گەڕێکی نوێی جەنگی جیهانیی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
- بیروڕا
- 10 کانوونی یەکەم
ویسام مەسیفی
ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی -UKH
پێشبینییەکان بەو ئاراستەیەن بە هۆی دەرکردنی میلیشیاکانەوە، حکومەتی عێراق بەمزووانە تووشی گۆڕانکارییەک ببێت، گرافیک؛ ڕامتین هەمەوەند
ڕووداوەکانی ئەم دواییە، بەتایبەت جەنگی ئۆکراینا و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەرییەکی بەرچاویان لەسەر سیستەمی نێودەوڵەتی هەبووە. بۆیە دەکرێت بگوترێت، شکستی یاسای نێودەوڵەتی لە پاراستنی سەقامگیری جیهانیدا، بنەمایەکی بەهێزی بۆ نەماوەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ئەرکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی نێودەوڵەتییە کە دەبوو دەسەڵاتی دەوڵەتە بەهێزەکان بۆ دەستوەردان لە کاروباری دەوڵەتانی دیکە سنووردار بکات.
تێکدانی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و یاسای نێودەوڵەتی کە بنەمای ڕاستەقینەی بوونی دەوڵەتان و ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندیی نێودەوڵەتییە، وا دەکات دەوڵەتە بەهێزەکان بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بخەنە پێش بەرژەوەندیی دەوڵەتە لاوازەکان و یاسای نێودەوڵەتییەوە.
بۆنموونە، بەهۆی مافی ڤیتۆی ڕووسیا بەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان و پێگەكەی وەک ئەندامێکی هەمیشەیی، ئەستەمە بڕیارنامەیەک دەربچێت كە کاریگەری لەسەر بڕیاردەرانی جیهانی هەبێت. بۆیە ڕووسیا هۆکارێکی سەرەکییە بۆ تێکدانی یاسای نێودەوڵەتی و دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. هەرچەندە دەوڵەتە بەهێزەکانی دیکەش هۆکاری سەرەکین بۆ بێسەروبەری لە جیهان و تێکدانی یاسا نێودەوڵەتییەكان، بەهۆی بەرژەوەندییەکانی وەک نەوت، گاز و کۆنتڕۆڵکردنی دراو کە زیانیان بە بەرژەوەندیی وڵاتەکانیان گەیاندووە. لەبەرئەمە، ئەگەر بچینە ناو قووڵایی واتای یاسای نێودەوڵەتییەوە، دەبینین ئەمە بریتییە لە ڕێسا، نۆرم و پێوەری یاسایی کە پەیوەندیی نێوان دەوڵەتە سەروەرەکان و ئەو ناوەندانە دیاری دەکات کە وەک ئەکتەری جیهانی ناسراون. ئەم زاراوەیە سەرچاوەكەی دەگەڕێتەوە بۆ فەیلەسووفی ئینگلیزی جیرێمی بینتام (1748-1832).
یاسای نێودەوڵەتی جەخت لەسەر دروستکردن و جێگرتنەوەی چوارچێوەیەکی جیهانی دەکاتەوە کە بنەمای سەرەکیی ئەوەیە دەوڵەتە سەربەخۆ و سەروەرەکان تاکە کیانی گرنگی گۆڕەپانی نێودەوڵەتین. سەردەمی ڕێنیسانسی ئەوروپی چوارچێوەی بنەڕەتیی یاسای نێودەوڵەتی دیاری کرد، بەڵام ڕەگەکانی دەگەڕێنەوە بۆ مێژووییەكی كۆن کە ڕەگ و ڕیشەکەی بۆ پەیماننامە هاوبەشەکانی شارستانیەتە کۆنەکانی ڕۆژهەڵاتیی ناوەڕاست دەگەڕێتەوە. سەرەڕای ئەمەش، یاسای نێودەوڵەتی وەک چوارچێوەیەک کار دەکات بۆ هاریکاریی نێوان دەوڵەتان کە یاسا و پێوەرەکان دادەنێت بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانیان لە بوارە جیاوازەکان، وەک دیپلۆماسی، بازرگانی و ئاسایش.
ئێمە ڕۆڵی یاسای نێودەوڵەتیمان لە دروستکردنی جیهانێکی ئاشتیدا تاقی کردووەتەوە. ئامانجی سەرەکیی دامەزراندنی یاسای نێودەوڵەتی بەهێزکردنی ئاشتی بووە. دامەزراندنی کۆمەڵەی دەوڵەتان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ژمارەیەک پەیمانی ئاشتی، نیشاندەری ئەوەن کە مەبەستی سەرەکیی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی گەلان و هاوپەیمانییەکان بریتی بووە لە بەدواداچوون بۆ ئاشتی.
نەتەوەیەکگرتووەکان بە مەبەست چارتەرەکەی بەشێوەیەک داڕەشتووە کە چوارچێوەیەکی یاسایی دابین بکات کە بەشێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر پارێزگاریکردن لە ئاشتی دەکاتەوە. پەیماننامەکانی وەک ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی و پەیماننامەی تایبەت بە چەکی بایۆلۆژی میکانیزمن کە بنچینەیان لە یاسای نێودەوڵەتیدا هەیە و ئامانجیان هاریکاریکردنە، نەک ململانێ. ئەمە توانا یان ویستی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ سیستەمی جیهانی لەخۆ دەگرێت. نیگەرانییەکانیش پەیوەستن بە ڕەوایی ئەنجوومەنی ئاسایش، بنبەستی و سەرپێچیی پڕنسیپە بنەڕەتییەکانی یاسای نێودەوڵەتی.
لێکۆڵینەوەی زۆر کراوە و ئەوەیان دەرخستووە کە یاسای نێودەوڵەتی ڕۆڵێکی گرنگی لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان و بەدەستهێنانی ئاشتی هەیە؛ بەڵام زۆرجار جێبەجێکردنی بەردەوام و سەپاندنی سەرکەوتووانەی کەم دەبێتەوە. باوەڕمان وایە یاسای نێودەوڵەتی، ئامرازێکی کارامەیە بۆ پەرەپێدانی ئاشتی و دەبێت هەنگاو بنێین بۆ بەهێزکردنی توخمە ئاشتیخوازە گرنگەکانی ناو چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان. لە ڕاستیدا، دادپەروەری بناغەی ئاشتییە و جێبەجێکردنی ڕێزدارانەی یاسا تاکە ڕێگایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە. دەبێت ئەم ئامانجە پێش بخەین و هەوڵی دووربوون لە جیهانێكی پڕئاژاوە و تووندوتیژیی پێشبینیینەکراو و کاولکەر بدەین.
کاتێک ناکۆکییەکانی پەیوەست بە خاک ڕوو دەدەن کە چەندین دەوڵەت داوای سەروەریی خۆیان بەسەر ناوچەیەکی دیاریکراودا دەکەن، زۆرجار ئەمەش بە هۆی فاکتەرە مێژوویی، کولتووری یان ئابوورییەکانە. بنەمای ئەم ناکۆکییانە بۆ چەند سەدە لەمەوپێش دەگەڕێنەوە و زۆرجار ئەگەر بەشێوەیەکی گونجاو بەڕێوە نەبرێن، دەبنە هۆی کێشەی گەورەی جیهانی. یاسای نێودەوڵەتی وەک چوارچێوەیەکی ڕێکخەر کار بۆ بەرەنگاربوونەوە و چارەسەرکردنی ئەم کێشانە دەکات و یاسا و میکانیزم بۆ ئاسانکاریی گفتوگۆ و دوورکەوتنەوە لە تووندوتیژی دابین دەکات.
بنەمایەکی گرنگی یاسای نێودەوڵەتی کە پەیوەندی بە ناکۆکییەکانی خاکەوە هەیە، بریتییە لە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی هێز لە چارەسەرکردنی ململانێکان. چارتەری نەتەوە یەکگرتووەکان فەرمانی ئەوە دەکات کە دەوڵەتانی ئەندام دەبێت خۆیان لە هەڕەشەکردن و بەکاربردنی هێز دژی یەکپارچەیی خاک یان سەروەری سیاسیی هەر دەوڵەتێکی دیکە بەدوور بگرن. ئەم بیردۆزە، بنەمایە بۆ دانوستانی ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە چارەی کێشەکان، ئەویش بە پێشخستنی گفتوگۆ بەسەر دووژمنکارییە سەربازییەکان و شەڕ.
لە ماددەی دوو لە پەیمانەکانی جنێڤ بۆ ڕێگریکردن لە کێشە چەکدارییە نێودەوڵەتییەکان (ساڵی 1949) هاتووە، "هەموو حاڵەتەکانی جاڕدانی جەنگ یان هەر کێشەیەکی چەکداریی دیکە کە لەنێوان دوو یان زیاتر لە وڵاتانی واژووكەری جاڕنامەكە ڕووبدات، بێ گوێدانە ئەوەی کام لایەن دۆخی جەنگ دەناسێت."
بەمپێیە، ئەگەر هێزە گەورەکان ویستیان هەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێکچوونی زیاتر لە سیستەمی نێودەوڵەتی، دەبێت ڕێگە بدەنە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان كە بەرپرسیارێتی زیاتر بگرێتە ئەستۆ بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە کارەساتی زیاتر لە ئاستی جیهان، بەڵام لە دیدگای منەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا وەک گۆڕەپانێكی نوێی جەنگی جیهانیی سێیەم دەردەکەوێت، بەهۆی دەستوەردانی دەوڵەتە بەهێزەکان لە وڵاتە لاوازەكان.
گرنگترین ئامانجیشیان بریتییە لە بەردەوامیدان بە دەسەڵات لە ڕێگەی قوربانیکردنی گەل، دەوڵەمەندکردنی هاوبەشەکانیان و دروستکردنی کۆشکی گەورە. لەکاتێکدا هاووڵاتیانیان بەدەست کەمیی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، گەندەڵی و دواكەوتنی ژیان و نەبوونی ژیانێکی ئابڕومەندانە دەناڵێنن. ئەم دۆخە وای لە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە دەکات گوێڕایەڵی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە بەهێزەکان بن.
هەروەها، حکومەتی عێراق بەمزووانە تووشی گۆڕانکارییەک دەبێت، هاوشێوەی ئەوەی لە لوبنان و سووریا ڕووی داوە، ئەویش بەهۆی دەرکردنی میلیشیاکانەوەیە. سەبارەت بە کوردیش، کاتی ئەوە هاتووە بۆ داواکردنی مافەکانیان یەک بگرن و مێژووی خۆیان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکەن و وەک یەکێک لە نەتەوەکانی خاوەن مافێکی کۆنی هەڵپەسێردراو بناسرێن (کە مێژووەكەی بۆ دەیەکانی 1920دەگەڕێتەوە).
کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە کارەساتەکانی جیهان بهێنرێت، ژیانێکی نوێ بۆ هەموو کۆمەڵگە و نەتەوەکان دابین بکرێت و هاوئاهەنگ بین لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی بووژانەوە و ئاشتی لە جیهان.
زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە بکۆڵەرەوە
نوێترین بیروڕا
پاراستنی مافی مامۆستایان و سەقامگیری نیشتمان
17 کاتژمێر لەمەوپێش
سێ بڕیاری گرنگ لە بەرژەوەندیی کورد دوای پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا
4 شوبات
دوو سهرۆكوهزیران چارهدۆزانی كێشهكانی هەولێر و بەغدا
3 شوبات
ههمواری یاسای بودجه، كوا ڕۆڵی كورده دۆستهكانی بهغدا له پهرلهمانی عێراق؟
2 شوبات
یەکی شوباتی خوێناوی .. ئیرادەی نەشکاوی کورد
1 شوبات
سوپاس ئاڤا؛ جارێکی دیکە فەرهاد پیرباڵت پێ ناساندینەوە
31 کانوونی دووەم
لە ساڵیادی کۆچی دوایی پیاوی حیکمەت و خەبات ئیدریس بارزانی دا
31 کانوونی دووەم
ڕێباز حهملان بۆ وادهكات؟
29 کانوونی دووەم
سەرۆکوەزیرانى کوردستان لە دیمەشق
25 کانوونی دووەم
ئیلهامبەخشی ئیمارات بۆ هەرێمی کوردستان
25 کانوونی دووەم
- بیروڕا
- 17 کاتژمێر لەمەوپێش
پاراستنی مافی مامۆستایان و سەقامگیری نیشتمان
- بیروڕا
- 31 کانوونی دووەم
سوپاس ئاڤا؛ جارێکی دیکە فەرهاد پیرباڵت پێ ناساندینەوە