بوێری وەک پێویستییەکی ڕەوشتی و پیشەیی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە میدیاکاندا؛ ئاڤا میدیا وەک نموونە

بوێری وەک پێویستییەکی ڕەوشتی و پیشەیی بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە میدیاکاندا؛  ئاڤا میدیا وەک نموونە

ئاڤا نیوز

لە ماوەی حوکمڕانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دوو ئاڕاستە لە گەیاندنی زانیاریی بۆ ڕای گشتی هەبووە، یەکەمیان باشی و خراپی بە بەرگێکی جوان، دووەمیان باشی و خراپی بە بەرگێکی بۆگەن، نیشانداوە. هەردووکیشیان لە چوارچێوەی تیۆری پلانگێڕی خوێندنەوەیان بۆ لێکدانەوەی یەکتر کردووە. لەکاتێکدا هەردوو لا دەیانتوانی جوانتر سوود لە باشی و خراپی ئەم دەستکەوتانە وەرگرن، ئەگەر مەبەستیش تێیدا ڕاکێشانی سەرنجی دەنگدەر بووبێت بۆ هەڵبژاردنەکان.

لە هیچ سیستەم و حوکمڕانییەکدا، ڕەها  بوونی نییە، هەمیشە بابەتەکان ڕێژەیین و قابیلی گۆڕانکاریین، کە مەحکومن بە ڕەهەندی کات و شوێن، ئەمەش بە واتای ئەگەر شتێک بۆ ئەمڕۆ باش بێت، واتای ئەوە نییە بە ڕەهایی بۆ داهاتووش باش بێت. لەمبارەیەوە هەمیشە ئەوەمان بەرچاو دەکەوێت بڕیارێک، کە لە زەمەنێکی ڕابردوو بۆ چارەسەری بابەتێک دراوە، لە ئێستادا بەرەنگاری بۆ دروستدەبێت و وەک خاڵێکی ڕەش نیشاندەدرێت، بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کات و شوێن و هۆکارەکانی ئەو بڕیارە لەو سەردەمەدا، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، كه‌ ئەو بڕیارە لە کاتی خۆیدا گونجاو بووە، هەرچەندە ئەوەش ڕەها نییە.

حوکمڕانی بەتەنیا کاری تاکەکەسێک، یان گروپێک نییە، هەمووان بەشێوەیەک لە ئاست بەرپرسیارییەتی خۆیان بەشدارن، هیچیشان بە ڕەهایی ڕاست نین یان هەڵە نین، بەڵام هەمیشە هەڵە، یان خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، یان گەندەڵی بوونی هەیە. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بکەین، زۆرترین حاڵەتەکانی پەیوەست بە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی، زیاتر لە پێکهاتەکانی خوارەوەی جومگەکانی حکومەت دەبینرێ، بەتایبەتی ئەوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک.

کاتێک خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، یان گەندەڵییەک لەلایەن وەزیرێک، یان بەڕێوەبەرێکی گشتی، یان بەڕێوەبەرێک بەرانبەر گەڕەکێک یان کۆڵانێک یان چەند ماڵێک یان تەنانەت کەسێک ئەنجام دەدرێ، شاردنەوەی ئەمە بۆ خۆی دەبێتە بابەتێک بۆ لایەنی بەرانبەر، تاکو بنکۆڵی ئەو حکومەتە بکات، لەمبارەیەوە ئەگەر بازرگانێک یان هەر کەسێکی دیکەش بێت ئەم کارە ناڕەوایە بەرانبەر هەر کەسێک بکات، دیسان هەر جومگە و دامەزراوەکانی حکومەت بەرپرسن و ئەوان ڕێگەخۆشکەرن بۆ ئەمە. لەوانەیە ئەو کۆمەڵە خەڵکەی، کە غەدریان لێکراوە، نەتوانن دەروازەیەک بۆ گەیاندنی حەقی خۆیان بە هەڕەمی دەسەڵاتی حکومەت بگەیێنن، بۆشاییەک دێتە ئاراوە، و لایەنی دووەم، کە باش و خراپ بە بۆگەن نیشاندەدات، ڕۆڵی خۆی دەبینێ و هەست و سۆزی ئەو خەڵکە بۆ خۆی ئاڕاستە دەکات.

پرسیار ئەوەیە ئایا لایەنی یەکەم بۆ شەرم بکات لە گەیاندنی دەنگی حەقی ئەو خەڵکە و خستنەڕووی ڕاستییەکان و کەسانی تۆمەتبار بخاتە بەردەم لێپرسینەوە؟ ئایا مانەوەی لایەنی یەکەم بۆ هەمیشە پاساو هێنانەوە بۆ هەموو کات و شوێن و بارودۆخێک دەتوانێ شەرعیەتی خۆی درێژەپێبدات؟ ئەرکی میدیای نزیک لە لایەنی یەکەم لێرەدا دەستپێدەکات، تاکو ببێتە بەشێک لە چارەسەریی و سپیکردنەوەی قسەی ناڕاست و خستنەڕووی ڕاستی، به‌ مه‌به‌ستی چارەسەرکردنی کێشەکان، یان لایەنیکەم خەڵک لە حاڵەتی گومانی خراپ بباتە دەرەوە. ئەمەش پێویستی بە بوێرییە لە جومگەی سەرەوەی دەسەڵات، تاکو میدیای خۆی لەپێناوی باشترکردنی حوکمڕانی خۆی بەکاربهێنێ. 

لەمبارەیەوە پێویستە ئاماژە بە ڕۆڵی گرنگی ئێستای ئاڤا میدیا بكەین، ناکرێ ڕۆڵی میدیای تریش بەهەند وەرنەگرین، کە دەکرێ بڵێین هەڵقوڵاوی تێڕوانینی بوێرانەی ڕێزدار سەرۆکی حکومەتە بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵی، کە زۆرجار بۆتە ڕێگر لەوەی بەرنامە و پلان و پڕۆژەی دوورمەودا ستراتیجییەکانی حکومەت وەکخۆی ببینرێ، تەنانەت شتە بچووکەکان هەندێکجار بوونەتە هۆکار بۆ خوێندنەوەی هەڵەی کار و پڕۆژە گەورەکانیش.

کاتێک ڕۆژنامەنووسانی ئاڤا بە کامێراوە خۆیان بە ژوورە تاریکەکاندا دەکەن و لەسەر شەقام گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتی چەند کەسانێک نیشاندەدەن، دواتریش حکومەت بە پەرۆشەوە هەنگاو بۆ چارەسەری دەنێ، لەوێوە متمانەی خەڵک بۆ حکومەتەکەی خۆی دەگەڕێتەوە.

با چیتر شەرم لە هەڵەی خۆمان نەکەین و ڕاستییەکان بوێرانە بە خەڵکی خۆمان بڵێین و هەر خۆشمان چارەسەری بکەین، تاکو هیچ کەسێکی تر نەتوانێ بەهۆی هەڵەی چەند کەسانێکی نابەرپرس بەرانبەر خوێن و خاکی نیشتمان، ئینتیمای نەتەوەییمان لاواز بکات.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم باس لە کڕۆکی بوێری لە کاری میدیایی بکەم، هەرچەندە لە پسپۆڕی بەندە نییە، بەڵام هەوڵمدایە بە زمانێکی سادە لایەنەکانی بوێری میدیایی بخەمەڕوو.

میدیا ئامرازێکی جەوهەرییە بۆ گەیاندنی ڕاستییەکان بۆ خەڵک، بەڵام زۆرجار ڕووبەڕووی ئاڵنگاری پەیوەست بە بوێری ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەبێتەوە، لەنێوان فشارە سیاسی و ئابووری و بەرژەوەندیی دامەزراوەکان، ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، کە تا چەند پیشەگەرانە ڕاگەیاندن دەتوانێ بەبێ ترس و دوودڵی بە پرەنسیپی ڕاستییەوە پابەندبن.

بوێری لە میدیادا، واتە توانای ئاشکراکردنی ڕاستییەکان بەبێ ترس لە کاردانەوەکان، بەتایبەتی کاتێک پەیوەندییان بە بەرژەوەندییە سیاسی یان ئابوورییەکانی کەسانێک هەیە، کە خۆیان لە سەرووی یاسا دەبینن. کڕۆکی ئەم بوێرییەش بریتییە لە پابەندبوونی ڕۆژنامەنووسان بە بنەمای بابەتیی و ڕوونی، و درێغی نەکردن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری، کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی بکات، تەنانەت ئەگەر لەلایەن هەندێک لایەنی کاریگەریشەوە نەخوازراوبێت.

لێرەدا دەکرێ گرنگی بوێری لە دەرخستنی ڕاستییەکان پوخت بکەینەوە لە: 

١- پاراستنی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، ڕۆڵی سەرەکی لە بەرەوپێشبردنی شەفافیەت و لێپرسینەوە دەگێڕێت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ ئاشکراکردنی گەندەڵی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ. 

٢- بەرزکردنەوەی هۆشیاری ڕای گشتی، بە پێدانی زانیاریی دروست و متمانەپێکراو، میدیای بوێر دەتوانێت یارمەتی خەڵک بدات لە بڕیاردان لەسەر بنەمای ڕاستییەکان، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ گەشەپێدانی کۆمەڵگە. 

٣- بەرەنگاربوونەوەی زانیاری چەواشەکاری و هەواڵی ساختە، بەتایبەتی لە سەردەمی ئێستادا لە ڕێگەی سۆشیال میدیا شێوەیەک لە زیادەڕەویی و چەواشەکاری زانیاری ئاڕاستەکراو پەیڕەو دەکرێ. بوێری لە بەدواداچوون و وردبینی لە ڕاستیی هەواڵەکان، دەبێتە شتێکی بنەڕەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی زانیاری هەڵەی میدیایی.

لەمبارەیەوە ئاڵنگارییەکانی بەردەم بوێری میدیایی زۆرن، کە هەندێکجار ژیانی میدیاکاران دەخاتە بەر مەترسی، وەک:

١- فشارە سیاسی و ئابورییەکانی حکومەت و کۆمپانیا گەورەکان، کە ڕەنگە ئازادییان بۆ بڵاوکردنەوەی هەندێک بابەتی هەستیار سنووردار بکات.

٢- سانسۆر و یاساکانی سنووردارکردنی خستنەڕووی زانیارییەکان. لە هەندێک وڵاتدا یاسای توند بەسەر ڕۆژنامەنووساندا دەسەپێنرێت، ئەمەش ڕووبەڕووی مەترسیی لێپێچینەوەی یاسایی، یان سزا دەبێتەوە، ئەگەر زانیاریی نەخوازراویان ئاشکرا کرد.

٣- دروستبوونی مەترسی کەسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان، کاتێک لەکاتی بەدواداچوونیەکانیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ڕاستەوخۆی دەستگیرکردن، یان توندوتیژیی جەستەیی دەبنەوە، ئەمەش پراکتیزەکردنی ڕۆژنامەگەریی ئازاد و بوێرانە دەخاتە مەترسییەوە.

بوێری لە میدیادا بە مانای بێباکی یان بڵاوکردنەوەی هەواڵ بەبێ پشتڕاستکردنەوە نییە، بەڵکو دەبێت لەگەڵ ڕێسا و ڕەهەندە ڕەوشتی و پیشەییەکاندا بگونجێت، کە گەرەنتی ڕاستی زانیاری و ڕێزگرتن لە یاساکان بکات. ئەم بنەمایانە بریتین لە:

١- خستنەڕووی بابەتییانە، ڕۆژنامەنووس دەبێت بێلایەن بێت و لە کاتی بڵاوکردنەوەی هەواڵدا لایەنگری نەبێت.

٢- دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان، پێویستە میدیاکار پێش بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی هەستیار، پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو و بەڵگەی بەهێز ببەستێت.

٣- ڕێزگرتن لە تایبەتمەندی و کەرامەتی تاکەکان  و نابێت بوێری ببێتە بیانوو بۆ پێشێلکردنی مافی تاک، یان توخنی کەرامەتیان بکات.

بوێری بۆ ئاشکراکردنی ڕاستییەکان لە میدیاکاندا، تەنیا بژاردەیەک نییە بۆ کاری میدیایی، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ڕەوشتی و پیشەییە بۆ دەستەبەرکردنی گەیاندنی زانیاری دروست و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و لێپرسینەوە لە کۆمەڵگه‌دا. سەرەڕای ئاڵنگارییەکانی بەردەم ڕۆژنامەنووسان، پابەندبوون بە پرەنسیپە ڕەوشتی و پیشەییەکان دەتوانێت میدیا بکاتە هێزێکی ئەرێنی، لە گەیشتن بە دادپەروەری و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی کە بەشداربێت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: