لێدوانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بۆ ئاڤا لەبارەی گرژییەکانی گوڵەخانە

شەیری بکە لە:
لێدوانی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بۆ ئاڤا لەبارەی گرژییەکانی گوڵەخانە

ئاڤا نیوز

 

عەبدوڵڵای حاجی مەحموود ڕەتیدەکاتەوە کوڕەکەی هەڵیکوتابێتە سەر ماڵەکەیان لە گوڵەخانە و دەڵێت، لەلایەن دادوەرەوە ڕێگەیان پێدراوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.

 

چیرۆکی سەرەکی: بەرەبەیانی ئەمڕۆ دابان عەبدوڵڵا حاجی مەحموود لەگەڵ ژمارەیەک پاسەوانی باوکی، چووەتە سەر ماڵەکەیان لە گوڵەخانە و بەهۆیەوە گرژی لەنێوان هێزی هەردوو برا دروست بوو.

 

لێدوانی فەرمی: عەبدوڵڵای حاجی مەحموود بە ئاڤا نیوزی گوت: "خانووەکەم لە گوڵەخانە لەلایەن هێزێکی سەر بە سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستانەوە داگیرکرابوو، زیاتر لە جارێک بە کۆمەڵایەتی و حیزبی داوام کرد چۆڵی بکەن، ئامادە نەبوون و دواتر ڕێکاری یاساییم گرتەبەر".

 

لەلایەکی دیکەوە: بەگوتەی فەرماندەیەکی نزیک لە عەبدوڵڵا حاجی مەحموود کە نەیویست ناوی خۆی ئاشکرا بکات، ڕایگەیاند: "عەبدوڵڵا دەڵێت من شەرعیەتی بەشداریکردنم لە کۆمسیۆن وەرگرتووە و بەشداری لە کۆنگرە دەکەم، هەروەها خانووەکەم بەیاسا وەرگرتووەتەوە چونکە موڵکی خۆمە، بەڵام لایەنەکەی دیکە دەڵێت نابێت بەشداری بکات بەهۆی ئەوەی بە بڕیاری حیزب دەرکراوە". 

 

زانیاریی زیاتر: هەر 40 خولەک دوای گەڕانەوەی دابان بۆ ماڵەکەیان، لەلایەن هێزێکی سەر بە محەممەد حاجی مەحموود دەوری خانووەکە دراوە و تەقەیان کردووە؛ تاوەکو ئێستاش دابان و هێزەکەی باوکی لەنێو ماڵەکەدا ماون و ئامادە نین چۆڵی بکەن.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: ئەمە لەکاتێکدایە سۆسیال دیموکرات سەرقاڵی ئامادەكارییە بۆ بەستنی کۆنگرە و دەیانەوێت پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆنگرە ببەستن، سەرەڕای دوورخستنەوەشی عەبدوڵڵا حاجی مەحموود بەشداری دەکات.

شەیری بکە لە: