کورد لە ئەمنە سوورەکەوە بۆ داڤۆس

کورد لە ئەمنە سوورەکەوە بۆ داڤۆس

ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەتی کورد و کوردستان لە ڕیزی هەرە پێشەوەی بەشداربووانی کۆڕبەندی داڤۆسە. ئەم بەشدارییە جگە لە بەها سیاسی و ئابوورییەکەی بۆ کورد و کوردستان، بۆ خودی من بەهایەکی سیمبوولی و ڕەمزیی زۆر گرنگیشی هەیە، چونکە هاوکاتە لەگەڵ یادێکی یەکجار تاڵی ژیانی من و هەزاران گەنجی کوردی ژێردەستی بەعس!

36 ساڵ لەمەوبەر، لە ئێوارەیەکی تەڕوتووشی وەک ئەمڕۆدا: 20ی کانوونی دووەمی 1989، مەفرەزەکەی (ملازم احمد الدوري) ئەفسەری بەشی سیاسیی لە ئەمنەسوورەکەی سلێمانی بە دوو سەیارەی پڕ چەکدارەوە بۆ دەسگیرکردنم، هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوکم لە گەڕەکی بەختیاری لە سلێمانی. من چەند خولەکێک بوو لە سەر فەرشی ناو چێشتخانەکە ئەڵقاوئەڵق بە دەوری ئاگری سۆپاکەدا ڕاکشابووم.. کاتێکم زانی وەک بەڵایەکی ناگەهان، لە پەنجەرەوە، لە دەرگاوە، لە سەربان و لە حەوشەوە، هەر چەکداری گرژ و مۆن بوو بە هاتوهاوار و جوێندانەوە لە هەموو لایەکەوە بەسەرماندا دابارین. 

دەرگا و پەنجەرە درانە بەر شەق و قۆناغە تفەنگ.. دنیایەک ئیرهاب، تۆقاندن، شاڵاوی پڕ کینە و غەزەب و دڕندایەتییان بەر لە هاتنەژوورەوەی احمد الدوري، دەوروبەری ماڵی تەنی. بە پاڵنان و ڕاکێشانی میلی چەک، ژن و منداڵ، گەورە و بچووکمانیان لەناو هۆڵەکەدا کۆکردەوە. یەک کەسیان لەناودا نەبوو یەک وشە کوردی بزانێت.. هەر هەموویان " برای عەرەبی " ڕووخسار دێز و تووڕە بوون ! ئەفسەرەکەیان کە لە هەموویان خوێندەوارتر بوو، دەستی دایە کتێبی (تەفسیر الجلالین) ی باوکم و بە تووڕەییەوە لێی پرسی: تۆ شیوعیت یان جەلالی؟ بۆچی کتێبی جەلالی لە ماڵتدایە. بە هەموو ئەقڵی خۆی (جلالین) بە جەلالی تێگەیشتبوو! 

لەدوای چەندین پرسیاری زۆر بێلەزەت و پشکنینی کون و کەلەبەری ناو ماڵ بە پۆستاڵی قوڕاوییەوە، منیان قۆڵبەست کرد و دووانیان بۆ پشتی یەکێ لە پیکاپەکان ڕاپێچیان کردم. بە پارچە پەڕۆیەکی ڕەش چاویان بەستم.. گوێم لە گریان و هاواری ژن و منداڵ و دایکم بوو.. چەکادارەکانیش بە جوێندان و هاتوهاوار دەیانویست بێدەنگیان بکەن.

ئۆپەراسیۆنەکە زۆری نەخایاند، پیکاپەکان و سەیارە مەدەنییەکەی ئەحمەد الدوری زۆر بەخێرایی کەوتنەڕێ .. پاش ماوەیەک کە ڕەنگە لە 10 خولەک زیاتر نەبووبێت، بەڵام لەلای من بێکۆتایی بوو، سەیارەکان ڕاوەستان. دوو دەست لەبن باڵمەوە هەڵیانگرتم و لە پیکاپ دایانگرتم و بە پاڵنان پێش خۆیان دام، دوای چەند هەنگاوێک کە هیچم نەدەبینی، لەجێیەک ڕایانگرتم، گوێم لێبوو یەکێکیان بە کەسێکی تری دەگوت: محەممەد ئاگات لێی بێ ئێستا دێینەوە دەیبەین بۆ لێکۆڵینەوە. ئیتر دەنگ نەما، هەستم کرد دەستێک خزایە ناو گیرفانی پانتۆڵە کاوبۆییەکەی پێم، سڵەمیمەوە و دوورکەوتمەوە. دەنگێک بە عەرەبی و بە چرپە پێی وتم: مەترسە ئەوە پسکیتە با لە گیرفانتدا بێت، کە برسیت بوو بیخۆ چونکە نازانیت کەی نانت دەدەنێ. وتم تۆ کێی؟ هەر بە چرپە وتی: ناوم محەمەدە خەڵکی (....) م . ئەو ناوەم تا ئێستا لەیاد ماوە، بەڵام لە ناوی شارەکەی دڵنیانیم: وابزانم خەڵکی ناسڕییە بوو. لە دووەم ڕۆژی ڕاپەڕیندا سۆراغم کرد و لەڕێی ڕێکخستنەکانەوە بە جلی مەدەنییەوە دەربازمان کرد و گەڕایەوە بۆ لای کەسوکاری. ڕەنگە هێشتا ئەو محەمەدە لە ژیاندا مابێ!

پێشتر لە دوو وتاردا باسی هەندێ لە وردەکارییەکانی ئەو ئەزموونە تاڵەم لە ئەمنە سوورە بەدناوەکەی سەردەمی داگیرکاریی بەعس و ئەمنی بەلدەی سلێمانی کردبوو: چیم بەسەرهات و چ ئازارێکم چەشت، چەند گەنجی قارەمان و خۆڕاگرم بینی. ئەمڕۆ پاش دەیان ساڵ کە هاوسەرەکەم ئەو ڕووداو و ڕۆژگارە تاڵەی بەیاد هێنامەوە، بەپێویستم زانی بۆ ئەوانەی هیچ منەتیان بەم ئازادییەی ئەمڕۆ نییە، وەک لاپەڕەیەکی تاریک، هاوکات ڕۆشن، لە مێژووی ئەم گەلە بەشخوراوە خۆڕاگرەدا بنووسمەوە.

ڕەنگە نەوەی نوێمان ناهەقیشیان نەبێت کە بایەخی بەراوردکردنی ئێستا و ئەوسامان نازانن، چونکە لە هەموو ئاستەکاندا وەک پێویست لە خەمی تۆمارکردنی ئەو مێژووەمان نەبووین و نیین، لە پرۆگرامەکانی خوێندن و میدیاکانماندا بایەخی تەواومان پێنەداوە. ئەگەرنا سەرباری هەموو قەیران و گرفت و کەموکورتییەکانی حوکمڕانیمان، بە بەراوردێکی سادەی بە ویژدان و بە ئینساف بۆ هەمووان دەردەکەوێت ئێمەی کورد و کوردستانی، بە خۆڕاگری و قوربانیدان، چۆن ئەم ڕۆژگارەمان دروست کرد! چۆن ئاگری دۆزەخی ژێردەستەییمان تێپەڕاند و چۆن گەیشتووین بە بەفری داڤۆس!

شەیری بکە لە: