دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕێباز حەملان قبوڵ کرا

شەیری بکە لە:
دەستلەکارکێشانەوەکەی ڕێباز حەملان قبوڵ کرا

ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق. وێنە - ئاڤا میدیا

ئاڤا نیوز

ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیامێکی لەسەر هەڵوێستەکانی لە بەغدا و دەستلەکارکێشانەوەکەی لە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاوکردەوە.

چیرۆکی سەرەکی: دوای سێ مانگ دەستبەکاربوونی وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، ڕێباز حەملان دەستی لە پۆستەکەی کێشایەوە و دەڵێت، بەرگریم لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە و نابێت لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت چۆک دابدەییت.

بڵاوکراوەی فەرمی: ڕێباز حەملان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: لە بەغدا کەرامەت و مەبدەئی کوردایەتی و کوردستانی بوونم خستە پێش بەرژەوەندیی خۆم، بەکردەیی نوێنەرایەتی کورد و ھەرێمی کوردستانم کرد، بە باوەڕێکی کوردانە.

دەقی پەیامەکەی ڕێباز حەملان:

٠ کە متمانەی سەرۆک مەسعود بارزانی وەردەگریت، دەبێت وەک ھەڵۆ بەرامبەر نەیاران بوەستیت.

٠ نابێت لەبەردەم دەستکەوتی ماددی و بەرژەوەندی تایبەت چۆک دابدەییت.

٠ لەساڵی 2017 لەسەر پشتیوانی و پشتگیری ریفراندۆم ھەڵوێستم وەرگرت، پاشان لەسەر بەرگری لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە رێگەم نەدا ئەنجوومەنی وەزیران ڕێژەی یاسایی لەدەست بدات، بڕیارمدا وەک وەزیری دارایی و ئابووری لەناو حکومەت بەردەوام بم، لەسەر خزمەتکردنی گەلەکەم باجی ئەو ھەڵوێستەم ھەرچی بێت، داومە.

٠ لەگەڵ دەستبەکاربونم وەک بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، لەسەر ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم، دیدار و کۆبوونەوەم لەگەڵ بەشێکی زۆر لە بەرپرسانی بەغداد لە ئاستی زۆر باڵا کرد.

٠ دواتر لە راگەیاندن چەندین دیدارم ئەنجامدا و بەرگریم لە مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.

٠ ڕاستییەکانم باس کرد کە حکومەتی ھەرێم پابەند بووە بەو داواکاریانەی لێی کراوە و هەمووی جێبەجێ کردووە.

٠ بەتایبەت سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خەمخۆرانەو پشوودرێژانە هەموو هەوڵێکی داوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەگەل بەغداد.

٠ ئەم ھەوڵانەم نیگەرانیی وەزیری دارایی عێراقی لێکەوتەوە و بەیاننامەی لەسەر دەرکردم.

٠ بۆ یه‌كه‌مجارە لە سایتی وەزارەتێک لە عێراق به‌یاننامه‌ له‌ دژی بەرپرسێکی باڵا بڵاوبکرێتەوە، چونکە من لەبەغداد پێشمەرگە ئاسا بەرگریم لە قوت و مافی خەڵکی ھەرێم کرد و خەریکی بەرژەوەندی خۆم نەبووم.

٠ دواتر لە کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجوومەنی وەزارەت کێشەکە زیاتر گه‌وره‌كرا و له‌گه‌ڵ خودى وه‌زیر لەبەردەم ھەموو ئامادەبووان کە 24 بەرێوەبەری گشتیی ئامادەبوون، دەمەقاڵی و گرژی دروست بوو، به‌ شانازییه‌وه‌ سەرسەختانە داکۆکیم لەسەر مافەکانی ھەرێمی کوردستان کرد.

٠ لەم ساڵی 2025 دا، لەسەر داواکردن بۆ سەرپەرشتیکردنی مەلەفی بودجە و مووچەی ھەرێم، لەسەر پێداگیری لە شایستە داراییەکان، لەسەر مامەڵەی نادروستی وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر پرسی مووچە و بودجە، کە زۆر مامەڵەیەکی سیاسیانەیە، بە ناوی بابەتی تەکنیکی و ھونەرییەوە بەردەوام مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دوا دەخرێت و لەکاتی خۆیدا ناینێرن، بۆ جاری دووەم بڕیارمدا و بە ڕەوام نەبینی من بەرپرسی باڵای وەزارەتێك بم لە بەغدا، مووچە لەکاتی خۆی وەربگرم و ئیمتیازاتی زۆرم ھەبێت، بەڵام ھەمان وەزارەت ھۆکاری ناڕەحەتی میللەتەکەم بێت، ھەر مانگە و بەجۆرێك مامەڵە لەگەڵ ھەرێم بکات، ویژدانی خۆم بەرامبەر خوای گەورەو میللەتەکەم و حیزبەکەم ئاسوودەکرد.

لە کۆتایی مانگی یەک بەرپرسانی باڵای ھەرێم و حیزبم لەم بابەتانە ئاگادار کردەوە، داوامکرد کە من دەست لە کار بکێشمەوە و چیتر مامەڵەی نادروست مایەی قبوڵکردن نییە، بۆیه‌ دەستم لە پۆستەکەم کێشایەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: