ئەمڕۆ مووچەی کرێکارانی خانەنشین دابەش دەکرێت

  • بزنس
  • 5 کاتژمێر لەمەوپێش
شەیری بکە لە:
ئەمڕۆ مووچەی کرێکارانی خانەنشین دابەش دەکرێت

خانەنشینێک لە کاتی ژماردنی مووچەکەی. وێنە - ئاڤا میدیا

 

ئاڤا نیوز

بڕیارە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی کرێکارانی خانەنشین لە هەرێمی کوردستان بکرێت، بەڕێوەبەری گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت 'لەبەر ڕاگرتنی خەرجییەکانی وەزارەتی دارایی مووچەکانیان دواکەوتووە'.

وێنە گەورەکە: ساڵانە لە 15ـی 12 تاوەکو 15ـی 1 هەموو خەرجییەکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕادەگیرێت، هەرچەندە مووچەی کرێکاری خانەنشین بەپێی یاسا لە دەسەڵاتی ئەنجوومەنی کارگێڕی سندووقی خانەنشینی کرێکارانە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی داراییەوە ئێستا خەرجکردنی لە دەسەڵاتی وەزارەتی دارایی و ئابوورییە.

لێدوانی فەرمی: مەریوان مەگۆک، بەڕێوەبەری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لقی بانکی فیدراڵی هەولێر دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک و دووی ساڵی 2025ـی کرێکارانی خانەنشین دەکرێت.

زانیاری تایبەت: مووچەی کرێکاران بەگوێرەی ساڵانی خزمەتی دیاری دەکرێت، کەمترین مووچەش 220 هەزار دینارە.

زانیاری بەدەستهاتوو: کرێکار بۆ ئەوەی خانەنشین بکرێت دەبێت خزمەتی لە 15 ساڵ کەمتر نەبێت، تەمەنی خانەنشینی بۆ کرێکاری پیاو 60 ساڵ و بۆ ژن 55 ساڵە.

ئەوەی پێویستە بیزانیت: لە هەرێمی کوردستان 980 کرێکاری خانەنشین هەیە.

ئەمەش بزانە: کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەیە، بەگوێرەی یاسای ژمارە 39ـی ساڵی 1971ـی هەمووارکراو و یاسای ژمارە 4ـی ساڵی 2013ـی پەرلەمانی کوردستان خانەنشین دەکرێن.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: