ئاڵای تورکیا و لۆگۆی دەم پارتی، گرافیک: ئاڤا
ئاڤا نیوز
پرسی ئاشتەوایی کورد و تورک، خستنەگەڕی پڕۆسەی چارەسەر بابەتی گەرمی هەواڵەکانی تورکیایە، بە تایبەت دوای سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی و گەیاندنی نامە شاراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بە لایەنە سیاسییەکانی تورکیا، هێشتنەوەی کۆبوونەوەکان بە داخراوی هێندەی تر کوردانی لە پەرۆشی ئەنجامی هەوڵەکان هێشتووەتەوە.
سیناریۆکان چین؟
ئاڤا زانیوویەتی چەند سیناریۆیەک بۆ ئەم پرسە خراوەتەڕوو، یەکێک لە سیناریۆ بەهێزەکان ئەمەیە 'پەکەکە چەک فرێ دەدات و عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد دەکرێت'، بەڵام بە ئازادیەکی سنووردار، ئەگەری هەیە ماڵێکی تایبەتی بۆ دروست بکرێت و هاتووچۆ تێیدا ئاسایی بێت، بەڵام لە ژێر چاودێریدا دەمێنێتەوە. یاخود دەهێنرێتە زیندانێکی ناوەخۆی تورکیا بەڵام لە شێوەی ماڵ دەبێت و هەموو کەس دەتوانێت بیبینێت".
سەڵاحەددین دەمیرتاش چی لێدەکرێت؟
یەکێک لە سیناریۆکانی دیکە: ئازادکردنی ئۆجەلان و دەمیرتاشە بە یەکەوە، لەبەر ئەوەی دوو سەرکردەی دیاری کوردن لە باکووری کوردستان، ئازادکردنی دەمیرتاش بەهەمان شێوە لە ژێر چاودێریدا دەبێت.
شارەوانییەکان بە دەم پارتی دەدرێتەوە؟
یەکێک لە داواکارییەکانی دەم پارتی وەرگرتنەوەی شارەوانییەکان دەبێت، ئەگەر دانووستانەکان بگەنە ئەنجام، یەکێک لە سیناریۆکان لابردنی قەیوم و وەرگرتنەوەی شارەوانییەکانە لەلایەن دەم پارتی، لە نێویاندا گەڕانەوەی ئەحمەد تورک وەک سەرۆک شارەوانی مێردین دەبێت.
پرۆسەکە لە قازانجی کێ دایە؟
بە ڕێککەوتن لەگەڵ کورد و ئازادکردنی ئۆجەلان بۆ بەشێک لە هاووڵاتییانی تورکیا ئەمە دەستکەوتێکی گەورەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیایە، بۆ بەشێک لە پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکان " ئازادکردنی ڕێبەری پەکەکە کە ماوەی 23 ساڵە لە زیندانە"، بە خاڵی لاوازی ئاکپارتی و ئەردۆغان دادەنێن بەوەی ناچاربووە لەگەڵ کەسێک ڕێکبکەوێت کە ساڵانێکە زیندانی کردووە. بەڵام بەپێی ئەوەی ئەو پارتانە بچووکن، کاریگەری گەورە لەسەر وەستانی پڕۆسەکە دروست ناکەن.
مافی کورد و دەستووری نوێی تورکیا
مافی کورد لە دەستووری نوێی تورکیا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ پرسی ئاشتەوایی کورد هەیە، کورد بەرامبەر بەو ڕێککەوتنە و دەنگدان بە دەستووری نوێی تورکیا داوە چەند مافێکی سەرەکی دەکات، یەکێک لەوانە زمانی کوردی بکرێتە زمانی فەرمی وڵات دوای زمانی تورکی، بەڵام تاوەکو ئێستا باس لە ماددەکانی دەستوور و چۆنیەتی بەشداریکردنی کورد لەو دەستوورە نوێیە نەکراوە، لە ئەگەری جێبەجێکردنی هەر یەک لەو سیناریۆیانە "کورد داواکارییەکانی خۆی لە دەستوور دەخاتە سەر مێزی دانووستان".
کاردانەوەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا
ئەم ماوەیە بە سەردەمێکی مێژووی و زێرینی تورکیا ناودەبرێت، دوای 40 ساڵ لە شەڕ و دووبەرەکی پێ دەنێتە سەردەمی برایەتی، هەر لەبەر هەستیاری بەرپرسیارییەتییە مێژووییەکەی هیچ پارتێکی سیاسی ئەگەر بە دۆخەکە ڕازی نەبن و لێدوانی تووندیش بدەن، هیچ هەنگاوێکی کرداری نانێن بۆ وەستاندنی پڕۆسەکە، نایانەوێت ڕێگربن لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی تورک و کورد.
پرسی ئاشتەوایی کورد و هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا
ئاکپارتی ، کە پارتی دەسەڵاتداری تورکیایە لە ژێر گوشاری هەڵبژاردنی پێشوەختە دایە، ڕووخانی ئەسەد لە سووریا و ڕۆڵی کاریگەریی تورکیا لەو وڵاتە بە دەستکەوتێک بۆ دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان هەژمار دەکرێت، لە پاڵ ئەوەشدا بە چارەسەرکردنی پرسی 40 ساڵەی کورد لە تورکیا دەنگی کوردانی تورکیا بەدەست دێنێت و خاڵێکی دیکە بەدەست دێنێت، دوای کۆکردنەوی ئەم دەستکەوتانە و بەهێزکردنی پێگەکەی ئاکپارتی و ئەردۆغان بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆن. ئێستا لە تورکیا لە پاڵ دانووستانەکان بۆ پرسی ئاشتەوایی کورد، کار بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت.
هەنگاوی داهاتوو: بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا کە لە هەریەک لە محەممەد کەماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، حەسەن ئۆزگونوش، سیاستەمەدار و پەرلەمانتاری پێشووی دەم پارتی وەرگیراوە: شاندی ئیمرالی لەم هەفتەیەدا سەردانی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان وسەڵاحەددین دەمیرتاش دەکات و دواتر ڕاگەیێنراوێکی فەرمیان دەبێت، جارێکی دیکە سەردانی ئیمرالی دەکەن، بەڵام کاتی سەردانەکە دیارینەکراوە.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
دوایین هەواڵەکان
- کوردستان
- 50 خولەک لەمەوپێش
پێشهوا ههورامانی: كشانهوهی كورد له بهغدا مهحاڵ نییه
هەڵبژاردەکان بۆ تۆ
فایلی خەڵک؛ بەدواداچوون بۆ گرفتی سەربازانی كورد و سۆناری ئۆتۆمبێل و نووسینگەكانی شۆفێری دەكات
23 کاتژمێر لەمەوپێش
فایلی خەڵك؛ بەدواداچوون بۆ گرفتی زەویی مامۆستایانی زانكۆ و ئۆتۆمبێلە بێ تابلۆكان
6 کانوونی دووەم
بەشێکی دیکە لە چیرۆکەکانی هەڵاتنی بەسار ئەسەد لە سووریا ئاشکرا دەبن
6 کانوونی دووەم
سووریا ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو دەبێتەوە
5 کانوونی دووەم
زوو دەستنیشانکردنی نەخۆشی شێرپەنجەی گەدە چارەسەرکردنی ئاسانتر دەکات
5 کانوونی دووەم
- بزنس
- 30 کانوونی یەکەم
ئابووریی عێراق لەمساڵدا بە ڕێژەی 1.4% گەشەی کردووە