هاوسەرگیریی پێشوەختە 10%ـی كۆی پرۆسەكانی هاوسەرگیریی هەرێمی كوردستان پێکدێنێت

شەیری بکە لە:
هاوسەرگیریی پێشوەختە 10%ـی كۆی پرۆسەكانی هاوسەرگیریی هەرێمی كوردستان پێکدێنێت

گرافیکی ئاڤا نیوز

ئاڤا نیوز

 

ئاڤا ئاماری هاوسەرگیریی پێشوەختەی بەراوردكاری ساڵەكان بڵاودەكاتەوە و دەركەوتووە لە كۆی سەرووی 53 هەزار پرۆسەی مارەبڕین كە ئەمساڵ لە دادگاكانی هەرێمی كوردستان تۆماركراون، پێنج هەزار و 240 هاوسەرگیریی پێشوەختە بووە، واتە كوڕ یان كچەكە تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە.

 

وێنە گەورەكە: ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا بە هەماهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و کونسوڵخانەی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی کەمکردنەوەی دیاردەی بەشوودانی پێشوەختەی لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە کە ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری یاسایی و دەروونییە بۆ سنووردارکردنی زوو بەشوودانی خانمان، بەپشت بەستن بە ئاماری فەرمی دادگاكان دەركەوتووە 10%ـی كۆی پرۆسەكانی هاوسەرگیری كە لە دادگاكان كراون، هاوسەرگیری پێشوەختە بووە.

 

ڕاگەیێنراوی فەرمی: ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەری یاسا دەرئەنجامی وردەكاری ئامارەكانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەوردی خستووەتەڕوو لەپێناو بنبڕكردنی دیاردەی هاوسەرگیری پێشوەختە و زوو بەشوودانی خانمان.

 

ژمارەكان وادەڵێن: لە پارێزگای هەولێر لە كۆی 17 هەزار و 543 پرۆسەی مارەبڕین، دوو هەزار و 198 هاوسەرگیریی پێشوەختە بووە، كە 105 نێر و دوو هەزار و 93 مێ بووە. ڕێژەی هاوسەرگیری پێشوەختە لە هەولێر 13% بووە و بەراورد بە ساڵی ڕابردووش 2% بەرزبووەتەوە.

 

سەبارەت بە جیابوونەوە، هەر لە هەولێر لە كۆی 5 هەزار و 857 كەیسی جیابوونەوە، هەزار و 96 هی ئەو هاوسەرگیرییانە بووە كە لە خوار تەمەنی 18 ساڵی بووە.

 

لە پارێزگای دهۆكیش، لە كۆی 12 هەزار و 499 پرۆسەی مارەبڕین، هەزار و 688 هاوسەرگیری خوار 18 ساڵ بووە كە 348 نێر و هەزار و 340 مێ بووە، واتە ڕێژەی 14%ی كۆی پرۆسەكانی هاوسەرگیری.


جیابوونەوەش لە دهۆك دوو هەزار و 164 حاڵەت هەبووە، 102 ئەوانەن كە لە خوار تەمەنی 18 ساڵی هاوسەرگیرییان كردووە.

 

لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لە كۆی 20 هەزار و 427 پرۆسەی هاوسەرگیری، هەزار و 51 پرۆسەی هاوسەرگیری پێشوەختە بووە. كە 5% كۆی گشتی هاوسەرگیری پێكدەهێنێت.


لە دادگاكانی كەركووك و ئیدارەی گەرمیان كە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانن، لە كۆی دوو هەزار و 618 مارەبڕین، 303 هاوسەرگیری پێشوەختە بووە، كە دەكاتە ڕێژەی 12%.

 

هۆكارە زانراوەكان: ڕێكخراوی لێكۆڵەر لە دوو توێی توێژینەوەیەكدا بە پشتبەستن بە بۆچوونی شارەزایان و پسپۆڕانی یاسایی و كۆمەڵایەتی و دەروونی؛ نزمی ئاستی ڕۆشەنبیریی خێزانەكان، هەژاری، چاولێكەری و بێ سانسۆری سۆشیال میدیا و دروستبوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە، بەهۆكاری سەرەكی زیادبوونی هاوسەرگیری پێشوەختە دەزانێت.

شەیری بکە لە: