نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بە نیوەچڵی تەواوکراوە

شەیری بکە لە:
نەخۆشخانەی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە بە نیوەچڵی تەواوکراوە

 

ئاڤا نیوز

ماوەی 12 ساڵە نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە تەواو کراوە، ماوەی پێنج ساڵیشە نەشتەرگەری تێدا دەکرێت، بەڵام تا ئێستا کۆمەڵێک کێشەی هەیە و چارەسەر نەکراوە.
وەزارەتی تەندروستی چەندین لیژنەی لەسەر پێکهێناوە، چەندین جار دانیشتنی دادگایی لەسەر کراوە، تەنانەت لە ماوەی ئەو ساڵانە پێنج ئامێری تەندروستیشی لێ دزراوە. کەچی هێشتا کێشەکە بێ چارەسەر ماوەتەوە.

وێنە گەورەکە: نەخۆشخانەی بەرکەوتوانی چەکی کیمیایی لە هەڵەبجە
لە ساڵی 2009 لەلایەن کۆمپانیای زاگرۆس دەست بە دروستکردنی کراوە و ساڵی 2013 تەواو کراوە. ڕۆژی 2019-03-08 لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت لە کابینەی هەشتەم قردێلەی کردنەوەی نەخۆشخانەکە بڕا، بەبێ ئەوەی بەشێوەی کۆتایی نەخۆشخانەکە لە کۆمپانیاکە وەربگیرێت. هاوکات لە 2022-02-02، نەخۆشخانەکە وەرگرتنی سەرەتایی بۆ کراوە.

چیرۆکی سەرەکی: لەم چەند ڕۆژە، د.ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە چاڵێنجی ئاڤای کردووە و دەڵێت، وەرن بەدواداچوونی بۆ بکەن. دەڵێت، کۆمپانیای زاگرۆس هێشتا نەخۆشخانەکەی ڕادەست نەکردووە و دەیان کەموکوڕی هەیە.

زانیاریی بەدەستهاتوو: بە گوێرەی نووسراوێک کە واژۆی د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە. مانگی 6ـی ساڵی 2022 وەزارەتی تەندروستی لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی کێشەکە، بەپێی بڕیاری لیژنەکە، کۆمپانیا نەیتوانیوە کێشەی ئەو ئامێرانە چارەسەر بکات کە لە نەخۆشخانەکە دیار نەماون و ژمارەیان پێنج ئامێرە، بۆیە وەزارەتی تەندروستی بڕیاری داوە بە لێبڕینی شایستەی کۆمپانیای زاگرۆس بەو بڕەی خەمڵێنراوە.

ئاڤا زانیویەتی، بەهۆی دیارنەمانی پێنج ئامێرە دزراوەکە، وەزارەتی تەندروستی 130 هەزار دۆلاری لە کۆمپانیاکە گێڕاوەتەوە.

لەگەڵ ئەوەدا لیژنەکە ٢٤ کێشەی لە نەخۆشخانەکە دیاریکردووە، وەک ئاوەڕۆ و مۆلیدە و کارەبا و چەندانی تر.

زانیاریی زیاتر: کۆنوسێکی تایبەت بە دەست ئاڤا گەیشتووە، واژۆی د.ئازاد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجەی لەسەرە، ڕۆژی 2020-10-20 بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە لەگەڵ کۆمپانیای زاگرۆس گەیشتوونە ئەو ڕێککەوتنەی، کۆمپانیای زاگرۆس 24 ملیۆن و 340 هەزار دینار بخاتە سەر حسابی تەندروستی هەڵەبجە، بەڵام کۆنوسەکە بێ لوگۆ و بێ لیژنە  واژۆ کراوە.

لێدوانی فەرمی: سەرچاوەیەک لە وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: ئەو پارەیەی تەندروستی هەڵەبجە لە کۆمپانیای زاگرۆسی وەرگرتووە، دەبوو لە ڕێگەی لیژنەوە بوایە نەک لە ڕێگەی کۆنوسەوە تەنیا بە واژۆی یەک کەس بێت.

بۆچوونی لایەنی بەرامبەر: ئاڤا میدیا پەیوەندیکرد بە ئارام عەلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای زاگرۆس، ئەو دەڵێت: کێشەی ئەم نەخۆشخانەیە بە سیاسی کراوە. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەڵەبجە سێ جار لە دادگا سکاڵای کردووە و هەر سێ جارەکە کۆمپانیاکەی ئێمە بردویەتیەوە.

نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارم لای حکومەتە و وەرم نەگرتووە. بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە چوار ملیۆن دۆلاریش زەرەرم کردووە. بەپێی یاسای بەڵێندەری ماوەی یەک ساڵ سیانەی ئامێرەکان لەسەر کۆمپانیایە، بەڵام چەندین جار سیانەی ئامێرەکانمان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە: بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاڤا، وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بەو کێشەیە نووسراوی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە، ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی داوەتەوە و وتوویوتی: تا ئەو کێشانەی لەلایەن لیژنەکانەوە دەستنیشان کراون و کۆمپانیاکە چارەسەری نەکات، پارە بۆ کۆمپانیاکە خەرج مەکەن.

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ