دەگەیەنێت بە گشت ئاواتەکانی بەردەوامیی پێدەدەدرێت. 

 

فرمێسک و هەنسکی سەرۆک بە بێدەنگی پێی وتین: مێژووی خەباتی تێکۆشەرانی دێرین میراتێکە و لە هەموو بەرەیەکی خەباتی ئێستا و ئایندەماندا ڕێ نیشاندەرمانە و لە دوو توێی هەموو دەنگ و هاوارێکی ئازادیخوازانیشدا دەیبیستینەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: