یەکی شوباتی خوێناوی .. ئیرادەی نەشکاوی کورد

یەکی شوباتی خوێناوی .. ئیرادەی نەشکاوی کورد

بیست و یەک ساڵ لەمەوبەرو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ، لەگەرمەی جۆش و خرۆشی خەڵکی هەولێردا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، دوو تەقینەوەی خۆکوژیی تیرۆرستی پایتەختی هەرێمی کوردستانیان هەژاند .

دوو تیرۆریستی گۆشکراو و مێشک شۆراوەی تاریکستانەکانی ئەهریمەن ، کینە لەدڵ و فریودراوی کۆنەپەرستە مەرگدۆستەکان، بە خەونی حوشتری و خەیاڵی خاوی ڕاستەوخۆ چوونیان بۆ بەهەشتی بەرین، هەردوو بارەگای پارتی و یەکێتییان کردە ئامانج و بەو جەژنی قوربانە زیاتر لە سەد کەسیان کردە قوربانی و سەدانی تریشیان زامدارو کۆڵەوارو کەمئەندام کرد. ئەو دوو هێرشە غافڵگیرە هەلپەرستە خوێناوییەی ئەو دوو بەناو موجاهیدە موسڵمانە، جەژن و ئاهەنگی ملیۆنان کوردی موسڵمانی سەروژێرکرد و گۆڕیی بە کارەساتێکی دڵتەزێن. خەندەو چاوەڕوانیی جەژنانەی هەزاران منداڵی گۆڕی بە فرمێسک و ترس و تۆقین و هاوار.

ئەو دوو تەقینەوەیە تەنها دوو هێرشی تیرۆریستی نەبوون، بەڵکو دوو زڕ هەوڵ بوون بۆ لەناوبردنی ڕۆحی ئومێدو شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان. تاقیکردنەوەیەکی تری ئیرادەی گەلێک بوو کە سەدان ساڵ بوو لە ژێردەستییدا  بە قەیران و ململانێکانەوە دەیناڵاندو تازە بە تازە وچانێکی ئاسوودەیی و سەقامگیریی دابوو، بەڵام داگیرکەرو دڵ و دەروون ڕەش و تاریکپەرستان چاویان پیایدا هەڵنەدەهات. لە دەرفەتێک دەگەڕان زەبرێکی کوشندەی لێ بسرەوێنن و ئیرادەی بشکێنن .. چۆکی پێ دابدەن، سەری پێ شۆڕکەن. ئەو تاوانە خوێناوییە ساتەوەختی تەحەدایەکی زۆر گەورەو نوێ بوو بۆ ئیرادەی مانەوەو بەرگریمان.

ئێستا کە یادی  ئەو ساتە تاڵانە دەکەینەوە، دەبینیین چ خەم و پەژارەیەکی قووڵ وا بە ڕووخساری دایک و باوک و ژن و منداڵ و خوشک و براو کەسوکارو هاوڕێ و هەڤاڵی ئەو شەهیدە غەدرلێکراوانەوە نەخشی کێشاوەو بەئاسانی ناسڕێتەوە، لە هەمان کاتدا تێدەگەین کە ئەم گەلە تا چەند لە بەرامبەر دەردیسەری و نەهامەتییەکاندا خۆڕاگرەو هێزو بڕوای خۆنەچەماندن و ئیرادەی خۆڕادەستنەکردنی چەندە بەرزە.

ئەمڕۆ کە ئەم تاوانە جەرگبڕە یاد دەکەینەوە ، دەبینین خۆری تەبایی و یەکگرتوویی خەڵکی کوردستان و هێزە کاریگەرەکانی وا سەرلەنوێ لەکەل سەردەردێنێ و ناوماڵی کورد ڕێکدەخرێتەوە. ئەوانەشی کە پلانداڕیژو ئاراستەکاری ئەو دوو تاوانە خوێناوییەو دەیان تاوانی تر بوون شکستیان هێناو بوونە پەندی زەمانە.

سەدان ساڵە تا بەئەمڕۆمان دەگات ئاڵانگارییەکانی بەردەم کاروانی خەبات و ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی وڵاتمان ڕۆژ بەڕۆژ سەخت و ئاڵۆزتر دەبن : ڕۆژێ بە ناپاڵم ، ڕۆژێ بە حەرەس قەومی ، ڕۆژێ بە هەیئەی مووسڵ و ئەمنە سوورەکەو خەڵەف و ملازم موحسینەکانی ، ڕۆژێ بە  ڕاگواستن و کیمیایی و ئەنفالەکانی ، رۆژێکیش بە هەڕەشەی ئیف شازدەو نان و بوودجە بڕین و میلیشیاو حەسەن پلایس و ابو عزرائیلەکانی ، ڕۆژێکیش بە دەستەخوشکەکەی مەحکەمەی سەورەو حوکمە قەرەقوشییەکانی ،  دواجار بە بڕوبەهانەی خاتوونی خەزنەدارو گەشتە بەردەوامەکانی... هەموو جۆرەکانی ئاڵانگاری و هەموو ڤێرژنەکانی پلان و پیلانمان تێپەڕاندو هێشتا هەر مەیدانمان چۆڵ نەکردووەو بەدەر لە چەند نەفس نزم و جاشەکوردێک ، گەورەو بچووکی خەڵکی کوردستان وا دە ساڵە خۆمان لەبەرامبەر نەبوونی وغەدرو پیلاندا ڕاگرتووەو ئامادەنیین خاک و خوێنی شەهیدانمان لە بەرامبەر مووچەدا ڕادەستی هێزێک بکەین، کە بە شانازییەوە لە ناو لانکەدا کچ بەشوو دەدات،  لە ٩ ساڵیدا دەیکاتە دایک !

ئامانج لەم جۆرە یادکردنەوانە کولاندنەوەو بەئێشهێنانەوەی کۆنە زام نیە، بەڵکو دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ سەرلەنوێ تێڕامان و پەند وەرگرتنە لەو ڕێگە سەخت و خوێناوییەی کاروانی خەبات و قوربانیدانی ئەم میللەتەی پێدا گەیشتووە بەم ڕۆژگارە.

ساڵیادی ئەم کارەساتە بانگەوازێکە بۆ دووپاتکردنەوەو نوێکردنەوەی ئیرادەمان لە پێناو بونیادنانی کۆمەڵگایەکی بەهێز و یەکگرتوو بۆ بەدیهێنانی ئاسایشی وڵات و پاراستنی سەرو ماڵ و کەرامەتی هاووڵاتیان، ئەوەش تەنها بە دڵسۆزی و کاری هاوبەش و متمانە دێتە دی .

ئەم یادە تاڵە پێمان دەڵێت : میللەتی ئێمە هەرگیز بە جەنگ و تیرۆرو نانبڕین ئیرادەی ناشکێ و خۆی ناچەمێنێ. ئەو خوێنە گەشەی بیست و یەک ساڵ لەمەوبەر بە غەدرو ناپاکی ڕژایە سەر خاکی نیشتمان، وەک چرا، ڕێگای ئێستاو داهاتوومان ڕۆشن دەکاتەوە.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: