گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر دروست دەکرێت

شەیری بکە لە:
گەورەترین نافورە لەسەر ئاستی عێراق لە هەولێر دروست دەکرێت

دیمەنی زەوی پاڕکەکە لە ئاسمانەوە. وێنە - ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ئاڤا نیوز 

 

لەسەر ڕووبەری 116 هەزار مەتر دووجا پاڕکێکی گەورە و مۆدێرن لە شاری هەولێر دروستدەکرێت و بڕیارە نافورەیەکی گەورە لەو پارکە دروست بکرێت کە گەورەترین نافورە دەبێت لەسەر ئاستی عێراق.

 

وێنە گەورەکە: لە کابینەی نۆیەمدا، بایەخدان بە سەوزایی و ژینگە گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، بە جۆرێک ئێستا هەولێر خاوەنی 23 پارکی گەورەیە و بە تێکڕا ڕێژەی سەوزایی سەنتەری شاری هەولێر دەگاتە 20.5% ئەم ڕێژەیە تەنیا بۆ ناو شارە.

 

لێدوانی فەرمی: هیوا سلێمان، سەرۆکی لیژنەی جێبەجێکاری پڕۆژەی پارکی ڕەشکین بە ئاڤا میدیای گوت: لەسەرەتای مانگی 6ـی ساڵی ڕابردووەوە دەستکراوە بە کارکردن لە پڕۆژەکە و نزیکەی 10% تەواو بووە. پارکەکە  16 هەزار دار و نەمام، نافوورەی ئاو، گۆڕەپانی چالاکی هونەری، یاریگای منداڵان، گۆڕەپانی ڕاکردن و پایسکل سواری، کافێ و ڕێستۆڕانت لەخۆ دەگرێت. بە جۆرێک مەزندە دەکرێت 63 هەزار مەتر دووجا لەناو پارکەکە سەوزایی بێت.

 

هیوا سلێمان ئەوەش دەڵێت: شێوازی کارکردن لە پڕۆژەکە بەپێی ستانداردی جیهانییە و هەلی کاری بۆ نزیکەی 250 کەس ڕەخساندووە، جگە لەوەش تەواوی ئەندازیار و کارێکارانی پڕۆژەکە کوردن.

 

بۆچی گرنگە: لە پارکەکە شوێنی وەستانی 450 ئۆتۆمبێل دەبێتەوە، سیستمی ڕووناکی و کامێرای چاودێری دادەنرێت. مزگەوت و شوێنی دانیشتن بۆ پشوودان لەخۆ دەگرێت، گوژمەی دروستکردنی پڕۆژەکە 15 ملیار دینارە و لەسەر بودجەی تایبەتی نووسینگەی سەرۆکوەزیران جێبەجێ دەکرێت، بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2025 کاری پڕۆژەکە تەواو بکرێت.

 

ئەوەی پێویستە بیزانیت: شاری هەولێر خاوەنی گەورەترین پارکە لەسەر ئاستی عێراق بەناوی پارکی سامی عەبدولرەحمان کە لەسەر 800 دۆنم زەوی دروستکراوە، ئەم پارکە نوێیەی دروست دەکرێت نزیکی پارکی سامی عەبدولرەحمانە و  هەردووکیان هۆکارێکی کاریگەر دەبن بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر.

 

 

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە:

دوایین هەواڵەکان

هەڵبژاردەکان بۆ تۆ