کەوتنی ئەسەد و شەوی چارەنووسی دیمەشقییەکان

غەسان شەربل

غەسان شەربل

سەرنووسەری ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت

کەوتنی ئەسەد و شەوی چارەنووسی دیمەشقییەکان

وێنەی بەشار ئەسەد و بەشێک لە کۆشكەکەی، گرافیک؛ ڕامتین هەمەوەند

زیادەڕەوی تێدا نییە ئەگەر وشەی بوومەلەزە بۆ ئەو شەوە درێژەی دیمەشق بەکاربهێنین. داڕمانێکی خێراتر لەوەی کە نەیارەکان هیوایان بۆ دەخواست. باران کۆبووەوە و لافاوەکە هەڵسا، سوپا ئامادە نییە ڕووبەڕووی لافاوەکە ببێتەوە. ئێرانیش توانای ئەوەی نییە. ڕووسیاش ئارەزووی نییە. حیزبوڵڵاش ماندوو بووە. گەورەی کۆشکەکە تێگەیشت کە گەڕاندنەوەی سەردەمی لێکتێگەیشتنی سولەیمانی و پووتین مەحاڵە. هەستی کرد ئەوەی نووسراوە نووسراوە. ئەمە هەندێکجار ڕوودەدات. هەڵەکانی دەسەڵاتدار کەڵەکە دەبن و تەنها ڕێگای دەربەدەری دەمێنێتەوە، کە دەبێت بگیرێتەبەر. ئەوە بوو سواری فڕۆکەکە بوو و ڕۆیشت. 

‏سووریا لە خەو هەڵسا، سەخت بوو باوەڕ بکرێت ئەو پیاوەی  24 ساڵە دەزووی چارەنووسی وڵات و خەڵکی بەدەستەوە بوو، دیار نەماوە. ئەو پیاوەی باوەڕی وابوو بارودۆخ و چارەنووسی ئەو جیاوازە لە ئەوانی تر. ئەو پێشبینی نەدەکرد تانکێکی ئەمریکی بێت پەیکەرەکەی وەک پەیکەرەکەی سەددام حوسێن لە گۆڕەپانی فیردەوسی بەغدا لە ڕەگەوە هەڵتەکێنێت. نیگەران نەبوو کاتێک لەسەر شاشە بینی لیبییەکان بەدوای موعەممەر قەزافیدا دەڕۆن و کۆتایی بە ژیان و سەردەمەکەی دەهێنن. نەهاتە پێش چاوی کە ڕەنگە ڕووبەڕووی ئەو چارەنووسە ببێتەوە کە عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لەسەر دەستی حوسییەکان ڕووبەڕووی بووەوە. زۆری نەخایاند حوسنی موبارەک لەبەردەم دادگا ئامادە بوو. هەرگیز بە خەیاڵیدا نەدەهات کە ڕووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوەی چارەنووسی زینولعابیدین بن عەلی ببێتەوە کاتێک بەپەلە بەرەو فڕۆکەیەک ڕۆیشت کە لەسەر هێڵی تاراوگە کاری دەکرد تاوەکو لە"بەهاری یاسەمین" ڕابکات.
 
ئەسەد لە قووڵایی دڵیدا متمانەی بە خۆی هەبوو کە توانای ڕاگرتنی زریانەکەی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەوەی فڕۆکەکانی پووتین و میلیشیاکانی سولەیمانی سەرکەوتوو بوون لە دامرکاندنەوەی زریانی "بەهار". ئەسەد پێیوابوو باوکی سیستمێکی بۆ گواستووەتەوە کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئاگر و خۆگرتنی بوومەلەرزەی هەیە.

لەماوەی حوکمڕانییە درێژخایەنەکەیدا زۆرێک لە بوومەلەرزە ڕوویان دا. لەگەڵ بوومەلەرزەی هێرشەکانی 11ـی ئەیلوولی 2001دا ژیاوە و فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکانی وڵاتەکەی کرد کە هاوکارییەکی سنووردار لەگەڵ ئەمریکییەکان بکەن. ئەو لەو کاتەدا مەیلی ئێرانی نەبوو، بەڵام لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق پاڵی پێوەنا ڕێگای تاران بگرێتە بەر. ترسی ئەوەی هەبوو کە "بەعس"ی سووریا ببێتە ئامانجی داهاتووی هەڵمەتی ئەمریکا دوای "بەعس"ی عێراق. بەرژەوەندییەکانی ڕژێمەکانی سووریا و ئێران یەکیان گرت بۆ کارکردن بۆ ناسەقامگیرکردنی "پێکهاتەی ئەمریکا" لە عێراق. سووریا بە هاندانی قاسم سولەیمانی سنوورەکانی بەڕووی "موجاهیدەکان"دا کردەوە کە ئارەزووی ئەوەیان دەکرد لەوێ بەرەنگاری داگیرکاری ئەمریکا ببنەوە.

دووەم بوومەلەرزە لە بەیروتەوە دێت. لە 14ی شوباتی ساڵی 2005، تەرمی ڕەفیق حەریری لە پایتەختی لوبنانەوە فڕی. تووڕەیی لوبنان ئەسەدی ناچار کرد هێزەکانی لە لوبنان بکشێنێتەوە. لە سووریادا باو بوو کە ئەو وڵاتەی حافز ئەسەد فراوانتری کرد لە سەردەمی کوڕەکەیدا دابەزینی بەخۆیەوە بینی.

لە ساڵی 2006، حیزبوڵڵا ترسی لەوە هەبوو کە "بزووتنەوەی 14 ی ئازار"ی لوبنان ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێگەی لوبنان لە ناوچەکەدا، بۆیە دەستی کرد بە جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل و یارمەتی شکاندنی گۆشەگیریی دیمەشقی دا.

لە سەرەتای دەیەی ڕابردوودا، ڕەشەبای "بەهار" هەڵیکرد و ئەسەد پێیوابوو، وەک زۆرێک بە پشتبەستن بە ئەزموونی میخائیل گۆرباچۆڤ پێیانوابوو، کردنەوەی پەنجەرەکە بۆ هیچ شوێنێکی نابات بۆ نێو زریانەکە نەبێت. ناڕەزایەتییەکانی سەرکوت کرد و و زیادەڕەوی کرد، سەدان هەزار کوژراو، ملیۆنان ئاوارە، بەرمیل و چەکی کیمیایی. ئۆپۆزیسیۆن لە کۆشکەکەی نزیک بووەوە، بەڵام لێکتێگەیشتنی پووتین و سولەیمانی یارمەتیدەر بوو بۆ ڕاگرتنی بوومەلەرزەکە. 

ئەسەد لە ساڵی 2000 لەسەر شانۆی سووریا دەرکەوت، ئەمەش دوای شەش مانگ لە دەرکەوتنی کەسێک بە ناوی ڤلادیمێر پووتین لەسەر شانۆی ڕووسیا و نێودەوڵەتی و دوو ساڵ پێش دەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. ئەگەر ناوی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ پووتین و ئەردۆغان زیاد بکەین، ئەوا ئەو پیاوانە دەناسین کە جێپەنجەی خۆیان لەسەر چارەنووسی ئەسەد بەجێهێشتووە.
 
پووتین هەرگیز دوودڵ نەبوو لە ڕەخنەگرتن لە هەڵەکانی ئەسەد لەبەردەم شاندێکی عێراقی کە سکاڵایان لە دژی سەرۆککۆماری سووریا تۆمارکردبوو. بەڵام حیساباتەکانی جیاواز دەبن کاتێک بڕیار دەدات تاجی گرتنەوەی کریمیا بخاتە سەر کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست کە دەستوەردانێکی سەربازی ئاسمانی بوو بە یاوەری میلیشیا فرەنەتەوەییەکانی سولەیمانی.
 
پەیوەندی ئەسەد لەگەڵ ئەردۆغان سەیر بوو، خۆشەویستییەکی درێژخایەن و دواتر تۆڵەسەندنەوەیەکی درێژخایەن. ئەسەد پشتی بە سەرینە گەرەنتیکراوەکەی ئێران بەست بە هاندانی بەردەوامی حەسەن نەسڕوڵڵا. ئەوەبوو حیزبوڵڵا لە سوپای سووریا بەهێزتر بوو و هەستیاریی پێکهاتەی سووریا قووڵتر بووەوە. ئێران لە پشتیوانیکردن لە ڕژێمی ئەسەد کەمتەرخەمی نەکرد، چونکە سووریا ڕێڕەوێکی ناچاری بوو لەسەر ڕێگای بەستنەوەی تاران بە بەیرووت کە ڕێگای "بەرخودان" و مووشەکەکانە.

کاتێک یەحیا سینوەر "تۆفانی ئەقسا"ی دەستپێکرد و نەسڕوڵڵا بەدوایدا "بەرەی پشتیوانی" ڕاگەیاند، ئەسەد هەوڵی دا جامی یەکڕیزی بەرەکە لە لێوەکانی لابدات. جەنگاوەرێکی تووند و شەڕانگێز بە ناوی بنیامین ناتانیاهۆ هاتووەتە ناو یارییە گەورەکە، هەروەها جێپەنجەی خۆی لەسەر چارەنووسی ئەسەد بەجێدەهێڵێت. ناتانیاهۆ غەززەی بەسەر سەری خەڵکەکەیدا وێران کرد و پاشان لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەنگاوی نا بۆ سڕینەوەی سەرکردایەتی حیزبوڵڵا چەسپاندنی بڕبڕەی پشتی.

هاوسەنگییەکان تێکچوون. لە ئیدلب نەیارانی ئەسەد چاوەڕێی دەرفەتێک بوون. ئەوان هەرگیز باوەڕیان بە چیرۆکی "هێورکردنەوەی گرژی" نەدەکرد. لەسەر "کاتی هاتنە سەر دەسەڵاتی ترەمپ"، ئەردۆغان بژاردەی سزادانی ئەسەدی هەڵبژارد، کە چەندینجار پێشنیازی کۆبوونەوەی ڕەتکردەوە. سزادانی ئەسەد و کوردانی سووریا لەگەڵیدا. ئەحمەد شەرع کە نازناوی "ئەبو محەممەد جۆلانی"ی لێنراوە، پریشکی هەڵدا. بارانێکی شاراوە کۆبووەوە و لافاوەکە بەرەو حەلەب پێشڕەوی کرد، لەوێشەوە بۆ حەما و پاشان بەرەو دیمەشق و حمس. سولەیمانی و حەسەن نەسروڵڵا لەوێ نەبوون، ڕێبەرەکە چارەسەرێکی پێنییە. پووتینیش لە دەریاچەی خوێنی ئۆکراینادا نغرۆ بووە.
 
شەوی چارەنووسی دیمەشق خێرا و لەناکاو بوو. چارەنووسی سووریای بە هاوسەنگییەکە و خەسڵەت و پێگە هەرێمەییەکەی گۆڕی، دیمەنی ناوچەکەشی گۆڕی. ڕێگای هەناردەکردنی شۆڕش و مووشەکی لە نێوان تاران و بەیرووت پچڕاند، حیزبوڵڵای له ڕۆڵی ناوچەیی خۆی گەڕاندنەوە بۆ نیشتەجێبوون لەژێر چەتری بڕیارنامەی 1701. شەوێکی سووریا هاوسەنگییەکانی لە لوبنان هەژاند.

دیمەنی پێرێی سووریا جیاواز بوو. سووریایەکی بەبێ ئەسەد و بێ ڕاوێژکاری ئێرانی و بێ حیزبوڵڵا، بەشار ئەسەد سواری فڕۆکەکە بوو و ڕۆیشت. تەواوی سەردەمێک لەبیرکرا. سەرۆک.. سووریا و ناوچەکەی لەبەردەم ماف و ئاڵنگارییەکانی ڕۆژی دواتر جێهێشت.

زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە

شەیری بکە لە: