کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی؛ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان

کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی؛ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ڕۆژئاوای کوردستان

دیمەن کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی، گرافیک: ئاڤا

 

سەردانى مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانى سووریاى دیموکرات لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکەى لەگەڵ سەرۆک بارزانى، وەک گرنگترین پێشهاتى دۆزى کورد لە سووریاى نوێ لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا قسەى لەبارەوە دەکرێت.

 

ئەم سەردانە کە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە ڕێکخستنى لۆجستى و ئەمنیی بۆ کرا و بە فڕۆکەیەکى ئەمەریکى مەزڵوم عەبدى هاتە هەولێر و گەڕایەوە ڕۆژئاوا، گرنگى سیاسیی و ستراتیژىی خۆى هەیە بۆ پەیوەندییەکانى نێوان هەولێر و ڕۆژئاڤاى کوردستان و بەرەو پێشبردنى دۆزى کورد لە سووریاى نوێ.

 

بێگومان ئەم سەردانە کە سەرەتاى پەیوەندییەکى دیپلۆماسى نێوان هەردوو بەشى کوردستانە، لێکەوتەکانى لە داهاتوودا دەردەکەون و لەم کاتەدا ڕۆژئاواى کوردستان پێویستى بە پشتیوانى دیبلۆماسی هەیە و ئەمەش یەکێکە لە پەیامەکانى ئەو کۆبوونەوەیە.

 

بەشێکى گرنگى ئەم سەردانە پەیوەندىی بە پێگەى نێودەوڵەتى سەرۆک بارزانیەوە هەیە کە وەک سەرکردەیەکى باوەڕپێکراو و قبوڵکراو لە هەموو دونیا و لە ناوچەکەشدا مامەڵەى لەگەڵدا دەکرێت.

 

سەرۆک بارزانى بەو پێگە و ئەزموونە سیاسییەى هەیەتى، دەتوانێت ڕۆڵێکى گەورە لە پشتیوانى دۆزى کورد لە ڕۆژئاوا ببینێت و کوردانى سووریاش بە هەموو باڵەکانیەوە ئەمە دەزانن، هەر بۆیە مەزڵوم عەبدى لەم قۆناغەدا ئەم سەردانە ئەنجام دەدات و قسەى گرنگ و تایبەت بە ئاڵێنگارییەکانى بەردەم کورد لە سووریاى نوێ لەگەڵ سەرۆک بارزانى دەکات و بە (سەرۆک بارزانى) ناوى دەبات.

 

ئەم تێگەیشتنە سیاسى و عەقڵانیەى کوردانى ڕۆژئاوا گرنگە بۆ ئەوەى لەناوخۆى هەرێمیش ئەو تێگەیشتنە دروستببێت کە سەرۆک بارزانى گەورەترە لە ململانێى حیزبی و جیاوازییە سیاسیە ناوخۆییەکان، بەڵکو سەرۆک بارزانى بەهەق ئەو مەرجەعە سیاسیەیە کە کورد لەم کاتەدا لە هەمو کات زیاتر پێویستیەتى، چ لە ئاستى ناوخۆ و چ لە ئاستى نێودەوڵەتى.

 

عەقڵى سیاسیی سەرۆک بارزانى و ئەو جۆرە سیاسییەى لە خەباتى کوردایەتى و حوکمڕانى و دیپلۆماسى کە ئەو لە هەرێمەکەدا ڕێبەرایەتى دەکات و هەرێمى کوردستان نمونەکەیەتى، ڕێک و ڕاست ئەو جۆرەیە لە سیاسەت و بەڕێوەبردن کە هێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان قبووڵیانە و دەتوانن پشتیوانى بکەن.


 
نەک هەر هێزە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو هێزە ناوچەییەکانیش ناچارن قبووڵى بکەن وەک چۆن هەرێمى کوردستانیان قبووڵ کردوە و مامەڵەى لەگەڵ دەکەن.


هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى مافى خۆڕسک و دەستى تەبایی بۆ هەموو لایەک دامەزراوە، بێ ئەوەى سازش لەسەر مافە نەتەوەییەکانى بکات و سەرۆک بارزانى ڕاشکاوانە مانیفێستى ئەو مافانە دەکات و ڕوون و ڕاشکاو ئەو پەیامەى بە گوێی هەموواندا داوە و تەنانەت ڕیفراندۆمیشی بۆ ڕێکخست و لە پرۆسەیەکى دیموکراتیی ئاشتیخوازانەدا ڕاى خەڵکى کوردستانى گەیاندە هەموو دونیا و دەوڵەتانى ناوچەکەش.


زۆر بە سادەیی، کاتێک ئەمریکیەکان دەخوازن کەسێکى وەک مەزڵوم عەبدى پەیوەندى دیپلۆماسی لەگەڵ سەرۆک بارزانى و هەولێر هەبێت، پەیامەکە ئەوەیە کە ئێوەش لە ڕۆژئاوا هەوڵى بونیادنانى نموونەیەکى هاوشێوە بدەن.


ئەم نمونەیە کە پەیامى ئاشتى بۆ دەوروبەر و سیستمى دیموکرات و ڕاى جیاواز و ئازادىی سیاسیى و پێکەوە کارکردنى بۆ ناوخۆ لە خۆگرتوە، دەکرێت ببێتە نمونەیەک کە لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتىی پشتگیرى بکرێت.


ئێستا سەرۆک بارزانى یەکێکە لە کەسایەتییە کاریگەر و گوێلێگیراوەکانى دونیا، ئەمەش بۆ پشتیوانى ئەزموونى ڕۆژئاوا کە لەبەردەم هەڕەشەى تورکیادایە زۆر گرنگە.


ئالێرەدا سەرۆک دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگى سیاسىی ببینێت و کوردانى ڕۆژئاواش لەمە گەیشتوون و دەیانەوێت بە پشتیوانیی و شەرعیەتى سەرۆک بارزانى لە قۆناغى نوێدا ڕۆڵى ڕاستەقینە و شایانى خۆیان لە سووریاى نوێدا ببینن.


هەمو لێدوانەکانى پاش کۆبوونەکەى مەزڵوم عەبدى لەگەڵ سەرۆک بارزانى گەشبینانە و پڕ لە هیوان بۆ دوو بابەتى گرنگ یەکەم: پاراستنى مافەکانى کورد لە سووریاى نوێ، دووەم: یەکێتىی گەلى کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان .


مەزڵوم عەبدى لەپاش کۆبوونەکە ڕایگەیاند: لەگەڵ سەرۆک بارزانى جەختمان لە پاراستنى مافەکانى گەلى کورد بە شێوەیەکى ئاشتیانە کردەوە و جەختمان کردەوە کە دەبێت کورد لە سووریا یەکهەڵوێست بێت. 


لەپاش ئەم کۆبوونەوە ئەگەر دەستوەردانى ئەم لاولا لێگەڕێن، دەبێت قۆناغى گفتوگۆى ناوخۆیی کوردانى سووریا دەستپێبکات و یەکهەڵوێست ڕێکبخەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق و پتەوکردنى ناوخۆیی.

شەیری بکە لە: