بۆ شازدەی سێ و بۆ خەردەل و بۆ سیر و سێو!

شەیری بکە لە:
بۆ شازدەی سێ و  بۆ خەردەل و بۆ سیر و سێو!

وێنەی پەیکەری عومەری خاوەر و مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەڵەبجە - وێنەی د. بەهات قەرداخی (گرافیکی ئاڤا)

چی بنووسم ؟

لەیادی پڕ لە ئازاری، ئازاری هەشتاو هەشتدا ، ئاخۆ کامیان زووتر دەبینرێن: ڕەنگی ڕەش یان ڕەنگی سوور؟ کامیان زووتر دەبیسترێن : زەنگی شیعر یان هاواری لەنێو گەروودا تاساوی، منداڵێکی پێخاوسی بەجێماوی ئەو دیو سنوور؟ لە ناو شەپۆل و گێژەنی دەریای بێ بنی شەهیددا، ناسنامەی کامە گیرفانی خوێناوییان بخوێنمەوە؟ پرچی ژاکاو لەسەر کام ڕوخساری  تۆقیو هەڵدەمەوە؟ لێوی مەییوی کام ساوا لە سینگی کامە دایکی بە قەقنەزبوو بکەمەوە؟ داستانی داڕمانی کامە دیوار کامە مینبەر.. کامە ژووری دەرس ودەوری قوتابییان بگێڕمەوە؟ لە خەزانی دارستانی قریشکەداکامە لق و گەڵای کامە تەمەنی هەڵوەریو کۆبکەمەوە؟ لەگێژاوی قینی ڕەشی بەعسییاندا کام هێلانەی زەڕنەقووتەی بەرەوەبوو، کامە دڵی بچکۆلانەی سەرئاوکەوتوو، بگرمەوە؟ کامە سەرپۆشکام شەدەی لار کامە مشکی و جامەدانیی ئاڵۆسکاوی سەروگەردن شیبکەمەوە؟  ئەڵقەی پەنجەی کامە نەوبووککام سەعاتی لەسەر یازدەو چل و پێنجی شازدەی ئازار ڕاوەستاوی، مەچەکی کام بەژن زراڤی هەژدەساڵ هەڵگرمەوە؟ چەند تاقانەی دەم بەکەفی ڕۆح تیا نەما و لە باوەشی چەند عومەری ئومێد بڕاو وەرگرمەوە؟ کامە پەنجە، کامە لاق و بازووی قرتاو، کامە قۆڵ و باسکی سووتاو، کامە پێڵاوی بەجێماو بۆ خاوەنیان بگێڕمەوە؟ پێڵووی چاوی کامە چرای بێ ترووسکەی گیان تیا نەماو، بە سۆزەوە دادەمەوە؟ فرمێسکی گەرمی سەرگۆنای کام ئاوێنەی درز تێبووی ناو تاق و دیواری دێرین بسڕمەوە؟ دەسرازەی سەرسینگی کامە کۆرپەی لەبێشکە جێماودا بترازێنم؟ دڵی شکاوی پەنجەرەی کام کەلاوە بنازێنم؟ قەدی کام پیرەداری سەد ساڵە ڕاستکەمەوە؟ هۆرەی پڕ شینی کام دایک، کامە باوکی دەربەدەری نێو چادرگا بسێنمەوە؟

من چی بکەم چی .. چی بنووسم ؟

کام ئۆقیانووس بەشی گریانی من دەکات، وەکو ڕێژنەی ئەم بەهارە بەسەر ویژدانی خەواڵووی عەولەمەدا هەڵیڕێژم! لە تەرمی کێوە دەسپێبکەم.. هەتا کەی من بە بەرچاوی زەق و کوێری زلهێزەکانی دنیاوە هەر تەرمی خەونم بنێژم !؟ بەچ زمانێ لێم تێدەگەن، بیهۆنمەوە وشەو دێڕم؟ من بۆ چەند هەزار ڕۆحی تر.. من هەتاکەی.. هەر شین و ماتەم بگێڕم !؟

من چی بکەم چی .. چی بنووسم ؟
تەنها پێنجن پێنج هەزار دڵی ترساوی لەژین بێ بەش! بەتەنها دە، دە هەزار چاوی تەڕ و گەش. چێشتەنگاوی شازدەی سێ یە، تەنها سەدن، سەد هەزار پەنجەی تەزیوی دەست و پێیە! ملیۆنێ خەون و خەیاڵی پڕ  ئاوات و پڕ لە ڕازە . بە هەزاران هەزار درەخت، گوڵ و گەڵا و چرۆی تازە. بەهەزاران دیوار و دەرگە و پەنجەرە و هۆدە و هەیوان، دەیان تەختە ڕەشی دەرس و دەیان فرسەخ شەقام و ڕێ، کووچەو کۆڵان. بە هەزاران هەزار بێ گیان، بەهەزاران هەزار گیاندار، بزاو، نەبزووت، مەزن، گچکە، مێژووی نزیکمان هی دوورمان، ئەملا و ئەولا و خوار و ژوورمان، بێدەنگ.. دەنگدار، خەوتوو.. بێدار، هەر هەموو شت، لەهەڵەبجەی بێ چارەدا، لەم کوشتەی دەستی ژارەدا، باوەشیان کرد بەیەکتردا، لەهاوارێکی تاساوی نەبیستراوا، ئاوێتە بوون، توانەوە. لە شازدەی سێی هەشتا و هەشتی ئەو چەرخەوە، هەتا ئێستاش، هەڵەبجە پەنجە کەڵەیە، پەنجەکەڵەی هەموو کوردێ هەڵەبجەیەو وا لە حەوزی مەرەکەبی  تاوانایە، هیچ تەوێڵێ، هیچ نێوچاوانێ نابووێرێ، مۆری نەکات لەم دونیایە! 

لەکامە گەردەلوولی مەرگەوە سەرێ بکێشمە دەرەوە و بەرە و کام لا پەل بهاوم؟ بەرەو (ڕاستێ) کە سەد ساڵە خواربۆتەوە؟ بەرەو (چەپێ) کە سەگ ئاسا هەر دەحەپێ؟! کوانێ کەنارێ داڵدەم دا لەکام تونێلی قڕکردن خۆم قوتارکەم ، تونێلی (مەن) ، تونێلی (بەن)، یان تونێلی (ڕەواهو عەن)؟ لەژێر دوو باڵی قورسی چەند قەلوداڵ و کام هەوری ڕەشی سیر و سێو، کامە زنجیری دەبابە و کامە شمشێری عروبە، بە سینگە خشێ، بە چنگە کڕێ، خۆم دەربازکەم؟ کوانێ دەزوولەیەک ئومێد، شەستە بارانی ئازادی و سەربەخۆیی بەخوڕ داکات، تۆزی سەحرای نوگرە ئەنفال و ئارەقەی ئەبو غرێب، بۆنی سێو و سیر و خەردەل لەسەر جەستەی ئەم سەدساڵەم بشواتەوە! دەشت و دۆڵم، چیاو چۆڵم، تێر لە ئاوی میهرەبانیی ئەو خودایە بخواتەوە!؟ 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ