شێوازەکانی نووسینی ئەکادیمی

د. فەرمان حەسەن، مامۆستای زانکۆ

د. فەرمان حەسەن، مامۆستای زانکۆ

لە نووسینی ئەکادیمیدا بە گشتی پەیڕەوی لە چوار شێوازی نووسین دەکرێت، ئەوانیش بریتین لە شێوازی وەسفی (Descriptive)، شێوازی شیکاری (Analytical)، شێوازی ڕازیکاری (Persuasive) و شێوازی ڕەخنەیی(Critical). هەر یەکە لەو شێوازانە بە کۆمەڵێک مەرج و تایبەتمەندی کە پەیوەندیان بە جۆری زمان و ئامراز و شێوازی نووسینەوە هەیە لە شێوازەکانی تر جیادەبێتەوە. هەندی جار نووسەر لە نووسیندا پشی بە شێوازێک شێوازەکان دەبەستێت، هەندێ جاری تر پشت بە زیاتر لە شێوازێک دەبەستێت، تەنانەت هەندێ جار لەیەککاتدا هەر چوار شێوازەکە بەکاردەهێنێت و لە نووسینەکەیدا تێکەڵ و ئاوێتەی یەکتریان دەکات.


نووسەر لە نووسینی هەندێ تیکستدا پێوستی بە بەکارهێنانی زیاتر لە شێوازێک هەیە، بۆ وێنە لە نووسینی تێزی تاقیکاریدا پێویستی بە بەکارهێنانی هەر چوار شێوازەکە هەیە، پشتبەستن بەو فرەشێوازییەش پەیوەندی بە چەند هۆکارێکەوە هەیە، لەوانە لە پێداچوونەوە بە ئەدەبیاتدا، توێژەر پێویستی بە بەکارهێنانی شیوازی ڕەخنەیی هەیە بۆ ئەوەی نیشانی بدات کە لە کوێدا بۆشایی یان هەلێک بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەکەی هەیە. لە بەشی ئامرازەکاندا پێویستی بەکارهێنانی شێوازی وەسفی هەیە و بەهۆیەوە ئەو کەرەسەتە و ئامرازانەی  بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتاکان بەکاری هێناون کورت و پوخت دەکاتەوە. لە بەشی ئەنجامەکاندا لە میانی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر داتا کۆکراوەکان پێویستی بە بەکارهێنانی هەردوو شێوازی وەسفی و شیکاری هەیە. لێ لە بەشی گفتوگۆ بە مەبەستی بەستنەوەی دەرەنجامەکان بە پرسیار یان گریمانەکانی توێژینەوە زیاتر پشت بە شێوازی شیکاری دەبەستێت، هەروەها لە خستنەڕووی ڕاسپاردە و پێشنیازدا پشت بە شێوازی ڕازیکاری دەبەستێت. نووسەر لە هەڵبژاردنی بابەتی نووسین ئازادە و بە خواست و ویستی خۆی بابەتەکە دیاری دەکات، بەڵام سروشتی بابەت و لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە ئەوە بەسەر نووسەردا دەسەپێنن کە چ جۆرە شێوازێک بەکار بهێنێت، بە تەنیا پشت بە شێوازێک یان فرە شێوازی ببەستێت.


زۆر جار لە نووسینی ئەکادیمیدا پەیڕەوی لە شێوازی  نووسینی وەسفی دەکرێت، ئامانجی سەرەکی لە بەکارهێنانی شێوازەکەدا، بەخشینی تێگەیشتنێکی ڕوون و تەواوە بە خوێنەر سەبارەت بە بابەتی نووسین. ئەم شێوازە بەگشتی بۆ وەسفکردن و پێدانی تێگەیشتنێکی ڕوون سەبارەت بە چەمک و ڕووداو و دیاردە و تاقیکردنەوە و پێشهات و شوێنە جیاوازەکان بەکاردەهێنرێت. واتە بۆ پێدانی زانیاری و ڕاستی زیاتر سەبارەت بە بابەتی نووسین. لە زۆربەی کاتدا ئەو شیوازە لە پێشەکی کتێب و توێژینەوەکان، یان پێداچوونەوەی بە ئەدەبیات بەدی دەکرێت.


شێوازی نووسینی وەسفی (Descriptive writing)، یەکێک لە شێوازە هەرە سادەکانی نووسینی ئەکادیمی کە بە مەبەستی خستنەڕووی ڕاستی و زانیارییەکان  بەکاردەهێنرێت. بۆ وێنە لە کاتی نووسینی پوختەی وتارێک، یان ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئەنجامی تاقیکردنەوەیەک. لەگەڵ ئەوەی شێوازێکی سادە و ئاسانە، بەڵام ڕۆڵێکی بنەڕەتی و گرنگ لە لێکۆڵینەوە لە هەر بابەتیکدا دەگێرێت و کەم بابەت هەیە کە لە لایەنێکەوە پێویستی بە بەکارهێنانی نەبێت.

 

شێوازەکە بەسەر چەند ژێرپۆلێکدا دابەش دەبێت، وەک پوختەیەک، گێڕانەوەیەک، وەسفێک، ڕوونکردنەوەیەک، چەردەیەک، بەرکۆڵێک کە ئامانج لێیان پێشکەشکردنی ڕاستی و زانیارییە. بۆ وێنە لە ڕاپۆرتێکی تاقیکاریدا توێژەر باس لە بەشداربووانی تاقیکردنەوەکە دەکات کە لە کاتی تاقیکردنەوەدا چییان کردووە یان نەیانکردووە، چۆن وەڵامی وروژێنەری جۆراوجۆریان داوەتەوە و چ ئەنجامێک بەدەست هاتووە، هەروەها وردەکاری سەبارەت بە جۆر و ژمارەی بەشداربووان و چۆنییەتی هەڵبژاردن دابەشکردنیان و کاتی ئەنجامدان و بەربەستەکانی بەردەم ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکە.

 

لە شێوازی نووسینی وەسفیدا، نووسەر چەندین ڕێگە و تەکنیکی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی تێگەیشتنیکی ورد و سێ ڕەهەندی سەبارەت بە بابەتی نووسراو بە خوێنەر بدات. بەشێکی ئەو ڕێگە و تەنکنیکانە پەیوەستە بە هەڵبژاردنی وشە و دەستەواژەی گونجاو، زمانی خواستن، بەرواردکردن، بەشەکەی تریان پەیوستە بەوەی بزانێت نووسینەکە چی لەخۆبگرێت و چی پێویستە لە ناویدا دەری بکات.

 

نووسینی شیکاری(Analytical writing) شێوازێکی ترە لە نووسینی ئەکادیمی کە بەشێوەیەکی باو لە بواری ئەکادیمیدا بەکاردەهێنرێت. لە نووسینی ئەکادیمیدا نووسەر بە تەنیا پشت بە شیوازی نووسینی وەسفی نابەستێت، بەڵکو پێوستی بە بەکارهینانی شێوازەکانی تری نووسین و ئاوێتە و تێکەڵکردنیان هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت بابەتەکەی ڕوون بکاتەوە و پەیامەکانی بەباشی بگەیەنێت. نووسەر پێوستی بە ڕێکخستنی زانیاری و شیکردنەوە و ڕاڤەکردنیان هەیە نەک تەنیا خستنەڕوویان، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەکی تەواو سەبارەت بە چییەتی و چۆنییەتی زانیارییەکان و پەیوەندی نێوانیان بە خوێنەر بدات. گرنگترین ئەو ڕێکارانەش کە نووسەر لە  پڕۆسەکەدا دەیانگرێتەبەر بریتین لە شیکردنەوە، بەراوردکردن، جیاکردنەوە،  پەیوەستکردن و دۆزینەوە.


زۆر دەگمەنە نووسینێک هەبێ کە لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا یان زانکۆ ئەنجام درابێت، بە تەنیا نووسینێکی وەسفی بێت، بەڵکو زۆربەی تێکستەکان شێوازی نووسینی شیکاریان لەخۆگرتووە. شێوازی نووسینی شیکاریش لە ناواخندا پشت بە شێوازی نووسینی وەسفی دەبەستێت، بەڵام بە دووبارە ڕێکخستنەوەی ڕاستی و زانیارییە وەسفکراوەکان و دابەشکردنیان بەسەر پۆل و پەیوەندی و گرووپ و بەشی جۆراوجۆر. هەندێ جار پۆل و پەیوەندییەکان بەشێکن لە سیستم، بەڵام لە هەندێ دۆخی تردا ئەگەری هەیە توێژەر خۆی دروستی بکات. ئەگەر توێژەر بەرواردێک لەنێوان دوو تیۆر بکات، دەشێت کردارەکە بەسەر چەند بەش و پۆلێکدا دابەش بکات. بۆ وێنە چۆنییەتی مامەڵەکردنی هەر تیۆرێک لەگەڵ یاسا و ڕێسا و دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان، یان چۆنییەتی مامەڵەکردنی جیاوازی تیۆرەکان لەگەڵ فێربوونی زمان، یاخود جیاوازی تیۆرەکان لە چۆنییەتی جێبەجێکردندا.


ئامانج لە شێوازی نووسینی شیکاریدا، بریتییە لە دابەشکردنی چەمک و دیاردە ئاڵۆزەکان بۆ بەشەکانیان و شیکردنەوەیان بە مەبەستی دیارکردنی جۆری پەیوەندی نێوانیان لەناو ناوەڕۆکی نووسیندا. گرنگترین ئەو هەنگاوانەش کە سەرکەوتنی نووسەر لە پڕۆسەکەدا مسۆگەر دەکەن، بریتین لە پلاندانی پێشوەختە، تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان هۆکارەکان پێش پۆلینکردنیان و ڕوونکردنەوەی پێکهاتەی بابەت.

 

نووسینی ڕازیکاری (Persuasive writing) یان بڕواپێکەر، شێوازێکی ترە، تیایدا نووسەر هەنگاوێک دەچێتە پێش نووسینی شیکارییەوە. هەموو تایبەتمەندییەکانی نووسینی شیکاری لەخۆگرتووە، واتە زانیاری و دووبارە ڕێکخستنەوەی زانیارییەکان، لەگەڵ زیادکردنی دیدوتێڕوانینی نووسەر لەسەر بابەتەکە. بەو پێیە زۆربەی بابەتەکان ڕازیکارین، چونکە لانی کەم لە کۆتایی هەر بابەتێکی لیکۆڵینەوەدا ڕەگەزێکی ڕازیکەر هەیە. لەم شێوازەدا هەموو گریمانەیەک پێویستی بە بەڵگەهێنانەوە هەیە، بۆ وێنە ئاماژەکردن بە ئەنجامی توێژینەوەکانی پێشوو، یان سەڕچاوی زانستی باوەڕپێکراو کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە بابەتی لێکۆڵینەوە هەیە، بۆیە ڕوانگە و تێڕوانینەکانی نووسەر لە زۆربەی کاتدا بریتین لە بەڵگە، پێشنیار، شیکردنەوە و ڕاڤەکردنی دەرەنجام و هەڵسەنگاندنی کاری کەسانی تر. گرنگترین ڕێکارەکانی بریتین لە هەڵسەنگاندن، نرخاندن، گفتوگۆکردن و هەڵوێست وەرگرتن.


ئامانجی نووسینی ڕازیکاری، ئەوەیە کە خوێنەر بە ڕاستی و ڕەوایەتی بەڵگە و بیروبۆچوونەکانی نووسەر ڕازی بکات. هاوشێوەی نووسینی شیکاری  هەوڵ دەدات بڕوا بە خوێنەر بهێنێت کە بەڵگە و ئارگیومینتەکانی نووسەر وەربگرێت و پێیان ڕازی بێت. لە زۆربەی کاتدا شێوازەکە لە بەشی پێشەکی یان گففتوگۆ و شرۆڤەکردن بەکاردەهێنرێت کە تیایدا نووسەر یان توێژەر پێویستی بە  جەختکردن لەسەر توێژینەوە و بەشداریکردنی لە بوارەکەدا هەیە. هەروەها زۆرجار لە بەشی ڕاسپاردە و پێشنیاردا نووسەر شێوازەکە وەک تەکنیکێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دامەزراوە ئەکادیمییەکان و ڕازیکردنیان بۆ پشتگیری دارایی  پڕۆژەکانی داهاتوو بەکاردەهێنێت.

 

بەشێوەیەکی گشتی، شێوازی نووسینی ڕازیکاری لە کاتێکدا بەکاردەهێنرێت کە نووسەر هەوڵ بدات خوێنەر سەبارەت بە بابەتێک لەگەڵ خۆیدا هاوڕا بکات، یان بە مەبەستی ڕازیکردنی خوێنەران و کڕیاران بۆ کڕینی کاڵا و بەرهەمی بازرگانی، یاخود بە مەبەستی گۆڕینی ئاراستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان. گرنگترین تایبەتمەندییەکانیشی بریتین لە خستنەڕووی کێشەکان بە ڕوونی، ڕیزبەندیکردنی بەڵگەکان بە پێی گرنگیان لە کەمەوە بۆ زۆر، هەروەها خستنەڕووی دەرەنجامێکی بەهێز بۆ ڕازیکردن.


نووسینی ڕەخنەیی(Critical writing) بە هەنگاوی دوای نووسینی ڕازیکاری دادەنرێت و یەکێکە لەو شیوازە باوانەی کە لەسەر ئاستی خوێندنی باڵا لە زانکۆ و ناوەندە زانستییەکان بەکاردەهێنرێت. ئەم شێوازە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی نووسینی ڕازیکاری لەخۆگرتووە لەگەڵ تایبەتمەندییەکی تر کە خستنەڕووی بیربۆچوونی کەسێکی ترە بە لای کەمەوە. لە شێوازی نووسینی ڕازیکاریدا پێویستە نووسەر بۆچوونی خۆی سەبارەت بە پرسێک یان بابەتێک بخاتەڕوو، بەڵام نووسینی ڕەخنەییدا پێویستە بیر لە خستنەڕووی زیاتر لە بۆچوونێک لەگەڵ بۆچوونی خۆی بکاتەوە. بۆ وێنە دەشێت نووسەر ئارگیومێنت یان بەڵگەکانی توێژەرێک بخاتەڕوو و پاشان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات، یان لێکدانەوە بۆ جێگرەوەی خۆی بکات. وتاری ڕەخنەیی، هەڵسەنگاندنی ئەدەبی، یان پێداچوونەوە بە توێژینەوەکانی پێشوو بە مەبەستی دەرخستنی خاڵەبەهێز و لاوازەکانیان لە دیارترین نموونەی نووسینی ڕەخنەیین. گرنگترین ڕێکارەکانیشی بریتین لە ڕەخنەگرتن، تاوتوێکردن، وەڵامدانەوە و هەڵسەنگاندن.

 

نووسینی ڕەخنەیی بە مەبەستی شیکردنەوە یان هەڵسەنگاندنی دەقێکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت. هەر جۆرە نووسینێک کە تیایدا ڕەخنە لە بابەتێک گیراوە ناچێتە خانەی نووسینی ڕەخنەییەوە، بۆ وێنە ڕەخنەگرتن لە فیلمیک لە لایەن کەسێکەوە کە تەنها حەزی لە فیلمەکە نەبووە. نووسینی ڕەخنەیی لەبنەڕەتدا بریتییە لە شیکردنەوەی کارێک یان دەقێکی دیاریکراو نەک بڕیاردان لەسەر دەقەکە، ڕێگە بە کەسی ڕەخنەگر دەدات لە ڕێگەی شێکارێکی ڕەخنەگرانە بۆ دەقەکە دەنگی ئەکادیمی خۆ یدەربخات. یان ئەوە دەخاتە ڕوو کە بۆچی پێویستە ئەنجامی توێژینەوەیەک پەسەند بکرێت یان ڕەتبکرێتەوە، لە ئەگەری پەسەندکردن ئارگومێنتێک بە بەڵگەوە دەخاتەڕوو کە پشتگیری لە ڕەوایەتی ئەنجام یان سنوورداری ئەنجامە بکات.


بەشێوەیەکی گشتی نووسینی ئەکادیمی پێویستی بە کارامەیی و شارەزاییەکی زۆری نووسەر لە بنەماکانی نووسینی ئەکادیمی هەیە. پێویستی بە تێگەیشتن لە پرسی بابەت و وردەکارییەکانی بابەت و کارامەیی لە ڕێکخستنی پێکهاتەی بابەت و شیکردنەوە و لێکدانەوە و خستنەڕووی بەڵگە و بیرۆکەکان سەبارەت بە بابەتی نووسین هەیە.

 

شەیری بکە لە: