کۆمیسیۆن: هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ناکرێت

شەیری بکە لە:
کۆمیسیۆن: هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ناکرێت

سەرۆک و بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق

ئاڤا نیوز

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق دەڵێت، لە ئێستادا هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراقدا ناکرێت، بڕیارێکی لەو شێوەیەش لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆندا نییە.

چیرۆکی سەرەکی: بەگوێرەی سەرژمێریی دانیشتووان کە ساڵی ڕابردوو کرا ژمارەی هاووڵاتیانی عێراق 45 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە، دەستووریش دەڵێت دەبێت بۆ هەر 100 هەزار کەسێک کورسییەکی پەرلەمان زیاد بکرێت، بەوپێیەش ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دەبێت بۆ 450 کورسی زیاد بکرێت کە ئێستا 329 کورسییە.

لێدوانی فەرمی: ئەلحەسەن قەبس، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند، زیادکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لەسەر بنەمای سەرژمێرییەکەی ساڵی ڕابردوو، لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆندا نییە، چونکە ئەوان تەنیا لایەنێکی جێبەجێکارن نەک یاسادانەر، لەئێستاشدا هیچ گۆڕانکارییەک لە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ناکرێت.

لە لایەکی دیکەوە: محەممەد خەفاجی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی ڕاگەیاندووە، باسکردن لە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و زیادکردنی کورسییەکانی پەرلەمان تەنیا لە ڕاگەیاندنەکانەوە باسکراوە و تائێستا بە فەرمی پڕۆژەی هەموارەکەی پێشکەش نەکراوە، بابەتێکی لەو شێوەیەش پێویستی بە کات و ڕێککەوتنی سیاسیی هەیە و قورسە لەم کاتەدا تێپەڕێنرێت، بەوهۆیەش خولی داهاتووی پەرلەمان هەر لە 329 کورسیی پێکدێت و ژمارەی کورسییەکانی زیاد ناکرێت.

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ