فایلی خەڵك؛ بەدواداچوون بۆ گرفتی زەویی مامۆستایانی زانكۆ و ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆكان

شەیری بکە لە:
فایلی خەڵك؛ بەدواداچوون بۆ گرفتی زەویی مامۆستایانی زانكۆ و ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆكان

گرافیک: ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

لە فایلی خەڵكی سەعات (7:00)ی ئاڤا میدیا، دوو كێشە باسكران ئەوانیش بریتین لە گازاندەی مامۆستایانی زانكۆی سلێمانی سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ژمارەیەك زەوی كە بۆیان دیاركراوە، هاوكات خستنەڕووی داواكاریی هەزاران كەس كە خاوەنی ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزن و تابلۆیان پێنادرێت.

 

خستنەڕوو: 

- ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سلێمانی گازاندەی ئەوە دەكەن کە ئەو زەویانەی بۆیان دیارکراوە و بڕیار وابووە پێیان بدرێت پێیان بدرێت لەلایەن کۆمپانیایەکەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

- لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 10 هەزار ئۆتۆمبێل هەن کە سەرەڕای ئەوەی مۆدێل بەرزن بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی شارەکان ڕەتكراونەتەوە و تۆمارناکرێن و تابلۆیان پێ نادرێت، بەشێک لەو خاوەن ئۆتۆمبێلانە هانایان بۆ ئاڤا هێناوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو گرفتەیان.

 

بەدواداچوون:

- د. یۆهان عوسمان، لێپرسراوی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەو زەویانەی باس دەکرێن چیرۆکێکی دوور و درێژە و بە زانکۆی سلێمانی نەدراوە، ئەوەی لەبارەیەوە دەگوترێت وانییە، بەڵکو بە بڕیارێكی فەرمی بەو کۆمپانیایە دراوە، زەوییەكە لەتەنیشت هەواری فەرمانبەرانی زانکۆیە، بەڵام بۆ فەرمانبەر و مامۆستای زانکۆ دانەنرابوو.

- یەکێک لەو خاوەن ئۆتۆمبێلانەی كە تابلۆیان پێنادرێت بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئۆتۆمبێلەکان مۆدێل 2022 و 2023 و 2024ـن هەرچەندە سەرجەمیان پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە و مۆڵەت و ڕێگەپێدانی گومگریان هەیە هاوکات مەنەفێستیشیان هەیە، بەڵام بەبیانووی ئەوەی لێدرانیان هەیە، بە بڕاوە هەژمارکراون و تابلۆیان پێنادرێت.

 

چارەسەر:

- د. یۆهان عوسمان دەڵێت: ئێمە لیستی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی كە لە وەرگرتنی زەوی سوودمەندنەبوونە بۆ شارەوانی و وەزارەتی شارەوانی بەرزکردووەتەوە.

- خاوەن ئۆتۆمبێلەكان دەڵێن بە ڕەقەمکردنی ئۆتۆمبێلەكانمان، هەم ئێمە قازانج دەکەین هەمیش حکومەت ڕسوماتی تۆمارکردنی وەردەگرێت کە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک سەرووی هەزار دۆلار وەردەگرێت، ئەمەش بۆ خەزێنەی گشتیی بەسوود دەبێت.

 

ئەنجام:

- زەردەشت ڕەفیق، وتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانی سلێمانی ڕایگەیاند: مامۆستایانی زانکۆش وەک سەرجەم فەرمانبەرانی دیکە زەویان لەو سێ شوێنەی كە دیارکراوە پێ دەدرێت.

- لیوا دیدار عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی هاتووچۆی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: هەر ئۆتۆمبێلێك بە نایاسایی و لە دەرەوەی ڕێنماییەكان هێنرابێتە هەرێمی كوردستان تابلۆی پێنادرێت، ئەوانەی كە تابلۆیان پێدەدرێت دەبێت هەموو ئەو مەرجانەیان تێدابێت كە بۆ ئۆتۆمبێلێكی سەلامەت دیاركراوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ